سەردێڕ:

٧٠ + ٨٠ =

8/6/2019 8:56:43 PM
8193 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

لەدەرکەوتنی ناوی پێشمەرگە لەکۆماری مەھاباد تا ئێستا، پێشمەرگە ناوێکی باڵایە لەناو گەلی کوردستاندا. پێشمەرگە لەھەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتی کوردایەتی ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە بۆ جەنگی بوون و مانەوەی کورد، لەشۆڕشی ئەیلولدا ئەم ناوە واتە پێشمەرگە گەشتە لوتکە لەئاستی کوردستانی گەورەدا.

پێشمەرگە بوو بەشانازی بۆیە لەشۆڕشی ئەیلولدا، کوردی ھەموو پارچەکان و ھەمو ئاین و ئاینزاکانی کوردستان پێشمەرگەیان بەموڵکی خۆیان دەزانی، لەدوای پیلانگێڕیەکەی جەزائیر کەشۆڕشی کوردی بۆماوەیەک تەواو لاواز کرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم، شۆڕش ھەڵگیرسایەوە  ئەم جارە چەندان ھێزی جیاجیا دروست بوون و دەستیان کرد بەخەباتی چەکداری ئەمەش وای کرد ھەموو حزبێک بۆخۆی بەشێکی ھەبێ بەناوی مەکتەبی سەربازی، لەم ھەلومەرجەدا پێشمەرگە وەک خۆی ئەرکی پاراستنی کوردو کوردستانی گرتە ئەستۆ، بەڵام دابەش بوو بۆ ھێزی جیا جیا واتە پێشمەرگەی حزبەکان، بەڵام ئەمە وای نەکرد پێشمەرگە ڕۆڵی خۆی ون بکات، دوای چەندین قۆناغی گرنگ وشەڕو شۆڕی ناوخۆو دەرەکی پێشمەرگە ھەروەک ڕۆڵەی بەوەفای کوردستان مایەوە، شەڕی داعش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە لێرەوە پێشمەرگە لەناوێکی کوردستانییەوە بوو بەناوێکی جوانی جیھانی.

ئەوەی پێویستە بوترێ کۆی خەڵکی کوردستان بەھیوان بۆ کوردستان سوپاسەکی یەکگرتوی کوردستانی دروست بکرێت، ئێستا حکومەتی کوردستان نوێنەری گەلی کوردستانە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی خەڵکە بوونی دوھێزە بەناوی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ڕاستە ئەم دو یەکەیە لە ھەڕەشە دەرەکیەکان ھاوسەنگەرن و پێکەوە دەجەنگن، ھەرچەندە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەداخەوە کەبو بەدوئاڕاستە بۆیە تێکەڵاو نەکردنی ئەو دوو یەکەیە لەیەکەیەکی سەربازیدا کەلەژێر یەک فەرماندەییدا نەبێ جێگای ترس و نیگەرانییە بۆ پرسی یەکگرتویی کوردستانی، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر پارتی و یەکێتی ھاوکاری سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی کوردستان بن بۆ یەکگرتنی ئەو دوو یەکەیە.

ھەرچەندە لەکابینەی پێشودا ئەوکات وەزیری پێشمەرگە لەگۆڕان بوو پارتی دەیوست ئەو یەکانە یەکبگرن، بەڵام دیارە دۆخی سیاسی ڕێگای نەدا، کەواتە ئێستا پێویستە ھەموو لایەک ئیرادەیان ھەبێ بۆ یەکگرتنی ئەم دوو ھێزە، ھەرچەندە زانیاریم نیە بزانم وڵاتانی ھاوپەیمان و وڵاتانی دەوروبەر چەندە کاریگەرییان ھەیە لەسەر یەکگرتنەوە یان یەکنەگرتنەوەی ناو ئەو دووھێزە، ھەرچۆن بووە دەبێ کاری جددی بۆ بکرێ سەرەتا ھێزەکانی یەکەی ٧٠ ، ٨٠ نەخشەڕێگای بۆ دانرێ کە، لەیەک یەکەدا کۆکرێنەوە ھەنگاوی یەکەم پڕۆسەی دامەزراندن لەم دوو یەکەدا ڕاگیرێ و یاسای خانەنشینی جێ بەجێ کرێ واتە لەم قەبارەیەدا تا ماوەیەکی دیاریکراو بمێنێت بۆئەوەی ھەندێ کەس وانەزانێ لەبەرژەوەندیان دەدرێ.

دواجاریش بەپێی تەمەن و بڕوانامە قۆناغ بەقۆناغ بخرێنەوە ناو ئەو سوپایەی پێشمەرگە کە لەیەک جێگاوە ئاڕاستە دەکرێ، دواتر واباشە حکومەتی ھەرێم سیستمی خزمەتی سەربازی جێ بەجێ بکات.

ئیتر چی نمونەیەک لەبەرچاو دەگرێ ئەوە شارەزایانی سەربازی و دەروونی ئەکرێ دیاری کەن، چونکە خزمەتی سەربازی گرنگیەکی گەورەی ئەخلاقی لەناو نەتەوەکاندا ھەیە، مارشاڵ (مولتکە) لەبیرەوەریەکانیدا دەڵێ :(کاریگەری قوتابخانە لەسەر گەنجان کورت خایەنە قۆناغی پێگەیشتنی راستەقینە خزمەتی سەربازییە، بۆیە دەکرێ حکومەتی ھەرێم کاربەو ئاڕاستەدا بکا.

ئەمە جگە لەوەی یەک سوپا دروست دەکات دەکرێ چەند فێرگەیەکی تایبەتی دروست بکات بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی تەمەڵ نەبین ئەوانەی زانکۆو پەیمانگا تەواو دەکەن، لەو فێرگانەدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بخرێنە مەشقەوە ئەمەش بکرێتە مەرج بۆ دامەزراندن، چونکە ھێزی مەعنەوی بەگەنجان دەبەخشێ ، وەک ناپلیۆن دەڵێ (ھێزی مەعنەوی نیوەی حەقیقەتە) کەواتە پێویستە حکومەتی ھەرێم ئەو ھەنگاوە ھەڵگرێ و حزبەکانیش لەم بەرپرسیاریەتییە خۆیان نەدزنەوە، چونکە ٧٠+٨٠= تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەخت و بەخشینی ھێزە بەحکومەتی کوردستان و ڕێزگرتنە لەمێژوی پێشمەرگەو بەخشینی ئارامییە بەکۆمەڵگای کوردستان. بەھێزکردنی حکومەت و پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستانە و زۆر مەسەلە چارەسەر دەکات، بەڵام مانەوەی بەم جۆرەو لەدو یەکەی جیاوازدا بەردەوام لێکەوتەی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە.