سەردێڕ:

ھۆشداریی لە گەڕانەوەی داعش

8/4/2019 2:48:39 PM
3608 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ڕاپۆرتێکی وەرزی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN )  ھۆشداریی لەوە دەدات کە سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام  سەرگەرمی نەخشە و پلانن بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە تایبەتی ئەو تاقمانەیان کە ئێستا لە نێوان عێراق و  سوریادان بۆ ئەوەی دەست بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان بکەنەوە و پەلاماری زۆر ئامانجی گرنگ و ھەستیار بدەن  نەک ھەر لە عێراق و سوریا، بەڵکو لە ھەموو جیھاندا .

ھەروەھا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرکردە و فەرماندەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) لە ھەوڵی ئەوەدان کە خۆیان بگونجێنن و لەگەڵ بارودۆخی نوێیاندا یەکبگرنەوە و بمێننەوە لەو ناوچانەی کە لە بنەڕەتەوە ماون تێیدا و شانەی نووستووی نوێ پێکبھێنن لەسەر ئاستی ناوخۆ و پەلاماری دەرەوەش بدەن، ھەر کاتێک  ڕووبەروو کاتی پێویستیان بۆ گونجا .

لە لایەکی ترەوە ڕاپۆرتەکە ھۆشداریی پێویست دەدات لەوەی کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە کاری جدی و بەردەوامدایە بۆ ئەوەی خۆی بگۆڕێت بۆ تۆڕێکی ڕێکخراوی نھێنی بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە دوای لەدەستدانی دوا پێگەیان لە شارۆچکەی باغۆز لە ڕۆژھەڵاتی سوریا لە لایەن ھێزەکانی ھەسەدەوە لە مانگی ئازاری ڕابردوو ٢٠١٩، ھەروەھا باسی ئەوەشی کردووە ڕاپۆرتەکە کە ئەبوبەکر بەغدادی  ئەمیری ڕێکخراوەکە زۆربەی کاتی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق بە سەر دەبات .

ھەر ھەمان ڕاپۆرت لە چەندین دەزگای ھەواڵگری سەر بە  وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی دەستکەوتووە کە ئەو دەزگانە پێشبینی ئەوە دەکەن و لەو باوەڕەدان کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی جارێکی تر لە عێراق و سوریا سەرھەڵ بدەنەوە و دەست بە کار و کردەوەی تیرۆریستی قێزەون بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تا ئێستاش نزیکەی ١٠ تا ١٥ ھەزار چەکداری ھەبێت و زۆربەیان بە شانەی  نھێنی و نووستوو خۆیان مەڵاس دابێت .

ھەروەھا ڕاپۆرتەکە پێداگیری لە سەر ئەوە دەکات کردەوەکانی ڕێکخراوەکە زیاتر لە عێراق پێشکەوتووتر و بەھێزترە وەک لە سوریا و تا ئێستاش بە شێکی زۆری ئەندام و لایەنگرانییان بە ئازادی دەجووڵێنەوە لە بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا، ھەر بۆیەش تا ئێستا لە زۆر شوێن پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەن و کاری توندوتیژی ئەنجامدەدەن و بە تایبەتی ئەوەی ئەمساڵ لە وەرزی دروێنەی کشتوکاڵدا ئەنجامیان دا بە سووتاندنی بەروبوومی دانەوێڵەی جوتیاران لە بە شێکی زۆری عێراق و سوریا ئامانجیان ئەوەیە کە ئاژاوە و بشێوی و دۆخێکی نا سەقامگیر بێننە ئاراوە کە خەڵکی ئەو ناوچانە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵ و حاڵی خۆیان و درێژە بە دۆخی شەڕو بەرەڵایی و بێسەروبەری بدەن .

جگە لەم ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ئەمریکیش ھەیە کە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ دەری کردووە کە پەیمانگایەکی ناحکومیە و بارەگاکەی لە واشنتۆنە و ٧٦ لاپەڕەیە باس لەوە دەکات کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ھێشتا نە ڕووخاوە خۆی ساز دەدات بۆ ئەوەی سەرلە نوێ بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی شەڕو ململانێ  بە شێوەیەکی دڕاندانەتر و ھۆڤی تر لە جاران سەرەڕای ئەوەی ھەموو خاکەی کە دەوڵەتەکەی لەسەر ڕاگەیاند لە دەستدا .

ئەم ڕاپۆرتەش ئاماژە بەوە دەدات کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی  لە ئێستادا زۆر بە ھێزترە کە خاوەنی نزیکەی ٣٠ ھەزار چەکدارە لە عێراق و سوریا بە گوێرە خەمڵاندنی ئاژانسی ھەواڵگری ئەمریکا  لە  ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە ساڵی ٢٠١١ کە خاوەنی ٧٠٠ تا ١٠٠٠ چەکدار بوو کە توانییان ببنە ناوکی ھێزێکی گەورە کە  دواتر فەلوجە و موسڵ و سێیەکی  خاکی عێراق و بەشێکی زۆری ڕۆژھەڵاتی سوریا داگیربکەن .

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین حکومەتی عێراق و  ھاوپەیمانان چیان کردووە بۆ ئەوەی ڕێ بگرن داعش بێتەوە و ببێتە میوانی ناوەختی عێراقییەکان یان ھەر خەریکی ململانێی نابەجێ و خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی دەستوور و خۆ سەپاندنن بە سەر یەکتردا .