سەردێڕ:

دیموکراسی و حزبایەتییەکەی ھەرێم!؟؟

12/14/2019 1:56:23 PM
2597 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر هەڵەدنی
+ -

دیموکراسی ڕاستەقینە ومانادار بریتی یە لەدابەش کردنی دادپەروەرانەی(دەسەڵات وسامان وزانست)جیاوازە لە دیموکراسییەتی ڕووکەش و ڕواڵەتدار.


لەھەرێمە عەجایبەکەی ئێمە تا ئەوێ ڕێگەت دەدەن ئارایشت بیت، دەسەڵاتیان لێ وەرنەگریت، کەبویتە مەترسی و سنوورت بەزاند (بەڕبەکەی ئەوان) ئیتر دەرگای دۆزەخت بەسەردا دەکەنەوە.


حزبایەتیش بەمانا ڕۆژئاواییەکەی(قوتابخانەی ھۆشیارکردنەوەی ڕۆڵەکانی گەلە) کەچی لەھەرێمە بێ سەروبەرەکەی خۆمان(تاقیگەی خەساندن وگەوجاندن و گەمژاندنە) لە بنەڕەتدا حزب (ئامراز)ە کەچی لای خۆمان بوەتە(ئامانج)، حزب کارێکی (خۆبەخشانەی ئارەزوومەندانەیە) لەمەڕ خۆمان(بۆ خۆژیاندن وکۆیلە کردن وبژێوی پەیداکردنە) لەحزبدا تائەوێ کوڕی چاکیت بە باش وخراپ بەرگری لەحزب بکەیت وووشەی (بەڵێ) ھەردەم لەسەر زوبانت بێت، ھەر کات خۆت ڕاپسکاند، خاوەنی ڕای خۆت بویت وڕەخنەت گرت(ئەوەی سەیرە لەپەیڕەوی حزبەکاندا رەخنەگرتن وەک ماف دراوە بەئەندام!!!؟؟؟؟؟) ئەوا یەکسەر تۆمەتبار دەکرێیت بە(خەت مایل ،نەخۆش،ڤایرۆس،بێزارکەر، موی لالوت،بار بەسەرحزب)ودەیان ناوو ناتۆرەی تر.


ئازادی وشکۆی مرۆڤ ئەودوو بەخششەی خودای بەدیھێنەرن کە بەھیچ پاساوو بیانوویەک مرۆڤ نابێت دەستبەرداریان بێت.
بۆیە ڕیفۆرم وچاکسازی ئەو ئەرکە قورسەی سەرشانی ئیسڵاح خوازانە کەدەبێت لێی بنەون، گەشبینانە ھەنگاوی بۆبنێن تا مانا بدرێتەوە بەمرۆڤ وکردەی سیاسەت وکاری بەکۆمەڵ وگێڕانەوەی بەھا وپرەنسیپ تا دواجار مرۆڤ وکۆمەڵگا براوەو ئاسوودە بن.


حزبایەتی ودیموکراسی دوانەیەکی پێکەوەگرێدراون، دەبێت ڕێچکە وباری لاری حزبایەتی ڕاست بکەینەوە ئەوکات دیموکراسیش جەوھەری خۆی بۆ دەگەڕێتەوە.