سەردێڕ:

یەکێتییەکان وەک موڵکی گشتیی

2/17/2020 2:31:32 PM
11970 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

سەرھەڵدان و دروستبوون و دامەزراندنی  ھەر ڕێکخراوێکی پیشەیی و سیاسی لەگەڵ دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگادا ھاوکاتە، چونکە پێداویستی بارودۆخی ئەو وڵاتە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە دیاریدەکات، واتە سەرھەڵدانی ھەر ڕێکخراوێک بۆ وەڵامی پرسیاری ئەو قۆناغەیە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو سەردەمەیە.

ئەگەر سەیری دۆخی سیاسی کوردستان بکەین بە درێژایی مێژوو لە دۆخی شەڕی بوون (وجود)ی نەتەوەییدا بووە، بۆیە زۆربەی ڕێکخراوەکان کە دروستبوون بۆ وەڵامی پرسیاری ئەو شەڕە بووە، واتە ( وجود).

ئەوەی لە مێژووی نوێی کوردستاندا وەک ڕێکخراوێک تەرحی خۆیکردووە، یەکێتی لاوان و قوتابیانی کوردستان کە دواتر بووە بە دوو یەکێتی جیاواز لە ١٨ی دووی ھەموو ساڵێکدا یادی ئەو دوو یەکێتییە دەکرێتەوە. نابێت لەبیرمانبچێت ھاوخەبات لەگەڵ ئەم دوو ڕێکخراوەدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دێتە مەیدان، ئەم ڕێکخراوانە ئەگەر لەکاتی جیاوازیشدا دروستبووبن، بەڵام بۆ یەک ئامانجی بەرز دروستبوون ئەویش بەشداری ھەموو چین و توێژەکان بووە لە شەڕی خەباتی ڕزگاریخوازیدا، لەم شەڕی ڕزگاریی نەتەوەدا ئەم سێ یەکێتییە ڕۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە بزوتنەوەی کوردایەتیدا،  بۆیە مێژوویەکی پرشنگداریان ھەیە.

بۆ ئەوەی ئەم مێژووە نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، دەبێت ئەم یەکێتییانە چی بکەن؟ لە راستیدا بۆ ئەم وەڵامە بەندە ڕا و سەرنجی خۆم لەمبارەیەوە ھەیە و پێمباشە ھەریەکێک لەم ڕێکخراوانە ڕا و سەرنجیان لەسەر ئەم بۆچوونانەی من ھەبێت، واتە ئەم وتارە ببێە بابەتێک بۆ گفتوگۆ، ئەوەی پێویستە ئەم ڕێکخراوانە گرەوی ئایندەی پێبەرنەوە پێویستە بە دوای کلیلێکدا بگەڕێن دەرگای ئەقڵی ئەم سەردەمە بکاتەوە، لێرەوە کۆدەکانی ویست و داخوازییەکانی چین و توێژەکانی خۆیانی پێبکەنەوە، یان پێویستە پرسیاریان ھەبێ و ڕۆبچنە ناو کێشە گەورەکانەوە و ئەقڵانی ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن، بە بیرکردنەوەیەکی ڕەسەنانە (بیرکردنەوەی ڕەسەنانە واتە چۆن دەسیان بگاتە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم سەردەمە)، سەرەتای ئەم ڕۆچونە بۆ قوڵایی کێشەکان و دۆزینەوەی کۆدەکان ئەوەیە ئەم یەکێتییانە ببنە موڵکی گشتی چین و توێژەکانی خۆیان، واتە گەنجێک لەھەر شارێکی ئەم کوردستانە یەکێتی لاوان بە ماڵی خۆی و نوێنەری خۆی بزانێت بۆ قوتابیان ھەروا و بۆ ئافرەتانیش ھەروا، چونکە سروشتی ڕێکخراوەکان کوردستانییە، واتە پابەندی ئایدۆلۆجیەکی داخراو نییە.

گەر دوێنێ ئەرکی ئەم یەکێتییانە شەڕی وجود بووبێت، ئەمڕۆ شەڕی ھەمەلایەنەیان لەبەردەمدایە، شەڕی کەلتوری کە شەڕێکی سەختە، بەرۆکی ماڵی کوردستانی گرتووە ڕۆچوەتە ئەقڵمانەوە، شەڕی توندڕەوی، شەڕی جەنگی شاراوە (ماددە ھۆشبەرەکان)، تێگەیشتن لە تەکنەلۆجیای سەردەم. کەواتە دەبێت ئەم یەکێتییانە دۆخی تێزەکەی (ڕانداڵ کۆریس) جێبێڵن.

(ڕانداڵ کۆریس) لە کتێبەکەی بەناوی سۆسۆلۆژیای ململانێ دەڵێت؛ ھاوبیرەکان ھەمیشە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە، ھەرگیز حەزناکەن تێکەڵی دژەکانیان بکەن یاخود ڕۆناچنە فەزای گشتی، بۆیە نازانن لە دەرەوەی خۆیان چی دەگوزەرێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ئەم دۆخە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ترسمان لەیەک ھەیە، بۆیە ناکرێینەوە بۆ یەک، ئەمەش وادەکات لە خوێندنەوەکانماندا بۆ واقع بکەوینە ھەڵەوە، کەواتە واقع ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت ئەگەر دوێنێ لەبەر دۆخی شۆڕش و قۆناغەکانی نھێنی وا پێویستی کردبێت ئەم  یەکێتییانە جۆرێک لە ڕێکخستنی کۆنکرێتی پیادەبکەن، ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی جیھاندا و فەزای گشتیدا پێویستە ئەم ڕێکخراوانەش بکرێنەوە، کرانەوە بەو مانایەی ھەر چین و توێژێک پانتایی ئەم ڕێکخراوانە بە کێڵگەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بزانێت، ئەمە دەبێتە بردنەوەی گرەوی ئایندە بۆ ئەم یەکێتییانە.

واتە ئەوکاتەی دەبنە موڵکی گشتی چین و توێژەکانی خۆیان دەتوانن درێژە بە مانەوەی خۆیان و پێشڕەوی چین و توێژەکانی خۆیان بکەن بە پێچەوانەوە توشی دابڕان دەبن لەگەڵ پێکھاتەکانی قوتابی و لاو و ئافرەتانی کوردستاندا، ھەنگاوی یەکەم و بناغەی ئەم کرانەوەیەش دەبێت لە مەعریفەوە سەرچاوە بگرێت.