سەردێڕ:

چالێنجی من بۆ حکومەتی نوێ

8/8/2019 11:28:11 PM
9392 جار خوێندراوەتەوە
کەمال چۆمانی
+ -

چالێنجی نەمام چاندن لە ھەرێمی کوردستان چەند مانگێکە ھەندێک کەس و بەرپرسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لە راستییدا ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە خراپ نین، بەتایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی. ئەو چالێنجانە/ئالنگاریی/تەحەدییانە زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی و کڕاودفەندینگ بەکەڵکن. 

ئەوەی کۆمی- تراجیکە سەرۆک وەزیرانی پێشوو و ئێستا سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانیی دوای ٢٠ ساڵ لە پۆستی سەرۆک وەزیران تەنھا توانی ماڵەکەی خۆی سەوز بکات. جێگری سەرۆک وەزیرانیش قوباد تاڵەبانی دوای چوار ساڵ لەو پۆستە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ژیانی لە دەرەوە بردووەتە سەر و لە گرنگیی سەوزایی باش تێدەگا، کەچی بە چالێنجی چاندنی نەمامێک دڵی خۆشکردین! سەرۆک وەزیرانی ئێستاش مەسرور بارزانیی، توڕە و تیژ دیارە پێدەچێت کەس جورئەتی نەکردبێت چالێنجی بکات بە چاندنی نەمامێک!

بەڕێزان سەرۆک، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، لە راستییدا من چالێنجێکم بۆتان ھەیە؛ ناڵێم چاو لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بکەن و پڕۆژەی وزەی خاوێن و بەکارھێنانەوەی سەدا- سەد و سفر- دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و کۆتاییھێنان بە پیسبوون و عەدالەتی ژینگەییتان ھەبێت، بەڵکو دەڵێم چاو لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان بکەن. ھەرسێکتان ئینگلیزیی دەزانن و دەتوانن سێرچ بکەن بزانن عیمران خان چی کردووە، بەڵام من بۆتان ئاسانتر دەکەمەوە. 

ساڵی ٢٠١٣ حزبەکەی عیمران خان تەنھا توانی ھەرێمی خەیبەر پاختونخوە بباتەوە. پلانێکی ستراتیژییان دانا بۆ چاندنی یەک ملیار نەمام. ناویان نا 'تسونامیی یەک ملیار نەمام'. ١٦٩ ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کرد. لە ٢٠١٧ ئەو پڕۆژەیەیان بە ئەنجام گەیاند. بە دەیان ھەزار دەرفەتی کاریشیان دروستکرد ھەر لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە.

دوای بردنەوەی ھەڵبژاردنەکان ساڵی پار، حزبەکەی سەرۆک وەزیران خان پلانێکی تری داناوە. 

ئێستا پاکستان پلانیداناوە بۆ چاندنی ١٠ ملیار نەمام. لە ٢٠٠ شوێندا لە وڵاتدا نەمام دانراون و ھەرکەسێک دەتوانێت نەمام ببات و بچینێت. پاکستان پلانەکەی وایە بەھەرەوەزیی نەمام بچێنن لەگەڵ جڤاک و کۆمپانیا و خاوەن کاران بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا. پاکستان ئەو پلانەی بە 'تسونامیی ١٠ ملیار نەمام' ناوناوە. گۆڕانی کەشوھەوا نزیکەی چوار ملیار دۆلار زیان لە پاکستان داوە لە ١٩٩٨ەوە، ١٠ ھەزار کەسیش بووەتە قوربانیی.

ساڵی رابردوو زەویوزاری خەڵک، بە گوێزەکەی ئێمەشەوە لە گەلەژێری گوندما کە زۆرم دڵ پێی خۆش بوو، لافاو بردی. زیانەکانی لافاو ساڵانە زیاد دەبن. قوربانیی زۆریشی لێ کەوتووەتەوە. ئێستا ئێوە دەتوانن، بەتایبەت سەرۆک وەزیرانی نوێ و جێگرەکەی، پڕۆژەیەکی گەورە رابگەیەنن بۆ سەوزکردنی کوردستان. ئەو پڕۆژەیە دەکرێت لەگەڵ دەیان و سەدان کۆمپانیا و خاوەن کاریش بەھەماھەنگیی ئەنجامبدەن.

خۆتان دەزانن چ بێکارییەک رووی لە کوردستان کردووە، دەتوانن کەمێک رووبەڕووی ئەو بێکارییە ببنەوە. دەتوانن لەبری ئەوەی ساڵانە بە ھۆی لافاوە بودجەی تایبەت تەرخان بکەن و قەرەبوی خەڵک بکەنەوە، دەتوانن ھەر بەو بودجەیە دەیان ھەزار نەمام بچێنن و رووبەڕووی گۆڕانی کەشوھەوا و لافاو ببنەوە. ئێمە نابێت تەنیا لە شەڕی داعشدا بەشدارییمان ھەبێت لە دونیادا، پرسی رووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا پرسی ھەمووانە، ھەموو گەلانی دونیا دەبێت پێکەوە روبەڕوی ببنەوە.

ئەگەر حکومەتی نوێ چالێنجی دەوێت، ئەوا با ئەو چالێنجەی من قبوڵ بکات و چاو لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان بکات. من ناڵێم ملیارێک نەمام بچێنن، بەڵکو ١٠٠ ملیۆن نەمام بچێنن لە چوار ساڵی داھاتووتان.