سەردێڕ:

عێراق لە نێوان دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

7/1/2019 5:24:47 PM
2080 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھەرچەندە ئەمە یەکەم جارم نیە لە سەر ئەم بابەتە بنووسم چ بۆ ھەرێمی کوردستان و چ بۆ عێراقیش ھاوکێشەی حوکمڕانی و پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی وڵات بە بێ بوونی لایەنی ئۆپۆزەسیۆن  و ڕکابەر ھاوکێشەیەکی نابەرابەرو ناو ھاوسەنگ دەبێت و ئاکامەکەی وەکو ئەوە دەبێت کە ئێستا لە عێراقدا دەیبینین کە لە شانزە ساڵی ڕابردوودا ھیچ  بەرھەمێکی ئەوتۆی نەبووە کە شایانی پێزانین و ستایش بێت واتە ئەگەر بەراوردی لایەنە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانی بکەین بێگومان نێگەتیفەکان زیاترن .
ئەمەش  بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو ساڵانەی گۆڕانکاری و پرۆسەی سیاسی عێراقدا ھەموو حزب و لایەنەکان لە ھەموو پێکھاتەکان جگە لە سوونەکان کە ھەندێکیان ئۆپۆزەسیۆنی نیگەتیف بوون ھەموو لە ھەوڵی بەشداریکردن لە حکومەت و وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتدا بوون و بیانوو پاساویشیان ئەوە بووە کە سازان پێویستە بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق و دۆخی شێواوی عێراق بەرگەی ئۆپۆزەسیۆن بوون ناگرێت، ئەگەر ئەمە تاڕادەیەک ڕاستی تێدا بێت ناکاتە ئەوەی لە بری سازان و بەرژەوەندی باڵای وڵات لایەنەکان ھاوپەیمانی ببەستن لە ئاستی ھاوبەشی و ڕێکەوتن لە سەر پەردەپۆشکردنی ھەڵەو کەموکورتی یەکتر تۆ چاو لە سەر ھەڵە و گەندەڵییەکانی من دابخە منیش ھەمان ھەڵوێستم دەبێت لەسەر ھەڵە و گەندەڵییەکانی تۆ، بە داخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو کردەوە قێزەونە بۆ چەندین جار لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی عێراقدا ڕوویداو لە میدیاکانیشەوە باسی کرا .
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم لەم وتارە کورتەدا ئەوەیە کە تازە بەتازە ھەندێک قەوارە و فراکسیۆنی پەرلەمانی لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژە بە ئۆپۆزەسیۆن بوون دەکەن و ھەندێکیشیان ڕایانگەیاندووە کە ئیتر ئەوان ئۆپۆزەسیۆنن، وەکو ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کە سەید عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات ھەرچەندە ڕایانگەیاندووە کە ئەم ھەنگاوەی ئەمان دژ بە ھیچ کەس و لایەنێک نیەو خواستی ڕووخانی کابینەکەی دکتورعادل عەبدولمھدی نیە چونکە ھەندێک دەنگۆ ھەبوو کە دەیانووت ئامانجیان ھەڵوەشانەوەی کابینەکەیە و وەرگرتنی پلەو پۆستی زیاترە، بەڵام ڕەوتی حیکمە دەبێژن ئێمە خوازیاری پێکھێنانی ناوکی بەرەیەکی ئۆپۆزەسیۆنین لەوە ھێزو قەوارانەی تا ئێستا دوودڵ و نیگەرانن لە پرۆسەی سیاسی بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراقدا .
لەلایەکی ترەوە فراکسیۆنی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاند، کە ئەوانیش دەبنە ئۆپۆزەسیۆنی ڕاستکردنەوەو چاکسازی( تقویمیە ) نیگەرانی خۆیان نەشاردەوە لە ئەدای کابینەکەی عەبدولمھدی بە حکومەتی بەشبەشێنەی تائیفیان وەسفکرد و وتیان ئێمە عەبدولمھەدییمان سەرپشک کردووە بۆ پڕِکردنەوەی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان و ھیچ خواستێکی تایبەتمان نیە دەخوازین بە دەستێک لەپۆڵا بچێت بە گژی گەندەڵکاران و بەرنامەی نیشتمانی پراکتیزە بکات، بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە لە خۆیان بوو بە دەستێک لە تەختەش نەیدا بەسەر گەندەڵکاراندا ھەرچەندە بە وتەو دروشم زۆری وت بەڵام بە کردار ھیچمان نەدی.
لەلایەکی ترەوە فراکسیۆنی سائرون کە سید موقتەدا سەدر ڕابەرایەتی دەکات و یەکەم دەنگی ھێنا لە دوا ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ لە دوای کۆبوونەوەیەکی بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لە گەڵ سەید موقتەدا لە ناوچەی حەنانەی شاری نەجەفی پیرۆز لە لایەن شیعەکانەوە کەبارەگای سەدریش لەوێیە ڕایانگەیاند :کە دەبێت عەبدولمھدی و کابینەکەی بانگھێشتی ئەنجوومەنی نوێنەران  بکرێت و لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت، لەبەرئەوەی لە شەش مانگی ڕابردوودا ھیچ شتێکی دیاری پێشکەش نەکردووە بۆ ھاوڵاتیانی عێراق و شکستی ھێناوە لە دابینکردنی ھەلی کارو و خوازیارن ڕاپۆرتێکی ڕوون و درێژ لە سەر کارو چالاکییەکانی بخاتە ڕوو بە ژمارەو داتای ورد و ڕایانگەیاند، گەلی عێراق بە نالەبارترین دۆخی بێ ئومێدی و نیگەرانیدا دەڕوات و ھەروەھا خوازیاری ئەوە بوون کە ھەموو دۆسێە گەورەکانی گەندەڵی ڕادەستی دادگاکان بکرێت .
لە کۆتاییدا جارێکی دی ئەو پرسیارە قورسە خۆی قووت دەکاتەوە ئایا تاقم و گروپی سیاسی بارگاوی بە بیرو باوەڕی توندڕەوی تائیفی دەتوانن وڵاتێکی وەک عێراقی فرە مەشرەب سەرکردایەتی بکەن بەرەو کەناری ئارامی ؟؟
جا ئیتر چ دەستەڵات بن یان لە ئۆپۆزەسیۆن ؟