سەردێڕ:

کۆبوونەوەکانی ھەرێم و ناوەند لە سەنگی مەحەکدا

7/29/2019 1:22:47 PM
2455 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

عێراقی بەھێز ئەو عێراقە دەبێت کەوا بەرەی ناوخۆیی پتەو و ھاوسەنگ و گونجاو سازاو بێت لە فۆرمێکدا کە ھەموو پێکھاتەکانی پابەندی دەستوورەکەی بن کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە سەختترین دۆخی ئەوسای عێراقدا ڕاپرسی لە سەرکراو نزیکەی لە ٨٠% ی زیاتری گەلانی عێراق دەنگیان لە سەری دا بە بەڵێ.

بەم ڕێککەوتن و پێکھاتنە درز و دەرگا و کەلێن دادەخرێت دەستی دەرەکی بەئاسانی دەست وەردەنە کایە جیاوازەکانی دەوڵەتی عێراقەوە ھەر لە سەرەوە بۆ خوارەوە, ڕێگردەبێت لەوەی وڵاتانی ئیقلیمی کێشەو ململانێکانیان لە سەر خاکی عێراق یەکلایی بکەنەوەو خۆیشیان بینەری بن.

ئەگەرچی ئەم کێشانەی لەم ساڵانەی دواییەدا سەریان ھەڵداوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراقدا لە ئاکامی ساردی و دوور کەوتنەوەو لێک تێنەگەیشتن ھاتنە ئاراوە لە سەر پرسی نەوت و سامانی سروشتی دواتر بڕینی بوودجەی ھەرێمی لێکەوتەوە لە سەردەستی نوری مالیکی و دواتر عەبادی ئەگەرچی پێشتر کێشەو ململانێکانی ئەو دوو حکومەتە لە سەر پرسە گرنگەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستوور و ھێزی پێشمەرگە و دواتر دەرھێنانی نەوت و غاز بوو و دامەزراندنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئیتیحادی عێراق بوو کە زۆر لەوانە تا ئێستاشی پێوە بێت دانەمەزراون.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان ھەردوو لادا ئەوەمان پێ دەڵێت کە خواست و ئارەزوویەکی جدی ھەیە لە نێوان ھەردوولادا بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجاری و کۆنکرێتی بۆ ئەو کێشانە لە چوارچێوە و لە ژێر چەتری دەستووری عێراقدا, چونکە مسەلەی فرۆشتنی نەوت و دابینکردنی مووچە و بوودجەی پێویست بۆ کارمەندانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا وەگەڕخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە کارە ھەرە لە پێشینەکانی کابینەی نوێیە و شتگەلێکن کە ئیتر قابیلی ھیچ سازش و دواکەوتنێک ناکات.

ئەگەر حکومەتی نوێ ی ھەرێم ئەم کێشە ھەنووکەییانەی چارەسەرکرد دواتر دەست کراوە دەبێت بۆدۆزینەوەی چارەی دروست و دەستووری بۆ  کێشەو قەیرانە قورسەکان ئەویش بنیاتنانی دامودەزگاکانی دەوڵەتی فیدراڵی ئیتیحادی عێراقە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوورە  و پڕکردنەوەی پشکی کورد لە ھەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق بە کەسانی بە تواناو لێھاتوو پڕۆفیشناڵ کەسی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو.

لەوانەش گرنگتر ئێتر ھەردوو حکومەت دەستکراوە دەبن بۆ بە گژاچوونەوەی ئافاتە گەورەکەی گەندەڵی کە ھەردوو لا دان بەوەدا دەنێن کە گەندەڵی گەورە ھەیە و ھەردوو لاش بڕیاریانداوە ڕووبەڕووی ببنەوە چونکە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە گەورەترین تاوانی بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی عێراق ئەنجامدراوە و گەندەڵکاران وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و ئازادن و دەستی یاسا و داد پەروەرییان پێ نەگەیووە.

بۆیە ئێستا ھەردوو حکومەتی ھەرێم و ناوەندی لە بەردەم سەنگی مەحەک و گەورەترین ئەزمووندان چونکە شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعش کۆتاییھاتووە و ھیچ پاساوێک نەماوە بۆ خۆدزینەوەو خەمساردی بەرامبەر ئەم پرسە چارەنووسسازانە کە پەیوەندی بە پارووی دەمی ھەژارانی ئەم وڵاتەوە ھەیە لە ھەمانکاتدا گەندەڵی لە تیرۆر سامناکترە ئەگەر زوو  فریاینەکەون و بنبڕی نەکەن.

ماوەتەوە بڵێین پابەندنەبوون بە دەستوور ڕێکنەکەوتن لە نێوان پێکھاتەکانی عێراقدا ئاوکردنە بە ئاشی دوژمنانی عێراق و درێژەدانە بە تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی ڕەوت و بزاڤی توندڕەو و وەحشیترە لە ئەلقاعیدە و داعش و گەڕانەوەیە بۆ  گۆڕی کۆمەڵ و شەڕی تائیفی و ئتنیکی کە خەڵکی ئەم وڵاتە بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە زۆر نیگەران و بێزارن لێ ی ھەر ئەوەشە وای لە زۆرێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە کردووە کە سەری خۆیان ھەڵگرن و ڕێگەی ھەندەران و غوربەت و نامۆیی بگرنە بەر و سەدانیان لە ئاوەکانی ئیجەدا ببنە خۆراکی قرش و دڕندەکان .
نا بۆشەڕ نابۆ توندوتیژی وتوندڕەوی بەڵێ بۆ ئاشتی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان .