سەردێڕ:

عێراق، دووانەی سوپاو حەشدی شەعبی

8/26/2019 12:49:58 PM
3128 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی  سوپای عێراقی لە ٦ کانونی ١٩٢١  دامەزرا سەرەتا لە لایەن زۆرێک لە ئەفسەرەکانی پێشووی سوپای عوسمانی بە  سەرەتایەکی ھاوسەنگ و پیشەیی باش کە ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی تێدا بوو بە تایبەتی بەشێکی باش لە فەرماندەوسەرکردەکانی لە ئەفسەرە کوردەکانی وەکو جەعفەر پاشا عەسکەری و بەکر سدقی و زۆری تریش، دواتریش یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملی لە عێراقدا پیادەکرا.
بەڵام لە دوای کودەتای دووەمی  بەعسیەکان لە ١٧ تەموزی ١٩٦٨ ئەو سوپا لە پرنسیبە سەرەتاییەکانی خۆی لای داو مۆنۆپۆڵکرا بۆ پێکھاتەیەکی دیاری کراو و حزبی بەعس بە تایبەتی، تا لە لایەن پۆل بریمەری حاکمی ئیداری ئەمریکا لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق ئەو سوپایە ھەڵوەشێندرایەوە.
 دواتر سەرلەنوێ سوپایەکی تازە بۆ عێراق دروستکرا لە ھەموو پێکھاتەکان و یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملی ئیجباری ھەڵوەشایەوە بەڵام ئێستاش ھاوسەنگی تێکچووەتەوە لە سوپای نوێ ی عێراقدا ئەو یاساییەی کە بۆی دەرکراوە بە تەواوەتی جێ بە جێ ناکرێ، ئەوەش ئاکامەکەی بوو کە ٢٠١٤ نەیتوانی خۆی بگرێت بەرامبەر پەلاماری داعش.
ھەر لە ئاکامی ئەو ھەرەسە گەورەی سوپای عێراق مەرجەعیەتی باڵای شیعەی عێراق کە خۆی لە سەید سیستانیدا دەبینێتەوە، بانگەوازو فتوای نەفیری گشتی بدات و حەشدی شەعبی پێکبھێنن بۆ پاراستنی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە و پاراستنی حکومەتی عێراق کە شیعە سەرکردایەتی دەکرد لە شاڵاوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).
ھەر بۆیە ھەموو لایەن و حزبە شیعەکانی عێراق لە دوای فتواکەی سەید سیستانی کەوتنە خۆیان و ھەریەکە بۆخۆی ھێزێکی چەکدار ی دروستکرد کە دوایی بووە ناوکی حەشدی شەعبی، دواتر حەشدی شەعبی بە خێرایی گەشەی کردوو بووە  ژمارەیەکی قورس لە ھاوکێشەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی عێراق، تەنانەت جێ ی بە ھێزە ئەمنیەکانیش لێژ کردوو و پێگەی ئەوانیشی پڕکردەوە، بە سوپای عێراقیشەوە و بوو بە خاوەنی زەبەلاحترین بوودجەو سەرەڕای بایکۆتی ھێزەسوونییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران  یاسای بۆ دەرکراو بوو بە شێک لە سیستمی بەرگری عێراق .
لە دوای پێنج  ساڵ ئێستا حەشدی شەعبی ھێزێکی گەورەیە و تەنانەت لە دوا ھەڵبژاردنی عێراقدا لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٨ بەشداری ئەو پرۆسەیان کردو لە ھێزێکی سەربازییەوە بوونە ھێزێکی سیاسیش کە بەشداری لە حوکمڕانی عێراقدا بکەن و نەخش و ئەجندای خۆیان ھەبێت بۆ ئایندەی عێراق .
لە ھەمان کاتیشدا حەشدی شەعبی ھەر بە ھێزی سەربازی و سیاسیەوە نەوەستاوە بەڵکو بە کردنەوەی دەیان و سەدان نووسینگەی ئابووری  زۆر لە ناوچە ئازادکراوەکانی بندەستی داعش  ئێستا بووەتە  خاوەن و ھاوبەشی ھەموو پرۆژە بازرگانی و وەبەرھێنانەکان لەو ناوچانەدا کە ئەمەش سەرچاوەیەکی گەورەی داھات و کۆکردنەوەی سەرمایەیە بۆ حەشدی شەعبی .
ئێستا کە بنکەو بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند شوێنێکی جیادا کەوتوونەتە بەر ھێرشی فڕۆکەی نەناسراو بەتایبەتی سەربازگەی سقور لە باشوری بەغدا و سەربازگەی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین کە چەک و جبەخانەکانیان بە ئامانج گیراوەو زیانی زۆریان بەرکەوتووە کە ھەندێک ئیسرائیل و ھەندێکی دی ئەمریکا بە ئەنجامدانی تۆمەتباردەکەن، لە ناو حەشدی شەعبی و بە تایبەتی چەند کەسایەتیەکی شیعە لە تاقمەکەی نوجەبا  سوپای عێراق بە بەکرێگیراوی ئەمریکا وەسف بکەن وداخوازی ئەوە بکەن کە سوپای عێراق ھەڵبوەشێنرێتەوە و حەشدی شەعبی جێگەی بگرێتەوەو ھەندێکی تریان بڵێن ئەو سوپاییەی کە بریمەر دروستی کردووە خێری بۆ عێراق نابێت .
ھەرچەندە ھەندێک لە لایەنە شیعەکان و لایەنە عێراقیەکان بە تەمای ئەوە بوون کە سەید سیستانی لە دوای تەواو بوونی شەڕی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی داعش فەتوای ھەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بدات، وەکو دەیان وت ئەو فتوای ناوبراو بۆ حاڵەتێک و دۆخێکی تایبەت و مەترسییەک دراوەو و ئێستا ئەو مەترسیە نەماوەو پاساو بۆ مانەوەی حەشدی شەعبیش نەماوە، بەڵام عادل عەبدولمھدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی عێراق بڕیار ی تێکھەڵکێشکردنی حەشدی بە سوپاو ھێزە ئەمنیەکانی عێرا دا تاوەکوە ٣١ مانگی تەمووزی ٢٠١٩ ڕابردوو، بەڵام پێناچێت ئەو بڕیارە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت .
ئەمانەو جگە لە گلەیی و گازندەو ڕەخنەی توندی ھێزە سوونیەکان کە باس لە پێشێلکاری گەورە دەکەن لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکانیان و لە ھەمان کاتدا گومانی گەورەیان لە قەبارەی ھێزەکە ھەیە کە دەڵێن بە لیستی مووچەکانیان بێت ١٥٠ ھەزار کەسن بەڵام خۆیان لە ڕاستیدا ٦٠ ھەزار کەسن .
ماوەتەوە بڵێین لە عێراقی نوێ ی ئیتیحادی و دیموکراسی دروستکردنی ھێزی چەکدار لە سەر بنەمای تائیفی و ئتنیکی لە چ یاساو دەستوورێکدا جێ ی دەبێتەوە  یان بۆمبێکی سامناکە ھەرکات بخوازن دەتەقێتەوە.