سەردێڕ:

لەسەرو بەندی ڕاگەیاندنی کابینەی نۆدا دنیاییەک ھیواو ئامانج

7/14/2019 11:34:20 PM
1931 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ڕۆژی ١٠ تەموزی ٢٠١٩ دواجار دوای ژانێکی درێژ کە نۆمانگی خایاند کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دایک بوو، ئەو کابینەیەی کە ھەر وەکو سەرۆک وەزیرانی نوێ لە وتاری دەستبەکاربوون و خوێندنەوەی کارنامەی کابینەکەیدا وتی ملیارەھا دۆلار قەرزارە.
کارنامەی حکومەت.

ئەگەرچی پێشتریش کابینەکانی پێشوو بە ھەمان شێوە کارنامە و پلان و نەخشەڕێگای جوان و گشتگیریان دەخستەڕوو، بەڵام لە دواییدا لە بواری پراکتیکدا کۆسپ و تەگەرەی گەورەیان  دەھاتە پێش بۆیە خەڵکی ئەم وڵاتە ناھەقیان نیە ئەگەر بە وریایی و دوو دڵییەوە لە دۆخەکە بڕوانن ھەرچەندە ئەمجارە کارنامەی حکومەت لە لایەن لیژنەیەکی سێ کەسی لە ھەر سێ لایەنی سەرەکی بەشداربووی حکومەت واتە پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە نووسراوە و پێداگیری زۆری لە سەر زۆر بابەتی گرنگ و جێى بایەخی  تێدایە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت پێدەچێت گۆڕانکاری ڕیشەیی بھێنێتە ئاراوە.

لەو بابەتانەش کە یەکەم  شت سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو سەرۆک وەزیرانی نوێ وتی، دەبێت ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە چونکە خواستی ھاوڵاتیانە ھەروەھا وتی خواستی منیشە چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، ئەوەی زیاتر گرنگ بوو وتی گەندەڵی دیاردەیەکی سامناکە بەڵام نەبووەتە کولتور، لە کاتێکدا زۆرێکمان لە بیرمانە سەرۆک وەزیری پێشوو لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا وتی، گەندەڵی بووەتە کولتور بەو ھیواییەی سەرھەڵدانی ململانێ ی وا لە نێوان کۆن و نوێدا تەوژم و گوڕو تەکانێک بدات بە کابینەی نوێ کە بە دەستێک لە پۆڵا بچێتەوە بە گژ گەندەڵی و گەندەڵکاران کە لە تیرۆر مەترسیدارترە  بۆ ئێستاو ئایندەی وڵات.

جگە لەوەش بەرنامەی کاری حکومەت گرنگی و پێداگیری دەکات لە سەر زۆر خاڵی گرنگ لەوانە چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و لە مووچە خۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر ھەر سەرپێچیەک کەلەم کەرتەدا بکرێت، کارکردن بۆ نەھێشتنی ڕۆتین و بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت ولەوانەش گرنگتر نابێت و ناکرێت بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێڕی خۆیان بەکار بھێنن بۆ بازرگانی و خۆدەوڵەمەند کردن.

فاکتەرێکی تر گرنگ کە لەم کارنامەدا گرنگی پێدراوە مەسەلەی شەفافیەتە لە بواری نەوت و غاز و سامانی سروشتی کە زۆرترین گلەیی و گازندە و قسەی لە سەرکراوە کە بەڵێنی دامەزراندنی سندوقی داھاتە نەوتییەکانیان داوە.

بابەتێکی تر چاکسازی لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک وڕێکاری یاسایی بۆ ھەر سەرپێچیەک و چاکسازی لە سیستمی باج و بە شێوەیەک ھیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە دانی باج.

بابەتێکی تر کە گرنگی لەوانەی پێشووتر کەمتر نیە ئەویش ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری بازاڕ و ڕەخساندنی بواری یەکسان بۆ کۆمپانیاکان  بۆ ململانێى بازرگانی ڕەوا.

ئەمانە بە چی دەکرێت ؟

بە پشتیوانی پەرلەمان و دام و دەزگا چاودێرییەکانی تر ڕەخساندنی ئازادی بۆ لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکان بۆ ئەوەی ببن بە ئۆپۆزەسیۆنی پۆزەتیف بە ڕەخنەو سەرنجەکانیان کەموکورتیەکانی حکومەت بخەنە ڕوو ببنە چاودێرێکی وردو کاریگەر بەسەر کارەکانی حکومەتەوە. خۆشبەختانە کارنامەی حکومەت پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵی چاودێری خۆی ببینێت بە گوێرەی پەیڕەو لە ھەمان کاتیشدا مسۆگەری کاری ئۆپۆزسیۆنیش دەکات و ڕێز لە بیرو بۆچوون و داخوازییەکانیان دەگرێت.

جگە لەمانەش بەرنامەو پلانی گرنگى تێدایە بۆ ھەموو بوارەکانی دی ھەرلە خوێندنی باڵاو پەیوەندییەکانی دەرەوەو پەیوندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ودابینکردنی ھەموو خزمەتگوزارییە پێویستییەکان و بیمەی بێکاری و بیمەی تەندروستی و کەسوکاری شەھیدان و کەمئەندامان و پاراستنی ژینگەو گرنگی دان بە ژیانەوەى کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و ناحیەکان و گرنگیدان بە گەنجان و .....هتد.

لە کۆتاییدا گرنگ ئەوەیە بتوانرێت لانی کەمی ئەم کارنامە جێبەجێ بکرێت و کێشەی ئەم ھەرێمە لە ڕابردووشدا ھەر ئەوە بووە کە زۆر پلان و بەرنامەی جوان داڕێژراوە بەڵام  نەتوانراوە پراکتیزە بکرێت.