سەردێڕ:

​بەبۆنەی ڤاڵانتاینەوە ..!

2/13/2019 11:42:12 PM
16230 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار عوسمان
+ -

ئەوەی کراوە لەخۆڕا نەھاتووە،زاڵکردنی کەلتوری دواکەتوانە و ڕشتنی تۆی رق و دووبەرەکی و کێشە و ئاشوب و دواجار ئەو بێزاری و بێ ئومێدییەی دورستکردوە کە ئیستا لەکۆمەلگای کوردستان دەبینرێت،کۆمەڵگایەک خاڵی لەھەموو خەون و بیرکردنەوە و خولیایەک !

ئەوەی روودەدات بەپلان و بەرنامەیە،بێوەفای و دابڕان و جیابوونەوە رابردووی بەشێکی زۆری کچان و کوڕان پێکدەھێنێت،کۆمەڵگایەک تەژی لە مرۆڤی تێکشکاو و خاڵی لە متمانە و دڵنیایی..!

کەم نەبوون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی چەندین ساڵ ئاوات و خۆزگەیان بۆ دانیشتنێک و تێڕامانێک و نیگایەکی عاشقانە دەخواست ،بەڵام ڕەشەبای بێ خانە و لانەی و نەبونی ژوورێک بۆ ژیان، بەرەو دابڕان و جیابونەوەی بردن،کەم نەبوون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی عەشق و خۆشەویستیان لە لوتکەدا باڵای دەکرد ،بەڵام شەھوەتی ناو گەڵی بەرپرسان و مناڵانی بەرپرس نەیانھێشت ھەناسەیەکی ئاسودە لەگەڵ یەکتر ھەڵمژن..!(لەم بارەیەوە سەدان نمونەی زیندوو لەبەردەستتان).

کەم نەبون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی تەنھا پیاسەیەک و نامەیەک و تەلەفۆنێک خەون و خولیاکانیان لێکرا بەسەراب و بۆ ھەمیشە بە خاک سپێردران و گولـلە باران کران،کەم نەبون ئەو کچ و کوڕانەی تەنھا لەبەر ئەوەی رەقیان لەیەکتر نیە و یەکتریان خۆش دەوێت ،بۆ ھەتا ھەتا نەیانھێشت لەیەکتر نزیک ببنەوە.

لەمەملەکەتێک چوونە دەرەوە ھاتنە ژوورەوە،نان خواردن و جڵ پۆشین و پیاسە و سەردان و تەنانەت حمامیش لەژێر چاودێری دەوروبەر بێت، بەھۆی سۆز و خۆشەویستیەک دووچاری دەیان کێشە و گرفتی ئەمنی و ئابوری و فەرھەنگی و کەلتوری ببیتەوە،ئەوین و خۆشەویستی ڕیسک و قوربانیدانی گەرەکە .

جا لە وەزعیەت و گوزەرانێکی لەم شێوەیە،کە چارەنوس و دیاریکردنی دوا رۆژی ئینسانەکان لەدەستی خۆیاندا نەبێت،کە پیاسە و قسەکردنێک مەرگی لەدوا بێت،تەنھا ژوورێکیان دەست نەکەوێت بۆ پێکەوە ژیان،سادەترین و ساکارترین پێداویستیە رۆژانییەکانیان ببێت بە خەون و خۆزگە و رۆژانە ئاھو ئاخی بۆ ھەڵکێشن،کە دەزگایەک و یاسایەک نەبێت بۆ پاراستنی شەخێیات و کەرامەتیان و دەستدرێژی و ئیھانە و سوکایەتی پێکردن لەسەر سەرەتاترین حەزە تایبەتیەکانیان ببێت بە عادەتێکی رۆژانە،لە باخچە و ھۆڵێکدا نەتوانن دوو راز و نیاز بە ئازادی بگۆڕنەوە،یادکردنەوەی رۆژی خۆشەویستی چ مانایەکی ھەیە بۆ ئەو ھەموو کچ و کوڕە دڵشکاوە ؟!

کۆمەڵگایەکی بێ جوڵە و بیرکردنەوە،ئینسانێکی تێکشاو و بێ ئومێد،کائینێکی بێ سیقە و متمانە و دڵنیایی،چارەنوسێکی ناڕۆشن و نادیار ،کۆمەکێکی بەھێزی مانەوەی دەسەڵاتە دز و ستەمکارەکانی وەکو ئەوەی کوردستانە .