سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی و ئەوانی دیکە

7/24/2019 5:58:42 PM
5887 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

مەبەست لە ئەوانی دیکە، کۆی حزبی و ھێزە سیاسیەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستانە، لێرەدا پارتی و یەکێتی بە حوکمی مێژوو و بە حوکمی واقعی سیاسی و ڕِۆڵی سەنتەر و ئەرکی مێژوییان دەکەوێتە ئەستۆ.

لە بەرامبەریشدا ئەرکی لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەم قۆناغە لەوان کەمتر نیە ، چونکە ئێستا ناوچەکە ئەکوڵێت بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە، کە کاریگەری لەسەر ئایندەی جوگرافی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دادەنێ.

ململانێکان بە دەست وەشاندنی جۆراوجۆر لەکەشتییەکان دەستی پێکردوە، بە تایبەتی ئەم چەند ڕۆژە، لە گەروی ھورمز و دەوروبەری لێدانی کەشتی  و دەست بەسەراگرتنی بەرە و ھەڵکشانە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ جەنگی کەشتیەکان و زۆر دوور نەڕۆین لە جەنگی ئێران و عێراق ئەم جۆرە لە جەنگ ڕوی دا، (لە ساڵی ١٩٨٤ تا ساڵی ١٩٨٧).

 دوای ئەوەی سوپای عێراق کانە نەوتیەکان و بەندەر و کەشتیە  نەوتیەکانی ئێرانی کردە ئامانج و ڕێگری لە ھەناردەی نەوتی ئێران کرد، لە وەڵام دا ئێران ھێرشێکی فراوانی بۆ سەر کەشتییە نەوتی و بازرگانیەکانی جیھان دەست پێکرد. لەم ھێرشەدا توانی (٥٤٦) کەشتی بازرگانی و (٢٥٩) کەشتی نەوتی جیھان تێکبشکێنێت، لەوکاردانەوەدا زیانە مادییەکان بە (٦) ملیۆن دۆلار خەمڵێنراو ھاوکات (٤٣٠) دەریاوانی مەدەنی کوژران.

ئەم ڕوداوە وای کرد ئەمریکا و سۆڤیەت ھێزێکی ھاوبەش بۆ پاراستنی کەشتیەکان دروست بکەن، بەڵام دەبێ بزانین لێکەوتەکانی ئەم جارە وەک جەنگی ئەو سەردەمە نییە، ئەوکات جیھان چاودێری ئێران و عێراقی دەکرد بە زۆریش لە پشت عێراق بوون، بەڵام بۆ جەنگی ئێستا ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات جەنگەکە بکاتە جەنگی ئێران و جیھان.

 ئێمەی کورد لە ئەنجامی ھەموو جەنگە جیھانیەکان دا زەرەرمەندی یەکەم بوین لە ناوچەکەدا، بۆیە دەبێ ھێزە سیاسیەکان بە قوڵی بیر بکەنەوە و بە ئەخلاق ڕەفتار بکەن. ئەخلاق بە پێناسە کوردییەکە ناڵێم، چونکە کاریگەرترین فاکتەرەکانی پوکانەوە پاشەکشەی ئەخلاقە، لەم نێوەندەدا  پارتی و یەکێتی دەبێ زۆر وردبن، چونکە ناوچەکە بەرەو چارەنوسێکی نوێ دەڕوات و نادیارە، بۆیە دەبێ کۆی جیاوازییەکان قوفڵ بکەن، ھەموو توانایان بخەنە گەڕ بۆ ئامادەکاری بۆ ئەگەرەکان و تێپەڕاندنی ھەرێم بە کەمترین زیان.

 لە بەرامبەر ئەمەدا دەبێ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم واز لەوە بھێنن کێ ڕاستە و کێ ھەڵەیە؟ چونکە لە نێوان ڕاست و ھەڵەدا سەدان جیاوازی ھەیە، بۆیە بەرگریکردن لە کوردستان و ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە و دەرک کردن بە مەترسیەکان و بەگژداچونەوەی ھەرفەوزاو خراپەکارییەک بەرامبەر ھەرێم بۆتە ئەرکێکی ئەخلاقی و نابێ کەس خۆی لێ بدزێتەوە.

