سەردێڕ:

کوردستان لەنێوان دوو ئیدارەیی و بێ ئیدارەیی دا!

1/17/2019 4:22:32 PM
2892 جار خوێندراوەتەوە
سامان ساڵح
+ -

ئەم وتارە باس لە دۆخی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان دەکات لە ماوەی ساڵانی دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان تا ئێستا و بنەما و دۆخ و شێواز و ئەنجامی بەڕێوەبردنی ھەرێم لە سایەی دەسەڵاتی حیزبە فەرماندارەکان دەخاتەڕوو.
دۆخی بەڕێوەبردن "ئیدارە"
  بەڕێوەبردن، کە لەھەرێمی کوردستان بە ڕێنووسی کوردی دەنووسرێت و پێی دەوترێت "ئیدارە"‌، یەکێک لە پرسە گرنگ و جێی مشتومڕەکانی ھەرێمی کوردستانە لە نێوان پارتە سیاسییە فەرماندارەکانی کوردستان و ھەتا ئەم ساتەش و دوای زیاتر لە ٢٨ ساڵ پارتی و یەکێتیی لەسەر دۆخی ئیدارەدانی ھەرێم ڕێکنەکەوتوون و بەجۆرێک لە جۆرەکان جوگرافیای کوردستان و ئەو بەشە خاکەی باشووری کوردستان کە لە ھەرێمی کوردستاندایە زۆرتر وەک بەشی حوکمڕانی دووپارتە سیاسییەکە دەناسرێت زیاتر لەوەی کە وەک بەشێک لە کوردستانی نیشتمان بناسرێت.
ھەرێمی کوردستان، لەدوای ڕاپەڕین لەلایەن بەرەی کوردستانی یەوە بەڕێوەدەبراو لەگەڵ دروستبوونی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دووەمین کابینەکەش، ھێشتا بەرەی کوردستانی ھەر لایەنە بەھێزەکەی ھەرێم بوو کە بڕیاری یەکلاکەرەوەی دەدا و تەنانەت لە کابینەی یەکەمدا بەرەی کوردستان بودجەی حکومەتی ھەرێمی دابیندەکرد.
  ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی ھەرێمی کوردستان کە سەرچاوەکەی لەڕووی بنەمای کارگێڕییەوە ھەمان سیستەمە کۆنەکەی بەعس و لەڕووی سەرچاوەی ھێزپێدانیشەوە سەربە حیزبە سیاسییەکان بوو کە لە بنەڕەتدا بریتیی بوو لە داڕشتنەوەی سیستمە کارگێڕییەکە بەگوێرەی بەرژەوەندی حیزبەکان، ئەمەش لە قۆناغی یەکەم سەرباری ئەوەی سیستەمی ناوەندی بەعس زۆر خراپبوو لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو، بەڵام ئەوەش وەک خۆی جێبەجێنەکرا.
 پرسی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە گرفت ئامێزبووە"یان کراوە بە گرفت"‌و ھەردوو پارتی و یەکێتیی ھەرگیز لەسەر بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێم ڕێکنەکەوتوون و سەرچاوەی ئەوەش لە نەبوونی دیدێکەوە بۆ ئایندەی کوردستان ھاتووە، کە تا ئەوکاتەی کە حکومەتی عێراقی لەسەردەمی سەدام حسێن، فەرمانگە کارگێڕییەکانی لە ھەرێم کشاندەوە، ھەردوولا بەھیوای ئەوەبوون لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی ناوەندی بن، ھەربۆیە ھەرێمیان وەک فیدڕاڵ ڕاگەیاند، لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی ئەوکات ھیچ ئومێدێکی بەوە نەبوو کە ھەرێم وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە و مانەوە لە عێراق پەسەند بکات. 
   پرسی ئیدارەی قانونی ھەرێمی کوردستان، بە کابینەی یەکەمی حکومەتی ھەرێم دەستیپێکرد، کە بنەمایەکی گرنگبوو بۆ ئایندەی حوکمڕانی و چەسپاندنی قانون و ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی ھێز، بەڵام لەبەر نەبوونی دیدێکی نەتەوەیی بۆ ھەرێمی کوردستان وەک ناوچەی حوکمڕانی نەتەوەی کورد و کۆکردنەوەی ھێزی نەتەوەیی، حکومەتێکی لاوازو بێ توانا بۆماوەیەکی کەمتر لە یەک ساڵ تەمەنی بەڕێکردو دواتر حکومەتێکی حیزبی تەواو شوێنی گرتەوە، کە تەنھا دیدی بریتیی بوو لەدادۆشینی حکومەت بۆ حیزب و بەھێزکردنی پێگەی حیزب لەڕێگەی حکومەتەوە، ئەمەش زۆربەی بنەماکانی ئیدارەی لەم حکومەتە داماڵیبوو، بەجۆرێک حکومەت نەیدەتوانی ڕێگە لە بوونی بازگە- سەیتەرەی ناقانونی و چەتەو ڕێگر بگرێت، چونکە دیاردەی چەکداری و ھەڵگرتنی چەک بەجۆرێک بوو، کە حکومەت نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵی توندوتیژیی بکات، ئەمەش ڕێگەی زیاتری بۆ ھێزە سیاسیەکان خۆشکرد بێنە گۆڕەپانی چەسپاندنی ھێز و بەڕێوەبردن.
زۆربەی کاروبارەکانی حکومەت جگە لەھەندێ کاری ئاسایی ڕۆژانەی فەرمانگەکان، حیزب بەڕێوەی دەبردن لەسەرو ھەموویانەوە؛ پرسی کۆکردنەوەی داھات، باج و گومرک و...، لەبنەڕەتدا نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ لەلایەن حکومەتەوە مانای نەبوونی توانا و دواجار مانای نەبوونی ھێز و نەبوونی ئیدارەش دەگەیەنێت. 
بنەماو رێچکەی حکومڕانی بەمجۆرە بەرەو لێکترازان ڕۆیشت، حکومەت کە بنەمای ئیدارەبوو، نەما، ئیدارە بوو بە بڕیاری حیزب و ناوچەی جوگرافیش دابەشبوو بۆ دوو تا سێ ناوچە، لەڕوانگەی قانوونییەوە بۆشایی قانونی دروستبوو، بۆشاییەکان بە ناقانونی پڕکرانەوە و دوو "حکومەت" و"نیو" ھەبوون، کە ئەوەی پێی بووترێت بنەمای قانونی و نیشتمانیی تێیاندا نەبوو.
دابەشبوونی حکومەت نیشانەی نەمانی ئیدارەبوو، چەمکی "دوو ئیدارەیی" ھاتەکایەوە، کە لەبنەڕەتدا "دوو ئیدارەیی" لە کوردستان واتە: "بێ ئیدارەیی"، چونکە یەکێک لە بنەماکانی قانونی حکومەت و ئیدارە بریتییە لە: یەک دانەیی ئیدارە - و‌حدانیە ادارە" و پێچەوانەکەی کە فرە ئیدارەییە واتە: پشێوی و ئاڵۆزیی. ڕاستی ئەمەش لە یەکگرتنەوە ڕووکەشەکەی حکومەتەوە دێت لە ٢٠٠٥ بەدواوە، چونکە ئەگەر دوو ئیدارەیی، بە مانای ڕاستەقینە ئیدارە بووایە، نەدەکرایەوە بە "یەک ئیدارە" کە لە ڕاستیدا ھەر نەبۆتەوە بە یەک ئیدارە و ودەتوانین بڵێین ئێستا لەھەرێمی کوردستان دۆخی بێ ئیدارەییە، نەک یەک ئیدارەیی.
 بوونی دوو ئیدارەیی دەرفەتی زۆری بۆ گەندەڵ و تاقم و باندە بازرگانە سیاسییەکان ڕەخساند تاببنە "سەرکردەی ناوچەیی"و ھێز و مانا بە دوو ئیدارەیی ببەخشن، لەم ڕێگەیەشەوە ھەمیشە ھێزێک ھەیە دنەی دوو ئیدارەیی دەدات بە ناوەکانی "نا ناوەندێتی - لامەرکەزیی" نەمانی پاشکۆیەتی و شتی تر، خۆی لەبنەڕەتدا بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتی دیاردەیەکی شارستانییە، ئەو دابەشبوونەی کە لە ھەرێم ڕوویدا، نیشانەی ناشارستانییەت و زاڵبوونی ڕۆحی عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتی و بنەماڵەییە، کە ئێستاش ئەم گوتارە برەوی پێدەدرێت و زەمینەی بۆ خۆشدەکرێت.
