سەردێڕ:

چێژ لە چاکە چێژ لە بەدکاری

5/24/2019 10:05:22 PM
2847 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

مرۆڤ پێکھاتەیەکە لە چاکە و خراپە ، مەرگ دۆستە و ژیان دۆستە، ھەمیشە ئەم دوو ھێزی چاکە و خراپە لەسەر ئاستی تاک ھەم لەسەر ئاستی گشتی لە ململانێدایە، لێرەدا نامەوێت بە مانا فەلسەفیەکەی قسە لەسەر چێژبکەم چونکە پرسیاری فەلسەفی چیەتییە، بۆیە دەمەوێت لەسەر ئاستە باوەکەی یان کۆمەڵایەتیەکەی قسە لەسەر چێژ بۆ چاکە بکەم.

قسەیەکی باو ھەبوو دەیگوت چاکەت کرد بەم دەستە، با دەستەکەی ترت نەزانێت، ئەمە مانای ڕۆحی قوڵی ھەیە، بەڵام بۆ ئێستا نا چونکە ھەموو چاکەو خراپەکان ناتوانن لەمیدیاکان  خۆیان بشارنەوە، لێرەدا نابێت ڕۆڵی پەروەردە لە بیربکەین لە گەشەی چێژی چاکە لە ڕوی ڕِۆحی و کرداری مرۆڤدا، چونکە پرۆسەی پەروەردە بنەمای چاکەیە، چێژ، فێربوونیش تەنھا بۆ ژمارەیەکی کەمی خەڵکە ئەگەر لێی گەڕێین زۆر کەس نایەوێت فێربێت ئەگەر پرۆسەی پەروەردە نەبێت، بۆیە ئێستا چێژی چاکە تا ئاستێکی زۆر ھەستی پێ ناکرێت نیشانەی خەلەلی پەروەردەیە.
ئەمڕۆ ئەگەر سەیری ژینگەی کۆمەڵگا بکەین ئەگەر ھەستەکانی خۆمان تاقی بکەینەوە یان چێژ بکەین ئایا ئەمڕۆ، چێژ لە چاکە وەردەگرین یان بەدکاری، چێژی چاکە بە مانا گشتی یەکەی چیە؟؟ ئەوەیە کە کەسێک چۆن لە شتەکانی دیکە چێژ وەردەگرێت ، کاتێک چاکەیەک دەکات لەگەڵ کەسێک چێژ لەو چاکەیە وەردەگرێت دەرونی ئارام دەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ زۆر کەس چێژ لە خراپە وەردەگرێت وەک باس کردنی ھاوڕێکانی یان خەڵکانی دیکە بە خراپە، دوو ڕوویی لە ڕەفتاریدا ھەمیشە لەگەڵیدایە بۆ شکاندنی ھاوڕێکەی لە دانیشتنی ھاوڕێکانیدا دواتر قسەکان لە ڕێی زمان یان قەڵەمە ژەھراوییەکانیان پێچەوانە دەکاتەوە یان موبایلەکانیان دەکەنە دەزگایەکی فیتنەیی بۆ تۆمارکردنی دەنگی ھاوڕێکانیان و لە پڕۆسەیەکی ماستاو کردندا دەیگەیەنێتە ئەوی دیکە.

لە لایەکی دیکەوە مرۆڤی دیکە ھەیە لە چاکە کردندا چێژ وەردەگرێت کاتێ ھاوکاری ھەژارێ دەکات ، کاتێ ڕاستگۆیانە لەگەڵ دەوروبەری مامەڵە دەکات ، دەکرێت بەم مرۆڤانە بڵێین مرۆڤی باڵا، مرۆڤی باڵا چێژ لە عەدالەت وەردەگرێت، بەڵام مرۆڤی قەزەم و بەدکار چێژ لە ستەمکاری وەردەگرێت بە ھەموو ماناکانیەوە .

 مرۆڤی باڵا  بە بەدکاری ڕازی نابێت و ئازار دەچێژێت لە بەدکاری ھەر وەک بابەتاھیری ھەمەدانی دەڵێت:- (بەختیاری بۆ ئەو کەسەیە کە کاری بەد ناکات ، خۆشی بۆ ئەو کەسەیە کە بە بەدکاری ڕازی نابێت) . کەواتە کاتێک تاک چێژی لە چاکەکردن وەرگرت ئەوا کۆمەڵگایەکی ئارام و نموونەی دروست دەبێ بە پێچەوانەوە کاتێک تاک چێژ لە بەدکاری  وەردەگرێ ئەوا کۆمەڵگا دەکەوێ ، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو مرۆڤانەی چێژ لە چاکە وەردەگرن مرۆڤی  دەرون دروستن ، ئەوانەش چێژ لە بەدکاری وەردەگرن دەرون نەخۆشن.