سەردێڕ:

حزبی چاک و حزبی خراپ

7/1/2019 3:13:21 PM
3061 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

لێرەدا مەبەستم نییە بگەڕێمەوە بۆ مێژووی دروست بوونی حزب ، یاخود پێناسەی حزب تەنھا مەبەستمە قسە لەسەر ڕۆڵی حزب و ئەرکی حزب بکەم و چۆنیەتی کارکردنی حزب لە ئێستای کوردستان ، ئێستا لە کوردستان لە پرۆسەیەکی ڕاگوزەری دیموکراتی دایە ، فەزای سیاسی لە کوردستان فرە حزبیە ، ھەرچەندە ھەندێک جار فرە حزبی دەبێتە ھۆی فەوزا بۆ فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری.

 ئەوەی گرنگە لەم نێوەندەدا کۆمەڵگایە و بە تایبەتی وەچەی نوێ واتە گەنجان ، چۆن حزبەکان بخوێنینەوە جیاوازتر لە نەوەی پێشتر چونکە تا ئێستاش لای زۆرێک لەو نەوەیە حزب وەک ئاینی لێھاتووە و ھەر کەس چووە فەلەکی حزبێک ئیتر ئەوانی دیکەی لا شەیتانە، بۆیە پێویستە ئەم وەچە تازەیە لەسەر بنەما خوێندنەوە بۆ ڕەفتار و گوتاری حزبەکان بکەن، تا بزانن کام حزبە باشە، پێویستە بزانن حزبی باش بۆ چاکەی گشتی کام حزبە بەراوردی کردارو گوفتاری بکەن و ئەمەش سەرەتا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ، بزانین کام حزب بیرکردنەوەی ستراتیژی ھەیە و لەسەر کاردانەوە سیاسەت ناکات بەڵکو بەرنامەی کاری ستراتیجی ھەیە چوون بیر کردنەوەی ستراتیژی بەرھەمی باشی دەبێت ، لەبەر ئەوەی یەکێک لە شتە جوانەکانی بیرکردنەوەی ستراتیژی خەون بینینە بۆ گەورەبوونی نیشتیمان ، ئەمەش لای حزبی خاوەن بیری ستراتیژییە چونکە نەخشە ڕێگا دەخاتە ڕوو ھەم بۆ پرۆسەی سیاسی ناوخۆ ھەم بۆ ململانێکانی دەرەوە ، لە ئاستی ناوخۆی.

 حزبی باش ئەوەیە کە لە گەمەی سیاسیدا حزبەکان، بە ڕکابەر بزانێت نەک دوژمن ، لێرەوە دڵنیا دەبین لە ئارامی کۆمەڵایەتی. لە ئاستی دەرەوەش بەرژەوەندی باڵای وڵات ئامانجی بێت ، لە لایەکی دیکەوە بۆ بونیادێکی بەھێزی ناوخۆ حزبی باش پێویستی بە کرانەوەیەکی ھەمە لایەنە ھەیە لەئاستی کۆمەڵگە و لەئاستی ڕکەبەرەکانیدا بۆ دیالۆگ بۆ ڕێکخستنە نوێیەکانی ژیان و تێگەیشتن لە واقیعی نوێ و ژیانی نوێ ، دەبێ ھەرحزبێک ئەوەش بزانێت کە ئەو لەوحێکی سپی نییە بێ ھەڵە و کەم و کوڕی نیە و نەچێتە ناو وەھمی یەقین و نەچێتە ناو یەقینی موزەیەف ، پێویستە بەردەوام لە ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگەوە بەرھەمی  جوان پێشکەش بکەن چوون فەلسەفەی سیاسەت گفتوگۆی بەردەوامە نەک جوێن دانی بەردەوام، وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان میدیا و سیاسەت لە بری ئەوەی پانتاییەک بێت بۆ گفتوگۆی بونیاتنەرانە بووەتە پانتاییەک بۆ بەرھەم ھێنانی جوێن ، ئەمەش لە غیابی لۆژیکە بۆیە پێویستە چی میدیا و چی حزبەکان کۆرسی لۆژیکیان ھەبێت بۆ ئەندامەکانیان بۆ شێوازی گفتوگۆ ، تا گفتوگۆکان نەبنە شێواندنی دۆخی دەرونی خەڵک چونکە دواجار حزب ئامرازە بۆ ئامانجی گەورە ، ئامرازە بۆ خزمەتگوزاری، ئامرازە بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، ئەمەش دەبێت ھەر حزبێک فەلسەفەی سیاسی خۆی ھەبێت و بشزانن فەلسەفەی سیاسی چیمان پێ دەڵێت  پێمان دەڵێت سیاسەت ھەمیشە شایەنی دیبەیتە ھەرچۆن بێت نەک ئەم فۆڕمە شێواوەی ئێستای سیاسەت، چونکە فەلسەفەی سیاسی قسە لەسەر باشترین دەکات ، باشترین گفتوگۆ باشترین خزمەت ، باشترین حکومڕانی و باس لە ئەخلاق دەکات لە ناو سیاسەت دا ، ھەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدا لەم وتارەدا ھەر حزبێک بە ڕێژەیەکی زۆر لەم چوارچێوە و پانتاییەدا خۆی نمایش بکات لە گفتارەوە بۆ کردار کار بکات، ئەمە حزبی باشە.

 کەواتە پێویستە کۆمەڵگە بەگشتی و وەچەی نوێ  بەتایبەتی و بەوردی سەیری کردار و گفتاری حزبەکان بکەن و تەجاوزی لایەنگری کوێرانە بکەن بۆ لایەنگری ڕەسەن، ئەویش ئەوەیە لە کاتی ڕووداوەکان ھەڵوێستی جدی و ڕاستیان ھەبێت لە بڕیار و ھەڵسەنگاندن سیاسەتی حزبەکان لە کاتی ھەڵبژاردندا خەڵک بە ھەڵوێستی ئەرێنی یان نەرێنی لەئەنجامی کرداری باش یان خراپی حزبەکان بۆ چاکەی گشتی پاداشتی چاکەی حزبی باش بداتەوە بە بەڵێ ، تۆڵەش لەحزبی خراپ بکاتەوە بە نەخێر ئەمە تێگەیشتنە بۆ حزبی چاک و حزبی خراپ.