سەردێڕ:

شەڕی جێگر لەسیستەمێکی ناجێگیردا

4/19/2019 12:59:52 PM
3697 جار خوێندراوەتەوە
هەڵمەت غەریب
+ -

ھێشتا دیار نیە سیستەمی سیاسی ھەرێم چۆن ئەبێت و چوارچێوەکەی بەدڵی کێ ئەبێت ، ھێشتا شەری نوسینەوەی دەستور دەستی پێنەکردوە، کەچی تەواوی پرۆسەی سیاسی کوردستانی عێراق لەخاڵێکدا چەقی بەستووە کە ھەرگیز ناچێتە ھیچ ئەقڵێکی سەلیمەوە شەڕ کردن لەپێناویدا تا ئەوڕادەیە سەخت بێت، ئەویش جێگری سەرۆکە!! ئەو پۆستە بێ دەسەڵات وشکلیەیی ھەرێمی کوردستانی نزیک کردەوە لە لێکترازانێکی راستەقینەی تر و ئێستاش کۆی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەیەکی چەقبەستودا ھێشتوەتەوە.

شەڕی یەکێتی و گۆڕان لەسەر جێگر بۆ؟! ئەم جێگرە یاخود پۆستە چ سودێکی بۆ ئەم دوو ھێزە ھەیە ؟ تێروانینی ئەم دوو ھێزە دەربارەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی وەک خۆیەتی یان گۆراوە؟  ئایا یەکێتی شایستەی ئەوەیە ئەوەندە نازی ھەڵبگیرێت تا ڕازی بکرێت و بەشدار بێت لە پرۆسەی دروستکردنەوەی حکومەتی داھاتوودا؟

بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە ئەمەوێ ئەوە بڵێم پۆستی جێگر لە سیستەمی سیاسی پەرلەمانیدا پۆستیێکی بێ بایەخە لە رووی یاسایی و سیاسیەوە، چونکە لە حزوری ڕەئیسدا لە باشترین حاڵەتدا لە راوێژکارێک زیاتر بایەخی نیە، بە تایبەت لە ناوچەیەکی وەک ئیمەش ئەوەندە بایەخ بە راوێژ وشت نادرێت ،بۆیە لەوانەیە حزورێکی کارتۆنی ھەبێت یان توتی ئاسا تەنھا قسەی سەرۆک دووبارە بکاتەوە ، لە ناوچەی رۆژھەڵات بە گشتی جێگر لە سیستەمی پەرلەمانیدا جا چ جێگری سەرۆک وەزیران بێت یان جێگری ڕەئیس جێگەی سەرنج و بایەخ نیە نابێت لە خۆمان پرسیوە دوو جێگری سەرۆک وەزیران یان سەرۆک وڵاتی ناوچەکە ناویان جیە؟!  پرسیارە جەوھەریەکە ئەوەیە جێگرێکی بێدەسەڵات لە ناو سیستەمێکی نا ڕوون و شێواوی سیاسی وەک ھەرێمدا چ سودێکی ھەیە بۆ بەرژەوەندی گشتی و چ خزمەتێکی پرۆسەی سیاسی و بەدامەزراوەیی کردنی دەوڵەت و دیموکراسی ئەکات؟

