سەردێڕ:

دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ گرنگە بۆ ئایندەی تورکیا

6/23/2019 1:27:22 PM
2803 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی ٣١ ی ئازاری ڕابردوو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە سەر تا  خواری تورکیا  بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانییەکان ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەی کێشە و ململانێی قورسی لێکەوتەوە ئاکامی ھەڵبژاردنەکانی یەکەم گەورە شاری ستراتیجی تورکیا ئیستەنبوڵ  بوو کە ئەنجامەکەی بە دڵی پارتی فەرمانڕەوا و سەرۆک کۆمار ئەردۆغان نەبوو، چونکە کاندیدە ڕکابەرەکەیان کەلە پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە)  بوو بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوتنی بە دەستھێنا .

ھەرچەندە ئەکرەم ئیمامئۆغلو لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بە براوەی ھەڵبژاردنەکان ڕاگەیەنرا و دەستبەکاریش بوو دواتر بە ھۆی سکاڵا و تانە و نیگەرانییەکانی ( ئەکەپە ) واتە پارتی فەرمانڕەواوە ئاکامەکان ھەڵوەشێنرایەوە لە ئەستەنبوڵ، بڕیار درا کە ٢٣/٦/٢٠١٩ واتە ئەمڕۆ ھەڵبژاردنەکان دووبارە بکرێنەوە.

جارێکی تر ھەردوو کاندیدی بە ھێزی ھەڵبژاردنەکانی پێشووی ٣١ ی ئازار لە لایەن حزبەکانیانەوە جارێکی تر کاندید کراونەتەوە  واتە بیناڵی یەڵدرم وەزیر و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا لە ( ئاکەپە) و ( مەھەپە )  ئەکرەم ئیمامئۆغلو سەرۆکی یەکێک لە شارەوانیە  لاوەکییەکانی ئەستەنبوڵ لە ( جەھەپە) و ( ئی پارتی ).

ھەرچەندە ئیمام ئۆغلو تا کاتی کاندید بوونی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئازار کەسایەتیەکی ھێندە دیار و ناسراو نەبوو وەکو ڕکابەرەی بینالی یەڵدرم کە دووەم کەسایەتی ناو ئەکەپە بوو گەلێک پۆست و بەرپرسیارێتی گەورەی ھەبووە لە دەوڵەتی تورکیادا، بەڵام ئێستا ئیمامئۆغلو دوای سەرکەوتنی ھەرچەندە بە جیاوازییەکی کەمیش بوو لە ھەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری پێشوو و دواتر ھەڵوەشانەوەی ئاکامەکان و لابردنی لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ کە گرنگیەکی گەورەی ھەیە و سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی بانگەشەکانی ھەڵبژاردندا وتبووی ھەرکەس حوکمی ئەستەنبوڵ بکات ئەوا حوکمی ھەموو تورکیا دەکات، ئێستا بووەتە ژمارەیەکی گرنگ لە ھاوکێشە و ململانێی سیاسی تورکیادا لە لایەک وەکو ستەملێکراوێک و دوورخراوەیەک لە پۆستەکەی و قایل بوون بەو بڕیارەی، ئاستی جەماوەر بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە تەنانەت سنووری پارتەکەی خۆشی بەزاندووە و سەرتاسەری تورکیا دەگەڕێت و داوای دەنگ و ھاوکاریی و پاڵپشتی لە خەڵکی تورکیا دەکات .

تەنانەت ئاستی جەماوەری بە ڕادەیەک سەرکەوتووە کە ھەر لە ئێستاوە بە ڕکابەری ئەردۆگان لێ ی دەنواڕن بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ ی سەرۆکایەتی تورکیا , ھەر لە بەرئەوەشە ھەردوو لایەنی دەستەڵات و ئۆپۆزەسیۆنیش زۆر بە گرنگیەوە لەم ھەڵبژاردنە دەڕوانن و زۆر بە چارەنووسسازی دادەنێن .

پارتی دادو گەشە واتە ( ئەکەپە ) گۆڕانکاریی گرنگ و ستراتیجی لە سیاسەتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا کردووە بە جیاوازی ھەڵبژاردنەکانی ئازاری ڕابردوو، ئەویش ناوزەدکردنی پرۆسەکە بە چارەنووسسازی لە نووسین و وتار و ڕیکلامەکان لابردووە و ناوی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ئیمامئۆغلو بە ھیچ شێوەیەک لە میدیاکانیاندا ناھێنن، تاوەکو زیاتر ناو و ناوبانگی بۆ دەرنەکەن و زیاتر گەورەی نەکەنەوە، ھەروەھا سەرۆک ئەردۆغان لە سەرەتای ئەم ھەڵمەتی بانگەشەوە خۆی دەرنەخست و چالاکی زۆری نەنواند وەکو جاری پێشوو ھەموو ڕۆژ دەگەڕا و وتاری ھەبوو گۆڕەپانەکانی بۆ خودی یەڵدرم چۆڵکرد و ئەمیش گەشتی زۆر کرد بۆ زۆر شوێنی وڵات، ھەرچەندە ھەڵبژاردنەکان لە ئیستەمبوڵیشە بە تایبەتی بۆ دیاربەکر کە لەوێندەر ھەندێ قسەی بە زمانی کوردی کرد کە ئەمەش مانا و مەدلوولی خۆی ھەیە، چونکە ئیستەنبوڵ تورکیای بچووکە و لە ھەموو ئتنیکە جیاوازەکانی تورکیای تێدایە بە تایبەتی کورد، ھەرچەندە لە ڕۆژانی کۆتایی ھەڵمەتەکەدا جارێکی تر ئەردۆغان دەرکەوتەوە و لێدوانیشی دا و ھەڕەشەی لە ئیمام ئۆغلو کرد.

لەوانەش گرنگتر ئەمجارە زمانی بانگەشە و وتارەکانی ئاکەپە گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھاتبوو کە وازیان لەو وشە و ڕستە ئاگراوی و زبر و بریندارکەرانە ھێنابوو کە ھەموو ڕکابەرەکانیانی کردبوو بە شەیتان .

ھەر ئەوەش بوو وایکرد کە کاندیدی ئاکەپە قایل بێت بەوەی بچێتە پانیلێکی تەلە فزیۆنی لە گەڵ کاندیدی جەھەپە ئیمامئۆغلو دوای ڕەزامەندی پارتەکەی دوای حەڤدە ساڵ لە نەمانی ئەو نەریتە .

لە کۆتاییدا ھەرچەندە قورسە لە ھەڵبژاردنێکی وا گرنگ و چارەنووسازدا پێشبینی ئەنجامەکان  بکرێت، بەڵام  زۆرێک  لە ناوەندەکانی چاودێریی و ڕاپرسی ھەڵبژاردن پێشبینی سەرکەوتنی ئیمامئۆغلو دەکەن بە جیاوازییەکی کەمیش بێت .