سەردێڕ:

لە یەکەم رۆژی دەسپێکی وەرزی خوێندن چۆن پیشوازیی لە خوێندکارەکان بکەین؟

9/20/2019 3:34:47 PM
7246 جار خوێندراوەتەوە
سامان ساڵح
+ -

رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠‌ـە بۆ قۆناغی پۆلی "یەکەم تا ١٢"ی بنەڕەتی.

 بە خۆشحاڵییەوە؛‌ دەستپێکی ساڵی نوێ دوورە لە بابەتی بایکۆت و داخستنی دەرگەی قوتابخانە و خوێندنگەکان و گڕوتینێکی کارگێڕیی ھەیە لە ‌ئەنجامی ئامادەبوونێکی زیاتری وەزارەتی پەروەردە لەڕووی بڕیار و ھەندێک گۆڕانکاریی کە لە ‌ماوەی مانگی تەممووز ھەتا ئێستا کە ئەنجامدراوە.

 رۆژی یەکەمی دەستپێکی  ساڵی نوێی خوێندن، ئاماژە و رۆڵێکی گەورەی ھەیە لە چەسپاندنی بیر و رای ئەرێیی و باش لەلای قوتابی و خوێندکار بەرامبەر بە خوێندن و پەروەردە و لە یادەوەری منداڵدا دەمێنێتەوەبۆ ماوەیەکی زۆری تەمەن، کە ناکرێت مامۆستا و بەڕێوەبەرەکان گرنگی یەکەم رۆژ پشتگوێێ بخەن، بەڵکو باش بەکارھێنانی گونجاو و بە ‌بەرنامە بۆ یەکەم رۆژی خوێندن دەتوانرێت بکرێتە دەستپێکی سەرەتای گۆڕانکاریی باش و بەھێز بۆ سەرجەم قوتابی و خوێندکارەکان بۆ ئەو ساڵەی خوێندن و بۆ داھاتووش.

ھەروەھا وەزارەتی پەروەردە، پێویستە قوتابخانە وەک کەناڵێکی پێگەیاندنی نەوەکانی کۆمەڵگە بە ھەند وەربگرێت و یەکەم رۆژ بە دەرفەت وەربگرێت و بەکاری بھێنێت بۆ وەبەرھێنانی نەتەوەیی و نیشتمانی. 

لێرەدا چەند بابەتێک پێشنیاز دەکەین کە دەکرێت ھەندێکی پارەی تێنەچێت و ھەندێکیشی بە ‌بڕێکی زۆرکەمی پارە ئەنجام بدرێت تا بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەکان بتوانن بەجۆرێکی گونجاو و پەروەردەیی و تایبەت پێشوازی لە خوێندکاران و قوتابیان بکەن.

١- لە ‌یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندندا مامۆستا و بەڕێوەبەرەکان پێویستە کەمترین کاتی خۆیان بە کاری بەڕێوەبردنی ناو ئیدارە خەریک بکەن و زۆر باشترە لیژنەی پێشوازیی لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان پێکبێت و لە یەک دەرگەوە پێشوازی لە خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و ئەگەر بەردەستیش بێت ئەوا لەگەڵ بەخێرھاتندا گوڵ، چوکلێت، یان شیرینییەکی خاوێن و بێ زیان، بدرێتە قوتابی/ خوێندکار.

٢- لە دوای لیژنەی مامۆستایانەوە،‌ زۆر گرنگە لیژنەیەکی دیکە لە خوێندکاری پۆلەکانی تر، بۆ نموونە؛ پۆلەکانی پێنجەم و شەشەم، لە قوتابخانەکانی قۆناغی ١-٦ و خوێندکاری ٨-٩ لە خوێندنگەکانی قۆناغی ٧-٩ و ھەروەھا قۆناغەکانی دواتریش، بە گوێرەی رێنمایی و سەر‌پەرشتی مامۆستایان دروستبکرێت بۆ پێدانی زانیاریی لە ‌بارەی قوتابخانەکەوە، وەک: نیشاندانی دەستشۆرەکان، یاریگەی قوتابخانە، تاقیگە، ژووری بەڕێوەبەر، ژووری مامۆستایان، فرۆشگەی قوتابخانە، ناوچەی سەوزایی، ژووری ھونەر و مۆسیقا... تاد.

٣- نووسینی تابلۆی "بەخێرھاتنی قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست دەکەین بۆ قوتابخانە/ خوێندنگەی (....) ناوی قوتابخانە بنووسرێت" لەسەر پارچە کارتۆن، ‌ ئەم کارە مانای گرنگی دەبێت لە رووی ناسینەوەی کەرەستەی دەوروبەر و بۆ ژینگە پارێزیش بە ھەمانشێوە گرنگترە.

