سەردێڕ:

بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ ئێران

7/20/2019 1:49:49 PM
4362 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەوەی دواجار بڕیاری کۆتایی دەدات لە سەر ھەموو پرسە چارەنووسسازەکان لە ئەمریکا دا بە گوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە ئەوە سەرۆک کۆمارە بە گوێرەی سیستمی ئەمریکا سەرۆک خاوەنی بڕیاری کۆتایی و یەکلا کەرەوەیە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەش ھەبێت ، جگە لەوەش سەرۆک خۆی فەرماندەی گشتی ھێزی چەکدارە و بۆیە ترەمپ ھیچ سڵ ناکەتەوە لەوەی ڕاوێژو پێشنیاری تیمی ڕاوێژکاران و یاریدەدەرکانی بۆ سیاسەتی دەرەوە  بەلاوە بنێت ، ھەروەکو ئەوەی ڕویدا لە کاتی کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ( ٥+١) لە گەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ و یان ئەوەی لەم دواییانەدا ڕوویدا کاتێک لە چرکەساتەکانی دوایی بڕیاری پەلاماری ئێران پاشگەزبووە و کاتێک فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە ، چونکە لە ھەردوو بارەکەدا بڕیاری خۆی بوو پێچەوانەی بڕیاری تیمی ڕاوێژکاران و یاریدەدەرانی سیاسەتی دەرەوە  یەکلایی کردەوە .

ھەموو ئەو بڕیارانەش لە بۆچوونێکی سەرۆک ترەمپەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەمریکا دەتوانێت بە سزاو ئابڵووقەی ئابووری و فشاری توند و تۆڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکات ڕێککەوتنێکی نوێ لە جێی  ڕێککەوتننامەی (٥+١) لە گەڵدا واژۆ بکات کە زیاتر جێی ڕەزامەندی ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش بێت .

بەڵام بۆ بەد بەختی سەرۆک ترەمپ تا ئێستا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران  بە ھەموو جۆرێک پێشنیارو داخوازییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ دانوستان و دایەلۆگ بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ ڕەت دەکەنەوە سەرباری زیان و لێکەوتە قورس و ئازاربەخشەکانی سزاو فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چونکە وەکو ترەمپ دەڵێت تا ئێستا سزای وا بە سەرھیچ دەوڵەت و لایەنێکدا نەسەپێنراوە و بێ نەزیرە .

بۆ ترەمپ حەزی لە وتوێژە ؟ بۆ ئێرانیش قایل نابێت ؟

سەرۆک ترەمپ ناخوازێت ئەمریکا بگلێنێتە ناو شەڕێکی ترەوە ھەروەکو بەڵێنی بە دەنگدەرەکانیشی داوە کە ئەمریکا بەرەو شەڕی نوێ بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین نەبات واتە بنکەی جەماوەری سەرۆک و تەنانەت خۆیشی پێیان خۆش نیە بچنە شەڕێکی تازەوە لە ناوچەکە و لە گەڵ ئێران دا، ئێرانیش دەزانێت ئەمریکا وا بە ئاسانی پەلاماری نادات لە بەرئەوە تا بۆی بکرێت ئارام دەگرێت و مل بە داخوازییەکانی ئیدارەی ترەمپ نادات سەرەڕای قورسی بارەکەی و لێکەوتە کاریگەرەکانی سزا توندەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا نابێت ئێرانییەکان ئەوەندەش بێ خەم بن کە ئەو بۆچوونەی ترەمپ دەیانپارێزێت و شەڕ ڕوونادات و پەلامار نادرێن بەڵکو ڕوودانی ھەر ھەڵەیەکی تەنانەت بچووکیش بێت بەرامبەر  بەرژەوندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بۆی ھەیە ئاگرێکی وای لێ بکەوێتەوە کە تەڕو و وشک بە یەکەوە بسووتێنێت .



ئەوەی تا ئێستا ڕوون و ئاشکرا نیە لە سیاسەتی ئەمریکادا لە مەڕ ئێران نەبوونی دیدێکی دیاری کراوە بۆ ھەڵسووکەوت لە گەڵ ئێراندا ھەر ئەوەشە وای کردووە کە جۆرێک لە شڵەژان و لێڵی بە وتەو کردەکانی ئەو وڵاتەوە دیار بێت لە پاش کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی (٥+١) لە ٨ مایۆی ٢٠١٨ ئەویش ئەو داخوازییانەیە ھێشتا پێناچێت ئیدارەی ترەمپ یەکلایی بووبێتەوە لە سەر جێگیرکردنیان چونکە تا ئێستا ھەر ڕۆژەی لێدوانێک و توێتێکی ترەمپ و ستافەکەی دەبیستین ئایا دەخوازن :

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕن یان سزای بدەن ؟

یان ڕێککەوتنامەی (٥+١) بە شێوەیەکی نوێ دابڕێژنەوە یان ھەمواری بکەنەوە؟

یان دەخوازن ئێران لە ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دابڕن و جیابکەنەوە؟

یان دەخوازن سوود لەم ھەڕەشانەی ئێران وەربگرن بۆ ئەوەی ھاوپەیمانێتییەکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمە  میانڕەوە  عەرەبیە سوونیەکانی ناوچەکە پێک بھێنن ؟

تا ئێستا ئامانجی واشنتۆن جێگیر نیە چ دەخوازێت لە ئێران ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت ھەرچەندە ئەگەر جارجار جۆرێک لە خاوی و شل بوونەوە بە ھەڵوێستەکانیاندا دیارە بەڵام لە کۆتاییدا ھەر پێداگری لە سەر ١٢ خاڵەکەی بۆمبیۆ  دەکەنەوە.