سەردێڕ:

كونسوڵی ئەمریكا لە سلێمانی سەری چاك ناكات!!

5/21/2019 1:01:30 AM
13158 جار خوێندراوەتەوە
ڕەحمان غەریب
+ -

چالاکییەکانی دوو ھەفتەی رابردووی (ستیڤ فەیگن) کونسوڵی گشتی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، دڵخۆشکەرن، لایەنی کەم ئاماژەیە بە سەقامگیری سیاسی و ئارامی و جموجۆڵی بازاڕەکەی و ئەکتڤیبونی بواری فەرھەنگی‌ و وەرزشی وڵاتەکەمان.

جەنابی کونسوڵ سەردانی بازاڕی پڕجموجۆڵی شەقڵاوە دەکات و بەرھەمی نانە قەیسی و سجوق و سرکەی ھەنار و ھەنجیری وشکراو نۆش دەکات، نانی گەرم و چایەکی فرێشییش دەخواتەوە. لەناو بازاڕو شوێنە گەشتیارییەکان پیاسە دەکات.

لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لادەدات وێنەی رەنگینی ناوچەکەمان پیشان دەدات بیریشمان دەخاتەوە کە لەسەر دراوی پێنج ھەزاری وێنەی تاڤگەکە ھەیە.

لە پایتەختەکەمان ھەولێر دەچێتە ھۆڵی میدیا ئامادەی ئیڤێنتێکی تایبەت بە ھونەر و میوزیک دەبێت، وێنە لای تاڤگەکانی بێخاڵ بڵاودەکاتەوە، سەردانی کۆشک و قەڵای خانزاد (بانەمان)ی دەکات. سەردانی مەزاری ڕەبەن بۆیە/وسو ڕەحمان لە نزیک شەقڵاوا و پاشان چاوی بە بینینی دیمەنی قەشەنگی خەرەندی ڕواندز گەشدەکات.

لە عەینکاوە پیاسە دەکات و خەڵکیش سێڵفی لەگەڵدا دەگرن، دەچێتە دوکانەکانی زەڕەنگەری‌ و زیوفرۆشتن‌ و چەرەزات و میوە و سەوزەو کافێ‌ و رێستۆرانت و چایخانەکانی بەسەردەکاتەوە.

کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستیڤ فەیگن بەیاوەری پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی ئامادەی ئاھەنگی دەرچوونی خوێندکارانی کۆرسی "بنەما سەرەکیەکانی پارێزگاری کردن لە کەلەپور"دەبێت.

لە بەردەم مزگەوتی گەورەی قەڵای ‌ھەولێرەوە پەیامی پیرۆزبایی ھاتنی مانگی رەمەزان بڵاودەکاتەوە، دەچێتە لای بریکاری کۆمپانیاکانی بۆبگاتی، ریکلام بۆ کولیتی بەرزی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی دەکات. خواردنگەی KFC و Papa John's لە ھەولێر بەسەر دەکاتەوە.

سەردانی شوێنکاری مستەر ئەربیل و جێنتڵمانیان دەکات‌ و لە پەراوێزی گەشتەکانیدا "سەرتاشێکی بەھرەمەندی خەڵکی سلێمانی سەری بۆ چاک دەکات''.

ھەولێر و ناوچەکانی تر بۆ من وەک یەک خۆشەویست‌ و ئازیزن، تاڤگەکانی گەلی عەلی بەگ‌ و ئەحمەد ئاوا وەک یەک دڵگیرن، پیاسەی عەنکاوا و سەھۆڵەکە، وەک یەک دڵخۆشم دەکات.

جەنابی کونسوڵ چاییەکیش لە سەھۆڵەکە و وێنەیەک لەبەردەم قەڵای شێروانە و تامێکی روبە ھەناری ھەڵەبجە و نانێکی گەرمی دەستی ژنە جوتیارێکی قەڵادزێ‌ و پیاسەیەکی بازاڕی کۆیە خراپ نییە. بە بینینی نمایشێکی شانۆیی کفری و سلێمانی‌ و تامی کەبابی عەباس ئەبوشوارب‌ و سەرتاشینێک لە شەقامی پیرەمێرد، تابلۆکە تەواو دەکات.

بەڵام تۆ کە ھەر ناوچەیەک بەسەر بکەیتەوە و لە سلێمانیش ھەر لە ئۆفیسی سیاسییەکاندا بتبینم، ترس دەخەیتە دڵمەوە، بە تایبەتیش وڵاتەکەتان ھێزی زەبەلاحی ھێناوەتە ناوچەکە. بە ئومێدم نەقەومێت‌ و تۆش لە ژێر باخێکی گوێزی ھەورامان ببیینم.