سەردێڕ:

پرسیاری هه‌ڵه‌ و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌!

6/15/2019 4:27:11 PM
5865 جار خوێندراوەتەوە
سامان ساڵح
+ -

ساڵانە و لەکاتی تاقیکردنەوە "زیادە و نا پێویستەکانی" نیشتمانیی و بەکالۆریا، بۆ ھەردوو قۆناغی نۆیەمی بنەڕەتی و دوانزەھەمی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە لە دانانی پرسیاردا تووشی چەندین ھەڵە دەبێت، کە گومان و قسە دەخاتەسەر کۆی پرۆسەکە و دڵەڕاوکێی بۆ خوێندکار و بەخێوکەران دروستدەکات.

لەم وتارەدا دەمەوێت وەڵامی چەند پرسێک بدەمەوە کە بە بۆچوونی ئێمە،‌ پرسیاری خوێندکار و مامۆستا و بەخێوکەران و رای گشتیشە، چونکە چاوەڕوانیمان لە وەزارەت ھەیە، لەو پرسانەش وەک:

١- ئایا دەبێت وەزارەتی پەروەردە ھەڵە لە پرسیاردا بکات؟

٢- بۆچی پرسیاری تاقیکردنەوەکان ھەڵەی تێدایە؟

٣- گومانەکان لەچییەوە دروستدەبن و چۆن کەموکورتییەکان، کۆتایی پێ بھێنرێت؟

پێشەکی:
یەکێک لە نیشانە گەورەکانی کەموکورتیی دەزگە فەرمییەکان، نەبوونی ئاستی: دامەزراوەیی، لێھاتوویی، بەردەوامنەبوون،‌ لەکارەکانی خۆیان وەک دامەزراوەی فەرمیی دوور لەکاریگەریی لاوەکی و مەبەستی نا فەرمیی.

 وەزارەتی پەروەردە،‌ یەک لە دەزگە فەرمییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ھەرێمی کوردستانە کە،‌ لە ‌دوای راپەڕینەوە، ھێندەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و "پێشمەرگە - ئەگەر ھەبووبێت" کێشەی لەسەر بووە و ھەردوو حیزب؛ " پ.د.ک و  ی.ن.ک " و ئێستاش، گۆڕان، لەھەموو دەزگەیەک زیاتر ھەوڵی بەدەستھێنان و دەستبەسەرداگرتنی دەدەن، چونکە دەزانن سوودمەندانی راستەوخۆی وەزارەتەکە، نزیکەی نیوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن و وەک چەکی سیاسیی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێرێت.

ئەم پاشخانە لە زانیاریی، ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە،‌ وەزارەتی پەروەردەش وەک دامەزراوەیەکی تەواو پەروەردەیی کاری نەکردووە، بەڵکو بەشێکبووە لە کۆی ئەو دەزگە شکستخواردووانەی تری حکومەت کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر نەھێشتنی ھەستی نیشتمانیی و کوردایەتی لای تاکی مرۆڤی کورد، بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردیی "ھەرچەند دەبێت ئەوە روونبکەینەوە کە حکومەتی ھەرێم و حیزبەکانی ناوی، گوزارشت نین لە دەسەڵاتی راستەقینەی کوردیی". خراپترین نموونەی کاری وەزارەتی پەروەردە لە ‌مێژووی خۆیداو لەکاتیی شەڕی ناوخۆدا کردبێتی، دابەشکردنی دەفتەری تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریی بوو، بە سیستەمی "پەنجا بە پەنجا".

١- ئایا دەبێت وەزارەتی پەروەردە ھەڵە لە پرسیاردا بکات؟

بۆ وەڵامی خێرای ئەم پرسیارە، دەبێت بڵێین: نەخێر، نابێت وەزارەتی پەروەردە لە دانانی پرسیاردا ھەڵەبکات. چۆن؟

بەڵگەکانی ئەم وەڵامە بە چەند خاڵێک پشتئەستوور دەکەین:

ا- وەزارەتی پەروەردە خاوەنی ٢٥ ساڵ ئەزموونە لەو بوارەدا.

ب- لیژنەی تایبەت بەو کارە ھەیە.

پ- بودجەی تایبەت بەو کارە ھەیە.

ت- تەکنیک و ئامێری تایبەت بەو کارە ھەیە.

ج- بڕیاردەر، سەرپەرشتیار، چاودێر، سەرچاوەی مرۆیی بەردەست بەو کارە ھەیە.

چ- شوێنی تایبەت و ئاسانکاریی تایبەت بەو کارە ھەیە.

