سەردێڕ:

تورکیا لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیادا

7/23/2019 11:18:23 PM
3929 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە سەرەتای دامەزراندنی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەنتیکەوە واتە ( ناتۆ )  ئەندامێکی کارایەوە تا یەکلایی بوونەوەی شەڕی ساردو ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانی ( وارشۆ ) سەربە یەکێتی سۆڤیەتی جارانیش پێگەو ڕۆڵی کاریگەری ھەبوو.

ئەگەرچی سیستمی بەرگری و سەرچاوەی ھەموو چەک و تەکنۆلۆجیای سەربازی تورکیا  لە ھاوپەیمانی ناتۆەوەو بووە، ئێستا بە پێچەوانەی ھەموو پرنسیب و بنەماکانی ئەو ھاوپەیمانێتیە تورکیا سیستمی بەرگری S٤٠٠   ڕوسی کڕی و سەرباری نیگەرانی و گلەیی و گازندەکانی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند بەشێکی سیستەمەکەی وەرگرت و وا چاوەڕوان دەکرێت تا مانگی نیسانی ٢٠٢٠ تەواوی سیستمەکەی ڕادەست بکرێت .

پاساوەکانی ئەردۆگان بۆ کڕینی ئەم سیستمە

  پاساوی تورکیا بۆ کڕینی ئەم سیستمە ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆبامای دیموکراسی داوای کرد بوو  کە ئەمریکا سیستمی بەرگری باتروێتی ئەمریکی پێ بفرۆشن، بەڵام کۆنگریسی ئەمریکا دواجار قایل نەبوو ئەو سیستمە بە وڵاتەکەی بفرۆشرێت و ھیچ ئەڵتەرناتیفێکیشی بۆ دیاری نەکردن. لە لایەکی ترەوە سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان ڕیگەیاند کە کڕینی سیستمی S٤٠٠  لە لایەن تورکیا دەبێتە ھۆکاری بەھێزی ھاوپەیمانی ناتۆ و بۆیە دەبێتە ناتۆ خۆشحاڵ بێت بەم ھەنگاوە، ھەروەھا ئەوەشی وت کە حەزدەکەن سیستمی باتریۆتی ئەمریکیش بکڕن ھاوشانی S٤٠٠  ی ڕوسی 

کاردانەوەی ئەمریکا

 ھەر لە سەرتای سەرھەڵدانی ئەم باس و خواستەی کڕینی سیستمی بەرگری ڕوسی لە لایەن تورکیاوە، ئەمریکا ھەڕەشەی ئەوەی لە تورکیا کرد ئەگەر ئەو سەودایە جێبەجێ بکات ئەوا بۆندی کڕینی فڕۆکە F٣٥  ئەمریکی کە لە گەڵ تورکیادا واژۆ کراوە ھەڵدەوەشێننەوە لە کاتێکدا واباس دەکرێت کە تورکیا فڕۆکەیەکیشی وەرگرتبێت و فڕۆکەوانە تورکەکان لە ئەمریکا مەشق و ڕاھێننانی لەسەر دەکە، لەبەرامبەرھەڵوێستەکانی ئەمریکاشدا ئەردۆگان دەڵێت ئەمانە لە ڕەفتاری ھاوپەیمان و دۆست ناچێت کە ئەمریکا لە گەڵ ئێمەی دەکات، چونکە ئێمە لە گەڵ نۆ وڵاتی تر ھاوبەشین لە بەرھەم ھێنانی فڕۆکەی F٣٥  تا ئێستاش یەک ملیارو چوارسەد ملیۆن دۆلارمان داوە لەو پێناوەدا.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێین کە ناکۆکی ئایدیۆلۆجی تورکیا و ناتۆ لە سەرەتای  حوکمڕانی ئەکەپەوە سەری ھەڵدا ئەوکات کەبوارییان بە تورکیا نەدا خاکی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ پرۆسەی ئازادی عێراق بەکاربێت ناکۆکی بۆچوونەکانیان لە سەر زۆرێک لە کێشەو قەیرانەکانی ناوچەکەبە تایبەتی لە سوریا پێدەچێت تورکیا بە یەکجاری سەنگەری خۆی بگوێزێتەوەلە رۆژئاواوە بۆ ڕۆژھەڵات .