سەردێڕ:

لە٣٠ى ٧ی ھەمو ساڵێکدا

8/1/2019 4:10:54 PM
12350 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

هاوڕێیەتی چەمکێکی درەوشاوەو بنەمای ژیانێکی ئارامە، بۆیە نەتەوەیەکگرتوەکان لە ٢٧/٤/٢٠١١ بڕیاری وەرگرت کە رۆژی ٣٠/٧ ی ھەمو ساڵێکی وەک ڕۆژی ھاوڕێیەتی بۆ تاکو، کۆمەڵگاو، کەلتورە جیاوازەکان دیاریکرد. کەواتە ئەم رۆژە ئەوەندە دێنێ کەقسەی لەسەربکەین، ھەرچەندە کەسەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین، لەم رۆژەدا ھاوڕێیانی ئەلکترۆنی ھیچ پۆستێکی وایان دانەناوە لەسەر ئەم ڕۆژە، خۆ ئەگەر بۆ پیرۆزبایی وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەک بوایە سەدان پۆستیان لەسەر دەکرد ھەرچەندە ئەو پۆستانەش، زۆربەیان پارادۆکسن چون لەپۆستەکەدا پیرۆزبایی دەکەن و لەڕێگایەکی دیکە زەمی دەکەن، بابگەڕێینەوە سەرپێناسەیەک یان تێگەشتنێک بۆ ھاوڕێیەتی، ھاوڕێیەتی لەبنەڕەتدا ڕەھەندێکی ئەخلاقی ھەیە، دەکرێ مانای ھاوڕێیەتی ، بەھاتنە ھاوکاری یەک، داکۆکی لەیەک، پێناسە بکەین، لەلایەکی دیکەوە لەڕەھەندی سیاسی و ئاینی یەوە لە کێڵگەی سیاسی و، ئاینیدا، ھاوڕێیەتی بەجۆرێکە لەقاڵب دەدرێ چونکە زۆرجار سیاسەت و ئاین ڕێگرن لەھەڵبژاردنی ھاوڕێ دا، ئەگەر دیقەت بدەین ھەڵگرانی ئایدۆلۆجیاکان کەمتر ھاوڕێیەتی دەرەوەی نەزمی سیاسی خۆیان دەکەن، ڕێگری ھەیە، تا ئەوڕادەیەی چاودێری جۆری ھاوڕێیەتی دەکرێن، بۆ نموونە جارێک ھاوڕێیەکم لەلایەنێکی دیکەی سیاسی لەبازاڕدا پێکەوە گفتوگۆمان دەکرد، کەچی پەپولەیەک، وێنەی گرتبوین و دواتر ئەو ھاوڕێیەم لەجێگاکەی بانگ کرابو کەبۆچی لەگەڵ من دەوەستی و ھاوڕێیەتی دەکەی ئەو لەخۆمان نیە، ئەمە نیشانەی خەلەلی دەرونی و نەمانی، متمانەیە پەیوەندی ھاوڕێیەتی ھەتا تەمەنی زۆربێت ڕاشکاوانە ترو جیاوازتر دەبێ، بۆ متمانە بوون وخۆشەویستی نێوان ھاوڕێکان، بەڵام ھەندێ ھاوڕێ ھەیە تۆسەری خۆتی پێ دەسپێری کەچی بەخۆت نەزانیوە ئەو لەملاولا خەریکی مل شکاندنی تۆیە، بەغیابی خۆت ئەوەی نەشێ، دەیڵێ، ئەم جۆرە لەھاوڕێیەتی لەسەر بنەمای ئەخلاق دانەمەزراوە، چەمکی ھاوڕێیەتی قسەی زۆر ھەڵدەگرێ، ھەرچەندە ئێستا ھاوڕێ ی ڕۆحی بوە بەھاوڕێی ئەلەکترۆنی ئەویش بەشێوەیەکی ناپەسەند، دەمەوێ ئەوەش بڵێم شانازی دەکەم کەچەند ھاوڕێ یەکم ھەیە بەمانای وشە ھاوڕێیەتی بەرجەستە دەکەن، بەڵام لەوتارێکدا، ناتوانرێ، پێناسەی ھاوڕێیەتی بکرێ، بەتایبەتی ھاوڕێیەتی لەدیدێکی فەلسەفەوە، کۆرسی تایبەتی دەوێ تا لەمانای ھاوڕێیەتی تێبگەین بۆیە دەکرێ بەمانا سادەکەی بڵێین ھاوڕێیەتی جوانترین و ناسکترین زاراوەیە یاخود ناوە ئەگەر ناوەرۆکی ھەبێ، لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و ئەخلاقی پێکەوەیان گرێ دەین، لەدەرەوەی ئەو ئەخلاق و ڕاستگۆیی ھاوڕێیەتی دەبێتە بەرژەوەندی، کەواتە ئەمە ھاوڕێیەتی نیە، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەمڕۆ ھاوڕێیەتی وەک کۆی بابەتەکانی دیکە لەقەیران دایە، تا ھاوڕێیەتی لەم قەیرانە دەرنەکەین ھیچ شتێ ڕێگای ڕاستەقینەی خۆی ناگرێ. دواجار لەڕۆژی ھاوڕێیەتیدا خۆشەویستیم بۆ ئەو چەند ھاوڕێ یەم ھەیەو سڵاوم بۆ جۆرەکانی دیکەی ھاوڕێیەتی ھەیە بەوھیوایەی ھەموان ڕاستگۆیی و ئەخلاق بکەینە بنەما بۆ ھاوڕێ یەتی.