سەردێڕ:

جگه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان، حكومه‌ت پێویستی به‌ متمانه‌ی زیاتره‌

3/13/2020 1:00:13 AM
5879 جار خوێندراوەتەوە
سامان ساڵح
+ -

لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) کە ھەتا کاتی نووسینی ئەم وتارە لە نزیکەی ١١٢ دەوڵەتی جیھان بڵاوبووەتەوە، حکومەتی ئەو دەوڵەتانە ھەریەکەو بە گوێرەی سیاسەتی پەیڕەوکراو و توانا بەردەستەکانی، روبەڕوی ئەو ڤایرۆسە دەبێتەوە.
ھەر حکومەتێک پشتئەستوور بە توانا ئاسایشیی و تەندروستیی و داراییەکانی، ھەوڵدەدات سنوورەکانی بپارێزێت و رێنمایی تەندروستیی بداتە ھاوڵاتیان و بودجەی پێویست بخاتە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
سەرجەم حکومەتەکان توشی جۆرێک لە شڵەژان و کەمتوانایی لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، چونکە ئەم نەخۆشییە ھاوشێوەی پرسەکانی ئاسایش و کاروباری ناوخۆیی نییە،‌ ھەتا بتوانرێت لە رێگەی سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی و سەروەریی دەوڵەتەوە دەستی بەسەردابگیرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بڵاوبوونەوەی (پەتا)یەکی لەمجۆرە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، یەکێکە لە پرسە ھاوچەرخەکان و ئەگەر لەڕوانگەی قوتابخانەی لیبراڵییەوە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لێیبڕوانین، ئەوا پێویستی بە ھاوئاھەنگی و ھاوکاریی و خەم و بەرپرسیارێتی ھاوبەش و کراوەیی(شەفافییەت) ھەیە، تا چارەسەر ئاسانتر بێت.
حکومەتی وڵاتانی گیرۆدە بە کۆرۆنا، جگە لە سیاسەتی گشتیی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە و بەگەڕخستنی ئەوپەڕی توانا بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە،‌ پێویستیان بە ھاوکاری و یەکدەستی خەڵک و حکومەت ھەیە، بەدیھێنانی ئەم دەستکەوتەش بە پلەیەکی بەرز پەیوەندی بە "متمانە"وە ھەیە.
 کەواتە، متمانە چۆن دروستدەبێت؟
رۆبەرت فیسکۆ، رۆژنامەنووسی بەریتانی، دەپرسێت، "بۆچی ھاوڵاتی عەرەب ماڵەکانیان پاکە،‌ بەڵام سەرشەقام و شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکەیان زۆر پیسن؟" لەوەڵامدا پێی دەوترێت، "ھاوڵاتی عەرەبی خاوەنی ماڵەکەی خۆیەتی، بەڵام خاوەنی نیشتمانەکەی خۆی نییە".
ئەم باسەی سەرەوە ئاماژەیەکی ناخۆش و لە ھەمانکاتدا خراپە بۆ حاڵی حکومەتەکانی ناوچەکە، بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە بۆشاییەکانی نێوان خەڵک و حکومەت ھێندە زۆرن، کە ناتوانین ئاستی متمانە دیاری بکەین، بە ‌تایبەت لەگەڵ نەبوونی توێژینەوەی زانستی بڕواپێکراو لەوبوارەدا.
بەھەرحاڵ ھیچ حکومەتێکی رەوا و کارا بەبێ متمانەی ھاوڵاتییەکانی ناتوانێت درێژە بە فەرمانڕەوایەتی بدات، لەراستیدا باشترین ھێز بۆ حکومەت متمانەی ھاوڵاتییە.
رێگەکانی بەدەستھێنانی متمانە لەلای حکومەت ھەمەجۆر و فرەشێوازە، ھەر حکومەتەو لەسەر رێگەی جیاواز کار بۆ زیادکردنی متمانەی خۆی لەلای ھاوڵاتیانی دەکات، بەڵام ئاستی متمانە لە دۆخی ئاسایی و نا ئاساییدا جیاوازە و ھاوڵاتیان لە دۆخی قەیراناویدا زۆرتر پرسیاریان لەبارەی متمانەوە بۆ دروستدەبێت، بەتایبەت لە ‌پرسێکی تەندروستیی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی سیاسەتی گشتیی بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەنگاوی بەرچاو و گرنگی ناوە، داخستنی دەرگھای قوتابخانە ‌و خوێندنگە و زانکۆکان، دەستپێشخەرییەکی گونجاوبوو، ھاوکات ھەنگاوەکانی تریش جێی دڵخۆشین، بەڵام کەمتوانایی دامەزراوە کارگێڕییەکان و لەگەڵئەوەشدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگەی رۆشنبیریی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەسەر سیاسەتی حکومەت بەربەستن لە بەردەم جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت، لە ‌ھەمووی گرنگتر ئەوەیە،‌ کە لەھەندێک بارودۆخدا متمانەبوون بە حکومەت، لە ھێزی ماددی و سەربازی حکومەت رۆڵی زیاترە.
ئەزموونی ناکارایی حکومەتی ھەرێم لە ماوەی ٢٩ ساڵی تەمەنی لە ھەندێک بواردا، وایکردووە کاریگەری لەسەر ئاستی متمانەی گشتی حکومەت ھەبێت، بۆیە حکومەتی ھەرێم پێویستە سیاسەتێکی گشتگیر و ھەمەلایەن پەیڕەو بکات بۆ ئەم قۆناغە، بەتایبەت بۆ زاڵبوون بەسەر کاریگەرییە خراپەکانی کولتوور و نەریت و رۆشنبیریی گشتیی دژەتەندروستی، ئەویش بە:
١- زیادکردنی رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کە کاریگەر و ئامادەن لە کایەی گشتیدا، بە ‌تایبەت لە ھەرێمی کوردستان بەڵگەنامەی کاری ھاوبەش و گەشەپێدان لەنێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوەکان ھەیە و رێکارەکانی کارکردن و بەشداریپێکردنی بەرپرسیارێتی دیار و روونن.

