سەردێڕ:

یەمەن ئەو زەلکاوەی کە سعودیە و ئیمارات تێیدا چەقیون

8/19/2019 10:06:29 AM
2604 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی لەناو جیھانی عەرەبیدا ئەو وتە باوە ھەیە کە یەمەن خاکێکی  سەخت و لە  گیران نەھاتووە و لە  ڕابردووشدا  ھیچ داگیرکەرێک نەیتوانیووە تا سەر دەستەمۆیان بکات و بندەستیان بکات، ئەمەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێننەوە و ئەوانیش :

١.سروشتی خەڵکەکەی کە ھەر بە جەنگاوەری لە دایک دەبن  وەکو خۆیان دەڵێن و وتەی باوە.

٢.ھەڵکەوتەی خاک و جوگرافیای وڵاتەکە بە شاخ و چیا بەردین و بەرزەکانی و دۆڵ و شیوە قووڵەکانی .

٣.توانای خۆڕاگری و ئارامی بۆ برسێتی ولێزانی لە ھونەری جەنگ و بچووکی جەستە و لەش و لاریان کە دەتوانن لە کونجێکی بچووکدا خۆیان حەشاربدەن و خۆیان بە دڕک وداڵ دابپۆشن مەتارەیەکی بچووکی ئاو لەگەڵ خۆیان ھەڵبگرن لە تەک چەند دەنکە خورمایەک تا کات و ساتی گونجاو دەست لە دوژمنەکانیان بوەشێنن .

لە مێژووی یەمەنییەکانیشدا زۆر نموونەی ئارامی و خۆڕاگری  قایم و تاقەت پڕوکێن ھەیە لە چاودێری جموجوڵ و  ھێڵی ھاتوچۆ و پێکھاتەی ھێزی نەیارەکانیان و ڕاکێشانیان بۆ شەڕی وەھمی و دواتر بردنەوەی شەڕەکە .

بۆیە لە مێژووی نوێی یەمەندا، یەمەنییەکان توانیان زۆر داگیرکەر و پەلاماردەری خاکەکەیان ببەزێنن و وەدەریان بنێن سەرەڕای ھەژاری و نەبوونی بەو توانا و عەزیمە سەرسوڕھێنەرەیان بە حوکمی جوگرافییەکەیان کە پێشتریش ئاماژەم پێداوە، شتێکی تری باوی یەمەن ھەیە کە زۆرینەی یەمەنییەکان بەکاریدەھێنن ئەویش ڕووەکی ( قات )ە کە جۆرێک مادەی ھۆشبەری تێدایە خۆیان دەیڕوێنن و زۆر ئاساییە بە لایانەوە و وەکو بنێشت لە دەمیاندایە دەیجون .

بەڵێ لەمێژووی نوێی یەمەندا ئەمە یەکەمجار نیە عەرەبستانی سعودیە پەلاماری یەمەن بدات ھەر لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە عەرەبستانی سعودیە بە ھاوکاری بەریتانیا و ئەمریکاش، مەلیک سعود کوڕی عەبدولعەزیزی پادشای دامەزرێنەری شانشینی عەرەبستانی سعوودیە حەز و خواستی لە فراوانکردنی شانشینەکەی ھەبوو ئەویش بە کەڵک وەرگرتن  لە ھەژاری و لاوازی بێ توانایی و لاوازی  حوکمی ئیمام ئەحمەد حەمیدەدین، بەڵام دواتر ئیمام  توانی بە کەڵک وەرگرتن لەو ڕق و بێزارییەی کە خەڵکی یەمەن بەرامبەر بە خەڵکی بیابانی نەجد و حیجاز ھەیانبوو بەرپەرچی ھێڕش و دەستدرێژییەکانیان بداتەوە کە بە سەرکردایەتی شازادە فەیسەڵ کوڕی عەبدولعەزیز بوو، دواتر شا عەبدولعەزیز فەرمان بە پاشەکشەی ھێزەکەی بکات و ھەوڵی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە بدات لە گەڵ یەمەن .

ھەرچەندە شێخ زایدی بنیاتنەری دەوڵەتی ئیمارات لە بنەچەدا لە خێڵەکانی یەمەنە و کاتێکیش بەنداوی مەئرەبی سەرلەنوێ لە سەر بودجەی خۆی دروستکردەوە لە یەمەن لە لافیتەکانی پێشوازیدا یەمەنییەکان نووسیبوویان بەخێرھاتنی ڕۆڵەی یەمەنی لێھاتوو شێخ زاید دەکەین .

لە ئێستاشدا لەم ھەڵمەتەی کە دەکرێتە سەر یەمەن لە لایەن ھاوپەیمانی عەرەبی کە عەرەبستانی سعودیە سەرکردایەتی دەکات ئیماراتیش بەشدارە، بەڵام لە بەشی باشووری یەمەن کە عەدەن پایتەختەکەیەتی و پێگەیەکی جوگرافی گرنگی ھەیە کە دەریای عەرەب بە ئۆقیانووسی ھندییەوە دەبەستێتەوە .

لە دوای ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی ڕاپەڕینی خەڵکی یەمەن دژ بە دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵا ساڵح و لە کار لابردنی و دواتر کوژرانی عەلی عەبدوڵا ساڵح لە لایەن حوسییە ھاوپەیمانە تازەکانییەوە، ئەو وڵاتە بووە  خاکێکی بە پیت بەھۆی دروستبوونی بۆشایی سیاسی و  نەبوونی دەوڵەت و سوپای بەھێز و دابەشبوونی ئتنیکی و تائیفی کە بەشێک لە یەمەن سەربە مەزھەبی زەیدی بن کە نزیکە لە مەزھەبی شیعەوە و بەشێکی تریشی شافیعی و سوننە بن کەوا عەرەبستانی سعودیە پەلاماری بدات بە سوپایەکی زۆر لە وڵاتانی کەنداو سودان دواتر ھەندێکیان کشانەوە .

ئێستا لە دوای پێنج ساڵ لەو شەڕە ھاوپەیمانی عەرەبی نەیانتوانی بە شەڕ کێشەی یەمەن یەکلایی بکەنەوە بە تایبەتی کە ئێران کۆمەکی حوسییەکان دەکات بە ھەموو جۆرێک وسعودیە و ھاوپەیمانەکانیشی ھاوکاری و پشتیوانی حکومەتەکەی عەبد ڕەبە مەنسوور ھادی دەکەن، ئاکامەکەی وێرانبوونی یەمەن و کوژارنی سەدان ھەزار کەس لە خەڵکی داماوی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و ئەم وڵاتانەش ھەریەکە و بەرژەوەندی و ئامانجی تایبەتی خۆی لەو شەڕە ھەیە و سەرەڕای دۆڕان و شکستیان  عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات ئازایەتی ئەوەیان تێدا نیە دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و لەو زەلکاوەدا چەقیون چاوەڕوانی فریادەڕەسێکن .