لە ڕاستیدا جێگر یاخود دامەزراوەی سەرۆکایەتی لە ڕابردوودا دوو ھێزی سیاسی  کاریگەری وەک یەکیتی و گۆڕان زۆر رەخنەیان لێدەگرت و پرۆژەشیان ھەبوو بۆ لە قاوغدانی وتەنانەت گۆڕان بە زیادیشی ئەزانی خودی کاک نەوشیروانی رەحمەتیش باوەری وابوو کوردستان زۆری ماوە دامەزراوەی سەرۆکایەتی تێدا دروست بکرێت، کەچی ئێستا شەر لەسەر جێگر نەک دامەزراوەکە ئەکەن، بێگومان ئامانجی یەکێتی ڕوونە لە داواکردنی جێگر کە پەیوەندی ھەیە بە تەسفیەی کێشە ناوخۆیەکانی خۆیەوە و لە ڕێگەی داتاشینی پۆستێکی واوە حزبەکە تارادەیەک ئەپارێزێت لە لێکترازانێکی تر کە پێم وایە ئەم جارە بترازێت یەکێتی وەک حزب کۆتایی دێت، ھەرچیش تایبەت بێت بە گۆڕان ئامانجی لە جێگری سەرۆک ھەستانەوەی بزوتنەوەکەیە لەوشکستە سیاسیەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووداتوشی بوو یاخود لە دوای کۆچی رەحمەتی کاک نەوشیروانەوە توشی بووە، واتە شەڕەکە ھیچ پەیوەندیەکی بەبەرژەوەندی گشتیەوە نیە نە بۆ گۆران نە بۆ یەکێتی، چونکە ئەوەی لەو دامەزراوەیەدا دەستیان ئەکەوێت زەحمەتە لەم کابینە نوێیەدا بەدی بێت بۆیان بەتایبەت لە حزوری کارەکتەرێکی نوێی وەک مەسرور بارزانی لە حوکمەتدا.

سەرەڕای ئەوەی جێگر ھیج دەسەڵاتێکی فعلی نیە بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی ژمارە(۱)ساڵی ۲٠٠٥ ی ھەموارکراو، بەڵکو ئەوەی ھەیە بریتیە لە پێدانی دەسەڵات لە سەرۆکەوە بۆ جێگرەکەی بۆیە مراھەنەکردن لەسەر ئەمەش گرەوە لەسەر ئەسپی تۆپیوو کە یەکێتی و گۆران ئەیکەن لە حزوری پیاوێکی بەھیزی وەک نێچیرڤان بارزانی کە ھەردوو لایان ئەزموونیان ھەیە لەگەڵیدا، بۆیە من پێم وایە جێگر وەک نەبوو وایە بە پێی یاسا نەک واقع، تەسەوری من وایە نەک دوو جێگر بەڵکو جێگر زیادە و پێویستی بە دانانی جێگر نیە سەرۆک بە ھیچ شێوەیەک، چونکە ھەم بارگرانیەکی گەورەی ئابوری وئیداری دروست ئەکات لەسەر ھەرێم ھەم ھیچ سەربارخستنێکی نوێی بۆ پرۆسەی سیاسی وئیداری ھەرێم تیدا نیە، ئەمە سەرباری ئەوەی داتاشینی پۆست بۆ بەرژەوەندی کەس وحزب ئەبێتە عورفێکی سیاسی زۆر خراپ لەدامەزراوەکانی وڵاتدا بۆ ڕازیکردنی ئەو ھێزانەی دۆڕاون لە ھەڵبژاردنەکاندا بە ئامانجی رازی بوون بە بەشداری پرۆسەی سیاسیدا.

سەرباری ئەوەی پێشینەیەکی خراپ دروست ئەکات لەزەمەنێکی دورتردا ھەرێم ئەکات بە غەریب وعەجیبترین جوگرافیای دنیا لەبەرێوەبردندا و سومعەی ھەرێم ئەوەندەی تر لەکەدار ئەکات.

لەم ڕووە پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە وبەھێزدایە ئەویش لەنیوان ڕازیکردنی کۆمەڵێ سیاسی شکستخواردووی ھەرێم وسەررێخستنی دامەزراوەکان کامیان ھەڵدەبژێرێت وە گومانیشم لەوە نیە سەرکەوتنی پارتی لە ئیدارە دانی کوردستان لە چوار ساڵی ئایندەدا بەندە بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەرانی کوردستان و تێپەراندنی ئەم قۆناغە دابەشکاریەی کە ھەیە ، وە پێشم وایە یەکێتی ھیچی وای پێشکەشی پرۆسەکە نەکردووە تا بەوڕادەیە نازی ھەڵبگیرێت و ڕازی بکرێت وەک چۆن یەکێتی ھیچ حسابێکی بۆ کەس وحزبێک نەکرد لە یەکلاییکردنەوەی سەرۆکی کۆماردا.