٢- بەگەڕخستنی رۆڵی زانایانی ئاینی و ناوەندە ئاینییە فەرمییەکانی پشتیوان بۆ سیاسەتی حکومەت لەمبوارەدا.

٣- پێداچوونەوە بە سیاسەتی راگەیاندنی حکومەت و بەھێزکردنی کە ‌ناڵی فەرمی حکومەت بۆ لێدوان و رێنمایی.

٤- یەکخستنی رێنماییەکانی خۆپاراستن لە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندنی ناحکومی.

٥- روونکردنەوە و زانیاری تەواو لەبارەی نەخۆشییەکە و ھەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنی.

٦- ئامادەیی بەرپرسان و لێدوانی رۆژانە لە بارەی رەوتی رووداوەکان و ھەنگاوەکانی حکومەت لەوبوارەدا.

٧- جیاوازیی نەکردن لە پێدانی زانیاری بەسەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن وەک و یەک و لەکاتی دیاریکراو پێویستدا.

٨- بانگەوازیی گشتی حیزبە سیاسییەکان بۆ ھەڵمەتی نیشتیمانی خۆپاراستن و قەدەغەکردنی جووڵەی ناپێویست.

٩- بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، جێگرەوە بۆ مانەوە لەماڵ و خۆپاراستن.

١٠- پێدانی مووچە ‌و شایستە داراییەکان لەکاتی خۆیدا و بەرێگەی بێوەی پلان بۆ داڕێژراو.
دەکرێت حکومەت بۆ زیادکردنی متمانە لەم بارودۆخەدا، وەک پاڵپشتی سیاسەتە گشتییەکانی ئەم ھەنگاوانە و چەندین شێوازی بەردەستی دیکە کە لە بەرژەوەندی ھەمووان بێت جێبەجێبکات.