سەردێڕ:

لەماڵەوە

3/16/2020 3:53:08 PM
8539 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

مرۆڤ ئەوبونەوەرەیە لەگەڵ ھەموو ھەلومەرجێکدا دەتوانێت خۆی بگونجێنێت، یان خۆی ڕابێنێت. ئیتردۆخی شەڕ و دۆخی ئاشتی و ھەردۆخێکی نەخوازراوبێت، مرۆڤ خۆی دەگونجێنێت وھەوڵ دەدات دژەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام تا دەگاتە چارەسەر ناچارە لەگەڵ ئەوچارەنوسەداھەڵبکات.

مێژوی مرۆڤایەتی ومرۆڤەکان لەم بارەوە نمونەی زۆری ھەیە، کە لە هەناوی ناوئمێدیەوە ئومێدی ئەفراندوە. مرۆڤ لەودۆخە ترسناکانەدا توانیویەتی سود وەرگرێت وداھێنانی گرنگ بکات. لەبری ئەوەی ھەلومەرجی ناھەموارببێتە ھۆکاری داڕمان ونائومێدی، مرۆڤ کردویەتی بەپاڵنەری داھێنانی زانستی وھونەری وئەدەبیی گەورە. بۆ نمونە لە ساڵی ١٦٦٥ لەسەردەمی تاعوندا ئیسحاق نیوتن قوتابی زانکۆبوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەکەوە بۆماوەی ساڵێک نێردرایەوە ماڵەوە وکەرەنتینەکرا، نیوتن ئەوساڵەی کە لەماڵەوە دانرا، قۆستیەوە وبەبەتاڵی دانەنیشت، بەڵکو کەوتە بیرکردنەوە و توێژینەوەو وردبونەوە، تا لەئەنجام دا توانی تیۆرییەکەی دەربارەی ـ ھێزی کێشکردنی زەوی و ـ بیناییزانی و ـ کاڵکولەس دابڕێژێت. دوای ساڵەکە گەڕایەوە زانکۆ و پاش چەند ساڵێک بوو بە پرۆفیسۆر .

ھەروەھا کاتێک شکسپیر بەھۆی تاعونەوە کرەنتینە دەکرێت، ئەوکاتەی کەلەماڵ دەبێ شانۆنامەی شالیر دەنوسێت.

ئێستاش لەکاتێکی ھاوشێوەداین، ئەوکات تاعون ئێستا کۆرۆنا، ئەوەیە کە دەڵێین مێژوو خۆی دوبارەدەکاتەوة. ھەلومەرجی ئێستا چەندە ترسناکە، میدیا ھێندەی دیکە ترسناکی کردوە، بۆیە بۆ ڕێگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی ھەرێم ڕێوشوێنی جیاجیا وجدی گرتوەتەبەر. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە کەرەنتینەکردنی شارەکانەو ھێشتنەوەی ھاوڵاتیانە لەماڵەکاندا، ئەمەش بۆبەرژەوەندی گشتییە، بەڵام پێدەچێ بۆ ھەندێکمان کە حەزی لەجوڵەو گەڕانە، کەمێک قورس بێت.

بۆیە دەبێت ھەمومان بەرنامەی ئەوماوەیە دابنێین. ھەنگاوی یەکەم پاک وخاوێنی وخۆپاراستنە، دواتر ئەوەی کە زۆرگرنگە قۆستنەوەی ئەو ماوەیە بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و دەوڵەمەندکردنی هزرو وپەروەردەمان، ئەویش لەڕێگای خوێندنەوەی کتێبەوە، کە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکان بۆ پەروەردەو ڕۆشنبیریمان. من ناڵێم وەک شکسپیرو نیوتنمان پێدەکرێ، بەڵام دەتوانین لەڕێگای خوێندنەوەوە لەمرۆڤبونی خۆمان وئەرکی خۆمان و ئیرادەمان بگەین . بیر بکەینەوە ئێمە چۆن ئەو ماوەی کرەنتینەیە دژی کۆرۆنا بەکتێب پڕکەینەوە ئەو دابڕانە لەگەڵ دەرەوە بکەینە داھێنان وخۆڕۆشنبیرکردن.