 لە لایەکی دیکەوە ئەرکی ھێزە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکە زۆر قورس و ھەستیارترە، ئەگەر بڕیارە کوردایەتی بکەن دەبێت کارێک نەکەن ئارامی ھەرێم بخەنە ژێر پرسیارەوە، بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، ڕاستەمێژووی ئێمە پڕلە ناشرینی و یەکترکوشتن و ھاوکاری  دوژمنە، بەڵام لە بەرامبەردا بە شێکی زۆر لە مێژوومان  لاپەڕەی  پڕشنگدارن و دەکرێ لە ھەردوکیان وانە وەرگرین، خاڵە ناشرینەکان دووبارە نەکەینەوە و خاڵە جوانەکان گەشە پێبدەین.

حزبەکان بۆئەوەی ئەرکی نەتەوەی و ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن خەباتی سیاسی یان  لەسەر بنەمای تەحەدا و ئەرگۆمێنت داڕێژن نەک ئیستیفزاز. لێرەدا نابێ ئەوە لە بیر بکەین ھێزەکانی ڕۆژھەڵات لە دروست بونی حکومەتی ھەرێمەوە تا ڕادەیەکی بەرز ھەستیاری دۆخی ھەرێمی کوردستانیان لەبەرچاو گرتووە.

بۆیە پێویستە ھێزەکانی دیکە لە پارچەکانی کوردستان ھەمان ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن و لەوە تێبگەن ھەرێمی کوردستان ئێستا قەڵا و پشت و پەنای ھەموو کوردە ، لە ئێستاشدا  کۆمەڵگای کوردستان بە ململانێ یەکی توندی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا گوزەر دەکات، دەبێت یەکێک ھەبێت ئەم گرژییە خاوکاتەوە، ئەمەش لەسەر کۆی حزبەکان ئەرکە کە بە ھاوکاری سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت بەرنامەیەک بۆ ئەم گەمەیە داڕێژن کە نە (شیش بسوتێ و نە کەباب).

 لەبەر ئەوەی تیۆری گەمەکان لەسەر بنەمای گریمانە دانراون بۆیە ھەڵسوکەوتی ژیرانەی یاریزانەکان ئەنجامی بردنەوە و دۆڕانی یاریەکە دیاری دەکات و ڕوونی دەکاتەوە. لەم ڕووەوە بە توانایی سیاسیەکان بۆ خوێندنەوەی ئایندە ئاکامی باشی لێدەکەوێتەوە پێچەوانەکەشی کارەسات، کەواتە پێویستە حزبەکانی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە دەوری سەرۆکایەتی ھەرێم کۆببنەوە و ئەم تێگەیشتنە دروست بکەن، بۆئەوەی ڕێگە لە داخزان و شکان بگرین. بۆ ئەمەش پێویستە واز لە کینەی سیاسی و ئاینی بێنین و گیانی یەکتر قبوڵکردنیان ھەبێت، لەم نێوەندەدا دەبێ پارتی و یەکێتی بەم ڕۆڵە ھەستن، پێش ھەموشت ئەم سەرگەردانییەی میدیا بوەستێنرێت لەگەڵ ھەندێ لەو گروپە سەفسەتەچیانەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە بێ بەزەییانە سوکایەتی بە ھەمموو شتێک دەکەن.

دواجار ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە، لەسەر ھەموو  لایەنێکە سەیری مێژووی گەلان بکەن ھەر میللەتێک ئەگەر ڕوبەڕوی جەنگێک یان ڕوداوێک بوبێتەوە چەندە لە ناوخۆدا جیاوازبوبن لەوکاتە دا ھەموویان سەربازی وڵات بوون. ئەمە ئەخلاقی سیاسی یە ئەمە بە ئەمەکی یە بۆ وڵات، بۆیە ھەرکەس بە خەمی ئایندەی کورد نەبێ لەم قۆناغەدا و لەم ئەگەری شەڕە گەورەیەدا لادانە لە مۆراڵ و بێ ئەمەکە بەرامبەر کوردستان، کەواتە لە سەر ھەموو حزبەکان پێویستە ھەم وەک ئەخلاق سیاسەت بکەن ھەم بە ئەمەک بن بۆ کوردستان ، پێشم وایە کاری لە پێشینەی ھەمووان ئەوەیە ھاوکاری حکومەت بن بۆ مسۆگەر کردنی سێ خاڵ کە بریتی یە لە، پاراستنی ئاسایشی خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دابینکردنی بژێوی سەربەرزانەی خەڵک، دواجاریش فراوانکردنی کەناڵی دبلۆماسی بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکاری یەکانی ناوچەکە.