٤- دەکرێت مامۆستای وانەکانی وەرزش و ھونەر، لە ھەمان رۆژدا لە ڕێگەی کێشانی چەند ھێڵێکی سپی پەڕینەوە لە گۆڕەپانی قوتابخانە. خوێندنگە لە تەنیشت یەکەوە، "مامۆستای ھونەر و وەرزش دەتوانن لە کاغەزی بەکارھاتووی ساڵی پاری قوتابخانە لە بری سوتاندنی و پیسکردنی ژینگە،‌ ھێڵە سپییەکان دروست بکەن" لە گۆڕەپانی قوتابخانە منداڵان فێری پەڕێنەوە لە ھێڵەکانی پەڕینەوەی ‌سەرشەقامەکان بکەن، چونکە ھەر رێنماییەک بە کرداریی جێبەجێ نەکرێت، ئەوە بە شێوەیەکی کاریگەر لە مێشکی منداڵدا ناچەسپێت، لەمبوارەدا دەکرێت سوود لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆ وەربگیرێت بە ‌ئامادەبوونی پۆلیسێکی بەڕێزی ھاتووچۆ، بۆ روونکردنەوەی چۆنێتی پەڕینەوە بە بێوەیی لەسەر شەقامەکان و ئەنجامدانی، ‌ ئەم کارە زۆر بە ‌نرخە لەڕووی تێکەڵبوونی خوێندکار/ قوتابی، بە جیھانی دەوروبەری و ناسینی شتەکان.

٥- دانانی کاتژمێرێکی تا ڕادەیەک گەورە، لەجێگەیەک کە بتوانرێت ھەمووان بیبینن، مامۆستایەک یان بەڕێوەبەری قوتابخانە،‌ باسی کاتی ھاتن و رۆشتنەوە بۆ ماڵەوە و کاتی وانەکان بکات، ھەروەھا بە نووسین یش لەسەر "فلاش کارت - کاغەزی بچووک"ی رەنگاو رەنگ، بۆ منداڵان بنووسرێت و پیشانی خوێندکار/ قوتابی، بدرێت، بۆ نموونە (٠٨:٠٠ - ٠٨:٤٠) یان بە گوێرەی کاتی قوتابخانە، (چونکە ھەندێک قوتابخانە دوو وانە پێکەوە دەخوێنن، کە بەداخەوە ھەڵەیەکی زانستییە) پێویستە بەڕێوەبەر یان مامۆستا دەنگی بە ڕوونیی و تەواوەتی بگاتە گوێی ھەمووان و لە شوێنێکی دیاریکراو بوەستێت و ھێندە نەجووڵێت، تا سەرنجی منداڵان پەرت نەکات و منداڵان خەریک بکات بە تەماشای رێو رۆیشتنی مامۆستاوە.

٦- ریزکردنی منداڵ و چۆنێتی رۆشتن بۆ ناو پۆل و ھاتنە دەرەوە لە پۆل و رۆیشتن  بۆ فرۆشگەی قوتابخانە، لەو بابەتە گرنگ و جێی گرنگی پێدانەن کە ھەر قوتابخانە و خوێندنگەیەک پێویستە فەرامۆشی نەکات، چونکە بەلایەنی منداڵەوە زۆر گرنگترە لە وانەکان، بۆیە بەڕێوەبەر و مامۆستای کارامە دەکرێت لە رێگەی بەکارھێنانی (TOOL and TECHNIC)ی ھەمەجۆرەوە ئەم کارانە رێکبخات، وەک ھێڵی رۆیشتن بۆ فرۆشگەی قوتابخانە رەنگی سوور بێت، ھێڵی رۆشتن بۆ پۆل رەنگی سەوزبێت، ھێڵی رۆیشتن بۆ ماڵەوە رەنگی زەرد بێت، ھێڵی رۆشتن بۆ یاریگە رەنگی شین بێت،... تاد. ئەم جۆرە کارانە لەلایەکەوە خوێندکار فێری چەندین کارامەیی ناسینەوەی رەنگ و دیسپلین و پابەندبوون و سەرەگرتن و رێک وەستان دەکات، خۆی ھەر لەبنەڕەتدا قوتابخانە و خوێندنگە بۆ رێکخستنی زانستییانە و ئامانجدار و ئاراستەکراوی ھاوڵاتی وڵات و راھێنانیەتی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ژیانی ئایندە.

٧- ھێنانی تەختەی سپی، یان کاغەزی گەورەی (فلیپ چارت) بۆ ناو گۆڕەپانی قوتابخانە و کێشانی وێنەی درەختی قوتابخانە/ خوێندنگە، دواتر نووسینی ناوی ھەر خوێندکارێکی پۆلی یەکەم یان حەوتەمی بنەڕەتی لەلایەن قوتابیی خۆی یان مامۆستا یان خوێندکارێکی دیکەوە بە ڕەنگی جیاواز، وەک داری سێو، یان داری پرتەقاڵ، یان ھەر دارێکی تری بەردار، ئەم کارە مانایەک بە ژیان و بوونی خوێندکار/ قوتابی دەدات و دڵسۆزیی و لایەنداری بۆ قوتابی/ خوێندکار دروستدەکات بەرامبەر وڵات و خاک و قوتابخانەکەی.

 لە ‌ڕاستیدا؛ مامۆستا بە ئەزموون و دڵسۆز و خەمخۆرەکانی کوردستان، کە لە ئێمە زیاتر دەزانن، دەتوانن کاری باشتر بۆ رۆژی یەکەمی خوێندن و کردنەوەی دەرگەی خوێندنگە/قوتابخانە بکەن، بەو ھیوایەی کە لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانە و خوێندنگە ھیچ بەڕێوەبەر و مامۆستایەک بە دار یان سۆندە یان کلکە ماسیحەوە لەبەر دەرگە نەوەستن و نەقیژێنن بەسەر ئەو منداڵە چاوگەش و دڵ پڕ ھیوایانەی کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لەلایەن بەخێوکەرانەوە قوتابخانەیان لەلا خۆشەویست دەکرێت.