  لەئێستادا بانگەشەکردن و بریقەدارکردنی دۆخی دووئیدارەیی لەلایەن ھەندێک حیزب و سەرکردەی ناوچەییەوە،‌ بە بیانووی ئەوەی کە لەسەردەمی دوو ئیدارەییدا دۆخی سلێمانی یان ھەولێر باشتربوو، ھەیەو لەم بانگەشەیەدا بەشێک لە ‌بازرگان و خاوەن بەرژەوەندییەکان بەناوی کارئاسانی کارگێڕیی بۆ کارەکانیان و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی پیشەیی و نیشتمانی، پشتیوانی ئەم بۆچوونەن و زۆربەی کاندیدانی دەرچووی پارتە سیاسییەکانیش بۆ خوولی نوێی پەرلەمان لە ٢٠١٨ لەوانەن کە تەنھا بە ئاوازی ناسازیی حیزبەکانیان بۆ ڕق و جیابوونەوە و لێکترازان بانگەشەیانکرد، چونکە ئەوانەی لەم نێوەندەدا نەزانانە و چەواشەکارانە لە بابەتەکە تێگەیشتوون، ئەو ڕاستییە نازانن کە یەکێتیی و پارتی لەکاتی دوو ئیدارەیی ١٩٩٤-٢٠٠٥ بەبۆچوونێک کاریاندەکرد کە حوکمی ھەموو کوردستان بکەن و سەنگەری دواوەیان کە بەغدابوو، دوژمن بوو، بەڵام ئێستا ھەردوولا دەستیان لەسنوورە جوگرافییەکانی یەکدی شۆردووە و ھەردوولاش دەرگای فراوان و دۆستی زۆریان لە بەغداو تاران و ئەنقەرە ھەن.‌
پێکنەھێنانی حکومەت - ئیدارە لەھەرێمی کوردستان، لەدوای زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە ھەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٨-وە تا ئێستا، یەکێک لە نیشانە ھەر دیارەکانی "دووئیدارەیی واتە: بێ ئیدارەیی"یە، کە ھیچ حیزبێکیان لەسەر ھیچ شتێک نەوەستاون بۆ کارەکانیان و ھەرلایەنەو لەسنووری خۆی کارەکانی لە رێگەی حیزبەوە دەڕوات و وەستانی وەرزی قانوندانان لە ھەرێم، کە نزیک دەبێتەوە لە زیاتر لە "دە"‌ مانگ ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر حیزبەکان دروستنەکردووە، چونکە لەڕاستیدا کە حکومەت و ئیدارە نەبوو، قانون دەچێتە ڕیزی زیادەوە.

ئەنجام:
لەوانەیە گرانترین شت بۆ کورد لە مێژووەوە بۆ ئێستا ئیدارە و بەڕێوەبردن بێت کە،‌ یان نیمانە، یان کە بارێکی گونجاویش دێتەپێشێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەمان، ئەوا بە شێوازێکی ناشارستانی و دوور لەبنەمای نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، دۆخی دووئیدارەیی کە ھەردوو پارتی و یەکێتیی لەکاتی تەنگانەی گفتوگۆکان وەک ھەڕەشە بەکاریدەھێنن، ئەو دۆخەیە کە بەھۆی نەمانی قانون تێیدا کڕیاری زۆرن و لەسەرئساتی جەماوەری و ڕاگەیاندنیش زەمینەی بۆ خۆشکراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بووترێت ئەوەیە کە:ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩١ تەنھا کەمتر لەساڵێک لە ٧/٤/١٩٩٢ بۆ مانگی ئازاری ١٩٩٣ بنەمایەکی ئیدارەی دانا، دواتر لە ١٩٩٣ تا ١٩٩٥ ئیدارەی حیزب و ١٩٩٥-٢٠٠٥ بەڕێوەبردنی حیزب و دوو ئیدارەیی و لە ٢٠٠٥ تا ئێستاش بەڕووکەش یەک ئیدارەیی و لەناواخندا بێ ئیدارەییە و بۆ ئایندەش ئاسۆیەکەی ڕوون نابینین.