سەردێڕ:

کێ لە بری کورد قسە بکات؟

1/13/2020 2:31:10 PM
10146 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکانی جیھان و ناوچەکە ئەوەمان پێ دەڵێن کە گۆڕانکاری ھەمەلایەنە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات، ئەمەش لە ئەنجامی گۆڕانی جیھانبینی خەڵکی ناوچەکەیە بۆ ھەموو کایەکانی ژیان، سەدەکانی پێشوو لە ئەنجامی شەڕە گەورەکان و ڕێککەوتنە گەورەکاندا، کورد بە دەسبەتاڵ و بارکراو بە تراژیدیا لێی دەرچووە، ئێستا جوڵە جیھانی و ناوچەییەکان ئاماژەکانی ئەوەمان پێدەڵێن کە کورد دەبێت وردتر و دوورتر بیربکاتەوە، لێرەوە دەبێ کۆی کورد تێگەیشتنی دیکەی بۆ پرسی کورد ھەبێت دەبێ پێش ئەوەی پرسی کورد بە پرسێکی یاسایی، سیاسیی مۆڕاڵی و ئابوری ببینێت، دەبێت تێبگەین کە پرسێکی فەلسەفییە، پەیوەستە بە ململانێی بوون و نەبوون،  بریتییە لەبەریەککەوتنی دوو ئاگایی جیاواز.

ڕاستە ئەم شەڕە شەڕی نەتەوەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دێرین ئەمە شەڕی بونناسانەیە لە نێوان دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ ژیان، ئەگەر دیکارتیانە پرسەکەمان بخوێنینەوە تێدەگەین کێشەی ئێمە کێشەی بوونی ئێمەیە، چون ئێمە ھەین و نین، کەواتە ئێمە لە پارادۆکسدا دەژین، ئەوەی لەم دۆخە ڕزگارمان دەکات چییە؟ لێرەدا دیکارت بەرەو ئەو شوێنەمان دەبات کە نەریتێکی نوێ بکەینە ڕۆشنایی بۆ پرسەکەمان، ئەمەش لەوێوە دەبێت تەسەورەکانی پێش و لە خۆمان داماڵین، گەمە بچووکەکانی ناو ماڵی کوردی دەس لێھەڵگرین گەورەتر بیربکەینەوە، چونکە ژیانی سیاسی و کەلتوری ئێمە جێگای بەزەییە و ھەژارە، بۆ ڕاست کردنەوەی ئەم بارودۆخە پێویستمان بە بنەمایە، ئەو بنەمایەش پێویستی بە دیدێکی ڕوناکی نوێ ھەیە. کاتێک دیکارت دێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی، ئەو پێی وابوو (ئەوەی کە منی مرۆڤ دەتوانم دڵنیابم لێی، دڵنیابوون لە دەرەوە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لە خۆم، من لەیەکەم قۆناغدا پێش ئەوەی زانست لەسەر دەرەوەی خۆم پەیدابکەم، دەبێت زانست لەسەر خۆم  پەیدابکەم، دەبێت دڵنیابم لە خۆم، دواتر ھەوڵدان بۆ دڵنیایی لەدەرەوە، لە قۆناغی دووەمدا لە ڕێگای ناسینی خۆمەوە ھەوڵی ناسینی جیھان بدەم) ئەمە کێشە  مێژووییەکەی کوردە، بێ ئەوەی خۆی بناسێت، دەیەوێت جیھان بناسێت، لە کاتێکدا ئێمە لە بری پێناسەی خۆمان، خەریکی پیاھەڵدانی خۆمانین، ئەمەش لە گەمەیەکی بچووک تێناپەڕێت.

