سەردێڕ:

ڕێگاکانی بەرەو دەوڵەت

9/8/2019 3:35:15 PM
7762 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ئەم ناونیشانەی سەرەوە ناوەڕۆکەکەی وەک ئەوە نییە کە دەڵێن چۆن لە ٢٤ کاتژمێردا دەبیت بەملیۆنێر، بەڵکو لە ئەنجامی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە واقع نوسیومە، چونکە بابەتێکە ژیانی کۆمەڵگەی پێوە بەستراوەو ئایندەی نەتەوەیەکە، ھەمیشەش لە بیرکردنەوەی کوردپەروەرانی ڕاستەقینەدا دەژی، بۆیە لێرەدا دەمەوێ ئەو ڕێگایانەی ئێمە دەگەیەنێتە دەوڵەت بەتێگەیشتنی خۆم بخەمە ڕوو، پێش ھەمووشتێ دەبێ پرسیار بکەین ئەو ڕێگایانەی دەمانگەیەنێتە دەوڵەت کامانەن؟ بۆ تائێستا نەبوینەتە دەوڵەت؟ خەتای کورد خۆیەتی یان ئەوانەی دیکە؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکە لەم بارەیەوە دەکرێ لە خۆمانی بکەین و بگەین بەوەڵامەکانی، لێرەشدا بۆئەوەی بتوانین وەڵامی دروستمان دەستکەوێت لەسەر ھەرکێشەیەک دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژووەکەی، لەم بارەیەوە ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین قۆناغەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەسروشتی نەبڕیوە، ھەمیشە چەوساوەو داگیرکراو بووە، خراپترین و ترسناکترین جۆری داگیرکاری، داگیرکاری کەلتورو پەروەردەو بیرکردنەوەیە، کە دوژمنانی کورد بە بەرنامە کاریان لەسەرکردووە، ھەرچەندە کورد ھەمیشە لەبەرگریدا بووەو شەڕی مانەوەی کردووە، بەڵام دوای ئەو ھەموو قوربانیە، نەیتوانیوە بگاتە کامڵ بونی (واتە دەوڵەت) چونکە ھەرنەتەوەیەک دەوڵەتی نەبوو نەتەوەیەکی ناکامڵە، بۆئەوەی بگەینە کامڵبوون ، کورد لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بەجیھانی وت: "ئێمەش دەمانەوێ سەربەخۆ بین" ھەرچەندە ئەو ڕاپرسییە لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو نەبوو،  بەڵام لەلایەکەوە بوو بە وێستگەیەکی مێژووی ئاسایشی نەتەوەی کورد، لەلایەکی دیکەوە بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندە بوو بە بنەما ، کە بۆ پرسی سەربەخۆیی بگەڕێنەوە بۆی،  بەڵام  دەبێ ئەوە بزانین کە لەم قۆناغەدا کامانەن ئەو ڕێگایانە دەمانگەیەنێتە دەوڵەت دەست نیشانی بکەین، ئیتر ڕێگاکان دوورمەودا یان نزیک مەودابن، بەڵام کاری یەکەمی ئەم قۆناغە ئەوەیە، کە بە خوێندنەوەیەکی نوێ ئەو ڕێَگایانە بگرینەبەر وەک پڕۆسە نەک وەک پڕۆژە، دەکرێ ئەم ڕێگایانە ڕێگای جەوھەری بن کە بریتین لە :-
١-پاراستنی ھەرێمی کوردستان و بەھێزکردنی: 
کەئەمە دەکرێ ڕێگای یەکەم بێت، چونکە لێرەوە دەتوانین بە ڕێگاکانی دیکە بگەین.
٢-شەڕی ددان پێدانان (ئیعتراف):
لە ڕاستیدا ھەرچەندە خەبات و شۆڕش و قوربانی بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نیشتیمانی بەردەوام بێت، ئەگەر ئیعترافت پێ نەکرێ ناگەینە ئەنجام ، چونکە ئەگەر بە قوربانیدان و شۆڕش بوایە کورد بەشی دروستکردنی چەندان دەوڵەت قوربانیداوە ،بەڵام مادام ئیعترافی نییە ئەنجامی نییە، خۆ ئەگەر سەیری زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بکەین بەبەراورد لەگەڵ کورد قوربانییان ئەوەندە نەداوە ، کەچی بوونەتە دەوڵەت  بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئیعترافیان وەرگرتووە یان پێکراوە، بۆیە دەبێ ئێمە ئەو ئیعترافە بکەین  کە ئێمە نابینرێین، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکی کوێرداین نەچاوی سیاسەت، نەچاوی زانست نەچاوی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتە گەورەکان نامانبینێت، ڕێگری ئەم بینینە بەرژەوەندی ھێزەکانە، بۆیە دەبێ  ئیتر ئێمە لەوە بگەین کەسیاسەت نابێ لەیەک گۆشەنیگاوە  لێی بڕوانین، چونکە (ھەر کۆمەڵگەیەک نەیتوانی لەچەند گۆشەیەکەوە لەسیاسەت بڕوانێت، ئەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست نییە) کەواتە، دەبێت لەم بارەیەوە کورد جیاواز لە جاران سیاسەت بکات.
