سەردێڕ:

نەوەی نوێ خۆی ھەلی سازان بۆ نەیارانی

5/11/2019 7:58:28 PM
5340 جار خوێندراوەتەوە
بەهادین نوری
+ -

    لە بارودۆخە سەختەکەی ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نەوەی نوێ وەکو یاریچیەکی تازە ھاتە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێم ، ناتوانم بڵێم بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی لەدایک بوو ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دروستبوونی ئەم ڕێخراوە کاردانەوەیەکی ئەو ھەڵە کوشندەیەبوو کە پارتی و یەکێتی تێکەوتن . لەو ڕۆژانەدا کە بانگەشەی گەرم و بەربڵاو بۆ ڕیفراندۆم دەکرا ، وەک بڵییت چرکەیەکی ماوە بۆ لە دایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد ، دۆخی ھەرێم زۆر پێویستی بە رێخراوێکی وەکو نەوەی نوێ بوو کە ھەڵوێستێکی ڕوون و رەوانی ھەبوو دژ بەو ھەڵە ستراتیجیەی پارتی و یەکێتی + دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەتوانای ھەبوو . واتە بابەتیانە سەیری بکەین دۆخەکە لەباربوو بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ .

لەماوەیەکی کورتدا ن.ن ( نەوەی نوێ ) بەچوار کورسیەوە چووە  پەرلەمانی عێراق  و بە ھەشت کورسیشەوە چووە پەرلەمانی ھەرێم . ئەمە ئەنجامی خەباتێکی چڕ و پڕی بوێرانەی ئەم بزووتنەوە تازە پەیدابووە بوو . توێژێکی بەربڵاو ، بەتایبەتی لەنێوان لاوانی ھەرێمدا ، ھیوایان بەم ڕێخراوە بوو ، ن.ن شانسێکی باشی ھەبوو کەگەشە بکات و ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و کارامە ئەگەر بەدەستی خۆی ئاگری لەماڵی خۆی بەرنەدایە ، ئەوانە بەھەڵەداچوون کە دەڵێن ئەم لەتبوون و کێشەی ن.ن . دەستکردی پارتی و یەکێتیە.

گومان لەوەدانیە کە پارتی و یەکێتی ئەم لەتبوون و شەڕە قسەی نێوان ن.ن یان زۆر پێخۆشە  و ھەوڵدەدەن کەڵکی زۆری لێوەرگرن بۆ لەناوبردنی ن.ن .

  بەڵام برادەرانی ن.ن خۆیان بەرپرسیارن لە دروستکردنی کێشەکە ، ھەر خۆیشیان دەتوانن چارەی بکەن . قسەی شاسوار ڕاستە کەدەڵێ کەم ئەزموون بووە بۆیە توشی ئەم کێشەبووە ، باشە ئەوەش بزانێ کە گومڕاش بووە ، ئێستە باجی کەم ئەزموونی و گومڕایی خۆی دەدات.

ئەو پێیوابوو ، مادام سەرچاوەی دارایی ن.ن بێ دەتوانێ سەرچاوەی ھەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێخراوەیش بێ ، ھەرچی بوێ مافی خۆیەتی بیکات . 

 بەڵام شاسوار بەتەنھا بەرپرسیارنیە . ئەوانەش کە لەشاسوار جیابوونەوەتەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم تێشکانە دەکەوێتە ئەستۆیان . دەبوو ئەوەیان بزانیایە کەبەم جیابوونەوەیە رەنجی خۆیشیان دەدەن بەبادا ، دەبوو بیانزانیایە کە ھەلێکی زێرن دەرەخسێ بۆ نەیارانی ن.ن ، بەتایبەتی بۆ دەسەڵاتداران ، بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ن.ن . و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمڕۆ لە خراپترین حاڵیدایە لەم ھەرێمەدا . ئەمەش وەکو جەژن وایە بۆ پارتی و یەکێتی .

دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەم لەتبوونەیان بەھەل قۆستەوە بۆ سازدانی ھێرشی پۆلیسی بەگیانی تۆڵەسەندن لە ن.ن . لەسەر ئەوە کە قسەیان کردووە دژ بە پۆخڵەواتی پارتی و یەکێتی . بە پێی ڕاگەیاندنی ن.ن . ئەومەفرەزانەی ھەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ن.ن . بۆ گرتنی ئەوانەی ویستویانە ، گەنجانی دەمامکپۆش بوون ، ڕێگەی ھیچ گیراوێک نەدراوە چاوی بەکەس و کاری بکەوێت و پارێزەر بۆخۆی بگرێت . کە ئاسایش بە دەمامکەوە . بچێتە سەر ماڵێک یان بارەگایەک ئەمە ھیچ مانایەک نابەخشێ جگە لە چەتەگەری ،  دور لەیاسا و دیموکراسی .دەبێ ھەموو مرۆڤێکی مرۆدۆست نارەزایی خۆی دژ بەمە نیشانبدات و داوای لێکۆڵینەوە و سزای تاوانباران بکات . دەبێ حکومەتی بەغدادیش بێتە دەنگ . 

ئەو کەسانەش ھەن کەدەوڵەمەندێکی سەرمایەداری وەکو شاسوار حیزبی لەوە باشتری پێدروستناکرێ ، یان بزنس یان حیزبایەتی . ئەمە لە جیھانی ئەمڕۆدا قسەیەکەی نەگونجاو و دوورە لە واقع ، خۆزگە ئێمە رژێمێکی سەرمایەداری وەکو ھۆڵندا ، سوید ، کەنەدامان ھەبوایە لەباتی ئەم رژێمە خێڵەکیە نەتیدیموکراتیە پڕ لە گەندەڵکاریەی ٢٨ ساڵە .    

  لەکۆتاییدا بەبرایانی نەوەی نوێ دەڵیم : زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە . باشەری راگەیاندن بە فەوری بوەستێنن و بیگۆڕن بە موناقەشەی دوستانە . بارێگە نەدەن زیانی گەورە تریشیان بەر بکەوێ ، باپێوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە و بەوردی بیر لەبەرژەوەندی حیزب و گەل و نیشتیمان بکەنەوە . باکەشێکی وەھا دروستبکەن کە بتوانن لێکتر نزیک بێتەوە و یەکبگرنەوە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی باشتر کە  ئەزموونی ھەموو ھەڵەکانی لەمەو پێشی تێدا ڕەچاوبکرێ .