بەڵام، دەبێت ئەوە بزانین، سەرباری ئەوەی کە ھەموو ئەو شتانە و زیاتریش ھەن، دەزگەی بەھێز و خاوەن سەرمایە، ئەگەر دید و تێڕوانینی نیشتمانیی و دامەزراوەیی نەبێت و نەتوانێت ئەو ھەموو "ھەبووانە: کادر و پارە و ئامێر و شوێن و ..." بخرێنە خزمەتی پرۆسەکە بەشێوەی دامەزراوەیی، ئەوا ھەمیشە دەزگەکە لە ھەڵەدا دەبێت، نمونەش وەزارەتی پەروەردە و دووبارەبوونەوەی ھەڵەکانیەتی بەشێوەی بەردەوام.‌

٢- بۆچی پرسیاری تاقیکردنەوەکان ھەڵەی تێدایە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە، ئەویش ئەوەیە کە،‌ وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە نییە، بیری نییە، دۆکیۆمێنتی نییە، بەدواداچوونی نییە، وەبەرھێنانی لە فیکردا نییە، سوود لە کارمەندی راھێنراو نابینێت، نایەوێت ھێزی مرۆیی شارەزایی خۆماڵی دروستبکات، ناتوانێت ھەڵە راستبکاتەوە و زانیاریی بەشبکات، ناتوانێت دڵنیایی جۆریی پەیڕەوبکات. بۆچی؟

 بەمجۆرە وەڵامەکانی خۆمان پشتئەستوور دەکەین:

یەکێک لە بنەماکانی دامەزراوەیی، بریتییە لە: کراوەیی- شەفافیەت. بنەمای شەفافیەت، قانون و دادگەرییە، بنەمای دادگەریی و قانون، کارکردنە بە گوێرەی بنەمای زانستی و دەستووری و پێوەرە سەلمێنراوەکان و  رەچاوکردنی لێھاتوویی و شیاوێتی بۆ کارەکان. لە ناو وەزارەتی پەروەردە، بە ‌گشتیی ئەمانە پەیڕەوناکرێن، چونکە "شتی نھێنی"! ھەیە، کە نھێنی ھەبوو، واتە: گومان ھەیە، کە گومان ھەبوو، واتە: دڵنیایی نییە، کە دڵنیایی- ش، نەبوو کەواتە؛‌ کۆی پرۆسەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دامەزراوەی نیشتمانی کە بۆ ھەمووان بێت دروست نابێت، ئەوەش یەکێک لە کێشەکانی دەزگەی حکومییە لە ھەرێمی کوردستان.

پێمخۆشە چەند شتێک بیری وەزارەت بھێنمەوە، بۆ نموونە: لەساڵی ١٩٩٢ رێکخراوی یونسکۆ و یونسێف ورێکخراوە ناحکومییەکانی تری کە لە ھەرێم کاردەکەن راھێنان و راوێژ لەسەر سەرجەم ئاستەکان دەدەنە وەزارەت و ئەگەر لانیکەمی ئەو راھێنان و راوێژانە جێبەجێبکرانایە، ئێستا دۆخەکە شتێکیتربوو، بۆ نموونە: پرۆسەی "دڵنیایی جۆریی-Quality Assurance " کە تازەترین پڕۆگرامی راھێنانە و ھێشتا لە جێبەجێکردندایە و کۆن نەبووە، دراوەتە وەزارەت، بەڵام بۆ جێبەجێناکرێت، لە بواری تاقیکردنەوەکاندا ئەوەی کە ئێمە مەبستمانە دەتوانن بە دوو بڕگەی دڵنیایی جۆریی، چارەسەری ھەلەی تاقیکردنەوەکان بکەن:

ڕ- بانکی پرسیار.

ب- خوێندنەوەی ھاوڕێیانە- Peer Review.

بەڵام، کێ بیکات؟ چۆن بیکەن؟ دڵنیام کە نایانەوێت و نازانن، پڕۆسە جیھانیی و زانستییەکان پەیڕەوبکەن و خۆیان بخەنە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، دەبێت تا سەد ساڵی تریش ھەر رێکخراو بێت و راھێنانیان پێ بکات و ئەمانیش ھەر لە شوێنی خۆیانن لە پاشکۆیی و ملکەچی زیاتردان.

٣- گومانەکان لەچییەوە دروستدەبن و چۆن کەموکورتییەکان، کۆتایی پێ بھێنرێت؟

 کاتێک دەزگەیەک نەتوانێت خۆی بکاتە دامەزراوەیەکی گشتیی، بە ھەمیشەیی گومانی لەسەر دروستدەبێت، " لێرەدا قسەم لەسەر ئەوە نییە کە ھەردوو تاقیکردنەوەی نیشتمانی زیادەیە و بەکالۆریی بەمشێوەیە بارگرانییە". لێرەدا گفتوگۆکە لەسەر ئەوەیە کە وەزارەت ھەڵە و کەموکوڕییەکان بە پاساو چارەسەر دەکات و ھەروەک خووی ھەمیشەیی بیانووی بێ بنەما و نازانستی دەھێننەوە، چونکە ئەگەر بیانەوێت ھەڵەکان چارەسەر بکەن، دەبێت بازنەی بەشداریی فراوان بکەن و شەفافیەت ھەبێت و بە قانون کاربکەن، ئەمەش لە مێژووی دامەزراوەیی پەروەردەدا لە ھەرێمی کوردستان نەبووە و تائێستاش نییە.

کۆتاییھاتنی ھەڵە و کەموکورتییەکان بەوە دەبێت دەزگە و دامەزراوەکان بە پێوەرەکان کاربکەن و کەس، لە بری دمەزراوە رۆڵی سەرەکیی نەگێڕێت، بەڵکو بنەمای دامەزراوەیی ببێتە سەرچاوەی کارەکان.