ئێستا ناوچەکە لە گۆڕانکاری خێرادایە، ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی و کێشەی ئێران و ئەمەریکاش ئەوەمان پێ دەڵێن کە ھێزی ناوچەکە تەنھا بەرامبەر کورد ھێزبوون، ئەویش لە پەرتەوازەیی ھێزی کورد خۆیەتی، ئەگینا ئەوەتا دەبینرێت ئەو دەوڵەتانەی بە درێژایی مێژوو کورد دەچەوسێننەوە، بەرگەی گەمەیەک و گورزێکی جدی ھێزەکانی نێودەوڵەتی ناگرن، ئەمە پێمان دەڵێت پێویستە کورد بگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی، ناو مێژووی خۆی، ناو مێژووی ململانێ ناوخۆییەکانی خۆی، ناو ئێستا، ئەمەش پێویست دەکات ھەرلایەک نەترسێ و دان بەھەڵەی خۆیدا بنێت پرسیارێک لەخۆمان بکەین، ئێستا پێویستمان بە چییە، بۆ قسەکردن لەگەڵ دەرەوەی خۆمان؟ ئەمەش پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ھێندە قووڵ نییە تەنھا ئەوەیە پرسیار بکەین و پێناسەی پرسیارەکەش بکەین، لێرە نامەوێ بێمە ناو کێشەکانی گەندەڵی و ئەو بابەتانەی بەڕێوەبردن ئەوە قسەمان لەسەرکردووە، پرسیارێک ئێستا دەبێ لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا لەم دۆخە ئاڵۆزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە ژاندەیگرێ بۆ لەدایک بونێکی نوێ، قسەکەرێک، ناوەندێک نەبێ لەگەڵ جیھانی دەرەوەی کورددا بەناوی ھەموو کوردەوە قسەبکات، ئایا کاتێک وەفدێکی باڵای ئەمەریکا، ئەوروپا، ناوچەیی و عێراقی دێتە کوردستان بۆ پرسێکی گرنگی ستراتیجی ئەمە ناوی لێدەنێن چی؟ دەبێ لەھەولێرەوە تا ھەڵەبجە و پارێزگا بە پارێزگا سەردانی ناوەندی سیاسی و کەسایەتی سیاسی بکات بزانێت ڕای کورد چییە؟ ئەرێ پرسیار ناکەن ئەو نوێنەرانەی کە دێنە کوردستان و دەگەڕێنەوە حاڵی ئێمە چۆن دەگەیەننە ناوەندەکانی بڕیار، ئەمە پێی دەڵێن پاشاگەردانی سیاسی، چارەسەری ئەم پاشا گەردانیە ئەوەیە جێگایەک ناوەندێک دامەزرێ بۆ ئەوەی جێگایەک بێت لەبری ھەموو کورد قسەبکات بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکەم ناوەندێک بۆ دروستکردنی بڕیار دامەزرێت لە نوێنەری ھەموولایەنە سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و دۆستانی کورد لە ھەرکوێ ھەن، بەڵام ئەم کەسانە لەو جۆرە کەسانەبن کە ئەقڵیان بە سیاسەت بە فکر بە بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بشکێت. دەکرێت ئەم ناوەندە لە پرسە ستراتیژییەکاندا راِوێژ بداتە سەرۆکایەتی ھەرێم، بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی بڕیار بۆ قسەکردن لەگەڵ دەرەوەی ماڵی کوردستان.

خۆ ئەگەر کەسی یەکەمی حزبەکان لەم دەستەیان ناوەندەدا ئەندام بن  ئەوا دروست کردنی بڕیار ئاسانترو خێراتر دەبێت ،چیتر کەسیش ناڵێت من ئاگام لەم جۆرە جوڵە و بڕیارانە نییە، کەواتە بۆ دەرباز بوون لەو پاشاگەردانیە سیاسییە دەبێت جێگایەک ھەبێت بۆ پرسە گرنگەکان، لەبری کۆی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوەی ماڵی کوردستان بکات، بەردەوامبوونی ئەم شێوازە و فرە ناوەندییە لە ڕاستیدا کورد و سەرکردایەتی لە ئاست دەرەوەی ماڵی کورددا دەخاتە بەردەم پرسیارێکی بێ وەڵام. 

تێبینی: سوود لەمانەی خوارەوە بینراوە
١. کوردناسی
٢. کۆرسەکانی فەلسەفە