سەردێڕ:

هەموان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدا

11/1/2019 8:36:20 PM
6048 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

لەسەردەمی دوو جەمسەریدا ئەوکاتەی ڕوسیا و ئەمەریکا لە ململانێ دابوون، سۆڤیەت بەرەی سۆشیالیستی و ئەمەریکا بەرەی سەرمایەداری، کورد لە نێوان ئەم دوو بەرەدا ھاڕاو جەستەی ھەلا ھەلا بوو، ھەمووکات ئەم دوو ھێزە یان ئەم دووبەرەیە وەک ئەڵقەی قوربانی کوردیان بەکارھێناوە، بۆیە کورد بەردەوام لە جەنگی تاقەت پڕوکێنەردا بوووە. دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاند و وایان نیشاندا کۆتایی مێژووە، ئەو مافەیان بەخۆیاندا کە سەر کەوتووبوون، لەدوای جەنگی سارددەوە سیاسەتی نێودەوڵەتییان بە جۆرێکی دیکە پێناسە کردووە دەست وەردانیان لەھەموو ڕوویەکەوە لە جیھان دەکرد. سیستەمی نوێی جیھان کە ڕۆژئاوا دامەزرێنەرییەتی تائێستا خۆی بەزاڵ دەزانێ، بەڵام ڕووداوەکانی دوای بەھاری عەرەبی، ئێستا شتێکی دیمان پێ دەڵێت کە جوڵەی مێژوو بەشێوازێکی دیکە ڕێ دەکات و ئەم جوڵە و گۆڕانکارییانە وانیشان دەدەن کە ڕێگەی دەرکەوتنی جەمسەری نوێ دەردەکەوێ لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە نمونە (چین، مالیزیا، ھند، ڕوسیا، ئێران، تورکیا). ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک جاران ھێزگەلێکی تۆکمە نین، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. بۆیە ئێستا ناوچەکە بەزنجیرەیەک شەڕی ناوخۆدا گوزەردەکات  بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ( ئێران و تورکیا و سعودیە) وای کردووە لە پشتی ئەم شەڕانەوەبن و ئەم شەڕانە زنجیرەکی پەیوەستن بەیەکەوە بۆیە، گۆڕانکاری لەھەر جێگایەک ڕوبدات کاریگەری لەسەر ناوچەکان و جێگاکانی دیکە ھەیە. واتە کۆپی دەکرێ لە ناو ئەم پانتاییەدا، ڕوسیا وەک یاریچییەکی سەرەکی دەردەکەوێت، کەواتە ناوچەکە چاوەڕوانی شەڕی قورستر دەکات و ھیچ دوور نییە لە عێراق شەڕی ناوخۆ ھەڵبگیرسێت وەک (یەمەن و سوریا). ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت جیھان بەرەو فرە جەمسەری ئابوری سیاسی دەڕوات،  بۆیە پێ دەچێ سەر لەنوێ ناوچەکە دابەش کەنەوە وەک جێ نفوزی خۆیان کوردو کوردستان بەشێکی دیاری ناو ئەم ڕوداوانەن، چونکە کورد لەسەر چوار دەوڵەت دابەشکراوە، کە ھەرچواریان ئێستا بەشێکن لە ڕوداوەکان و لە جەنگەکان، ھیچ نەتەوەیەکی ژێر دەستیش وەک کورد ئەزموونی کەوتن و ھەستانەوەی نییە. لەسەدەکانی ڕابردوودا  دوو جەنگی گەورەی جیھانی ڕویاندا دەرەنجام و لێکەوتەکانی دوای ئەو دوو جەنگە جیھانییە کورد کراوەتە قوربانی. ئێستا جیھان بەشێوازی جیا جیا لە جەنگێکی جیھانیدایە 
دەبێ کورد چی بکات؟ 
پێویستە ئەوە بزانین لە دابەش کردنەوەی  ناوچەکەدا ئێمە چۆن لەگەڵ جەمسەرەکاندا مامەڵە دەکەین، بەتایبەتی ئەمەریکاو ڕوسیا، ڕاستە ئێستا ڕوسیا گەمەکەرێکی سەرەکی یە، بەڵام ئەمەریکا لە ناوچەکەدا سیاسەتی نەگۆڕی ھەیە، ھەموو گۆڕاوەکانی لە خزمەتی ئەو نەگۆڕانەدایە. ھەموو وڵاتانی ناوچەکەش ئەو شەڕانەی لە فەلەکی ڕوسیاو ئەمەریکا دەیکەن دژی یەکن ( ئەوشەڕانەی نێوان ھەریەک دژی ئەوی دیکە، تەنھا بۆ ژیان  نییە تەنھا بۆ ئەوە نییە ھەریەکە بژی بەڵکو ئەو شەڕە بۆ ددانپێدانانە لەنەخشەی سیاسی داھاتوودا). بۆیە دەبێ کورد ڕێگاکان بۆ گەیشتن بە ددانپێدانان بگرێتە بەر، ئەویش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ جەوھەری یەکێتی ڕۆحی کوردان. لێرەوە بۆ گفتوگۆ ھەنگاو ھەڵگرێت بۆ شەڕ، بۆھەرئەگەرێک بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەم جەوھەرە ھەموو سەرمایەکەمان بێ مایە دەبێ، وەک ئەوەی لە مێژوودا دەیخوێنینەوە، کەواتە پێویستە لەمەودوا دەست لە پیاھەڵدان و شکاندن ھەڵبگرین، چون ھەردووکیان وەک یەک ناشرینن. بۆیە ئەوەی گرنگە دەبێ سەرەڕای جیاوازییەکان، لەم قۆناغەدا یەکێتییەکی سیاسی ھاوبەش پێکبھێنین بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا بەیەک گوتاری سیاسی واقع بخوێنینەوەو ئەم گوتارە سیاسیە بتوانێ یەکێتییەک لە نێوان ڕاگەیاندنەکاندا بۆ پرسە ستراتیجییەکان دروست بکات، بۆ ئامادەکاری ھەرپێشھاتێک، چونکە ئێمەلە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین، تاقیکردنەوەیەک خولی دووھەمی نییە. بۆیە لەسەر ھەموو ھێزە سیاسیەکان پێویستە دان بەوەدا بنێن ئێمە لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە تا ئێستا ٩٠%ی وزەی کوردستانمان لە دژایەتی یەکتر بەکارھێناوە، بۆیە دەبێت ئێستا لەم قۆناغەدا ھەڵوێستەیەک بکەین، جیاوازییەکان و ڕقەکانمان سڕبکەین، بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییەکاندا جێگامان ھەبێت. ئەمەش دەکرێت لە چوارچێوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا، کە دامەزراوەیەکی شەرعییە، وزەو تواناکان کۆبکەینەوەو رێکی بخەین و لێرەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی کورد و دەرچوون لەم تاقیکردنەوە دژوارەدا ئاڕاستە بکرێن.