٣-لۆبی: 
ھێزێکی کاریگەر کە بتوانێ ھێز بەکورد بدات لۆبی کردنە لە دەرەوەی، ئەگەر واقعی سەیر کەین کورد لەم لایەنەوە کڵۆڵە ، نەیتوانیوە لۆبی بۆ فشاری سیاسی دروست بکات ، چون لۆبی کردن ئەگەر دروست ئیدارەی بدرێت زۆر ڕێگای بۆ کورت دەکاتەوە ، ھەر ئەم لۆبی کردنە بو کە جولەکە توانی خۆیانی پێ دروست کەن و لەپەرتەوازەیی دەربازبن،  بۆیە ئەرکی سەرکردایەتی کوردستانە بیر لەم مەسەلەیە بکاتەوە بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم دەکرێ شارەزایانی ئەم بوارە لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەبۆ دروستکردنی لۆبیایەکی بەھێز لەدەرەوە.
٤-یەک گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی:
ئەگەر ورد قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد بخوێنینەوە، خاڵی ھەرە لاوازی کورد قبوڵ نەکردنی یەکترییە زۆر کەم لە مێژوودا دەبینرێ ماڵی کورد ماڵێکی یەکگرتوو بێت بەڵکو ھەمیشە پەرتەوازە و بیمارو ناھاوسەنگ لە گوتاردا بوەتە مۆرکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، تاچارەسەری ئەم مەسەلەیەش نەکەین زەحمەت دەبێ لە ھیچ ڕێگایەکی ترەوە بگەینە ئامانج ، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ لەبیرکردنەوە دزێوەکان خۆمان داماڵین و کێشەکانی ناوخۆو جیاوازییەکانی بەڕێگایەکی دروست ئیدارە بدەین، ئەویش لە ڕێگای گفتوگۆیەکی ئەخلاقی یەوە بەشێوازێکی (جۆری) گفتوگۆ بکەین لەسەر بنەمای کەلتوری چینی، لە ڕێکەوتنی چینی دا ھەردولایان چەندلایەنێ ڕازی دەبن لەسەر مەرج و خاڵە بنچینەییەکانی ئەو ڕێکەوتنەی کە پێکەوە ئەنجامی دەدەن،کەھەموولایەک بە ڕێکەوتنەکەدڵخۆش بن، ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناودەبرێ بە گفتوگۆی بردنەوەی ھەمووان،کە بۆ ئەم قۆناغە گەلی کورد باشترین شێوازی گفتوگۆیەو لە فەزای مەجازی دەربازمان دەکات. 
٥-گفتوگۆی کورد وئەوانی تر: 
پێویستە لە ئاستی ڕۆشنبیری و فیکریدا گفتوگۆیەکی قوڵ و کراوە لەگەڵ میللەتانی ناوچەکەو ڕۆشنبیرانیدا بخەینە سەرڕێ، ئەمەش دەکرێ ئەو ڕۆشنبیرانە دەستنیشان بکەین کەئاستێکی بەرزی فکرییان ھەبێت تەنھا بۆ بەرژەوەندی کورد بوون کاربکەن بێ ئەوەی بکەونە ژێر کاریگەری ھیچ ئایدیایەکی دیکەوە، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکی ھەمەلایەنە بگرنەبەر لەگەڵ ڕۆشنبیرانی عەرەب و تورک و فارس بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی ئەو جۆرە ئەقلیەتە بکەن کە نەفی کورد دەکات، ئەویش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەبزانین سیاسەت دیالۆگی ڕۆژانەیەو بەردەوامە لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی وسیاسی، بۆیە نابێ ھەموو بابەتەکان لە شەڕی  کورسی و دەسەڵاتدا کورت کەینەوە، گفتوگۆیەک بکەین ھەمووان تێیدا براوە بین.
٦-ئابوری (پارە): 
ھەموو ئەو ڕێگایانە پێویستیان بە ئابورییەکی بەھێز ھەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی دروست.بۆیە دەبێ ھەموو ئەوڕێگایانە بەقەد دوری ڕێگاکە ئامادەیی و پشتگیری دارایی بکرێت، چونکە دواجار سیاسەت تەنھا زمانی سیاسەت نیە بەڵکو ھەڵگەرانەوەی جیناتی ئابورییە بۆیە دەبێ ئەقڵێکی ئابوری دروست لە پشتی ئەم پڕۆسەیەوە بێت بۆ بڕینی ڕێگاکانی ، بڕینی ئەو ڕێگایانەش پێویستی بە (دڵسۆزی و باوەڕ و بیرکردنەوە و  ئەقڵ و پارە ھەیە).