سەردێڕ:

بەڵگەکەت بخەڕوو با من دەستلەکار بکێشمەوە

4/25/2019 12:36:33 AM
10345 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادی
+ -

 پێش ھەموو شتێک ئێمە ھەموومان خاوەنی خێزانین بابەتی ھەڕەشەکردن لە ژنێک یان کچێک ئەوپەڕی بێڕەوشتیی و نائینسانییە کە بکرێت، بەڵام چەندە ئەوە مەترسییدارە بەرامبەر ژنێک بکرێت سەدان ھێندە مەترسییدارە ئەگەر وانەبێت و ئەو بابەتە بکرێتە موزایدەی حزبی و بۆ شکاندنی ڕکابەرەکەت پەنا بۆ ئەوە ببەیت لەڕێگەی کچێکەوە و بەسپۆنسەری میدیایی نەوتەکە و چواردەورەکانی سپۆنسەری شکاندنی کەرامەتی ژنێکبن بۆ بەرژەوەندی ھێزێکی دیکە.

ئێمە لە مێژووی ڕەشی کوردیدا ھەمیشە منافەسەکان ناشەریفانەبوون، بەڵام قیمەی بێڕەوشتی ئەوەیە ژن بەکاربێنیت بۆ شکاندنی ڕکابەرەکانت بێ ئەوەی گوێ بەوەبدەیت کە ئەوکەسەی کە شکاندنەکەی پێدەکەیت خۆی کەرامەتی ھەیە و واخەریکە ئەیکەیتە کەرەستەیەک بۆ ملشکاندنی بەرامبەرەکەت، ئەم بابەتە تەنھا تاوانی ھێزێکی دیاریکراو نییە کە ئەیکەنە بابەتی بەردەست بەڵکو دووھێندە و دەھێندەش تاوانی ئەو میدیاکارانەیە کە پیشەییانە نەیانتوانیوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ڕووداوانەدا بکەن و بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی وردیی ئەو بابەتە بکەن کە تاچەند ڕاستە و تاچەد کەسی تاوانبارکراو تاوانبارە کە کردوویانەتە بابەتی قەڵەمە چەورەکەیان کە بە پارەی نەوت کاردەکەن

ئایا ناوەڕۆکی بابەتەکە چیە؟

کاتێک ڕوداوێک یان حاڵەتێک ڕوودەدات بێگومان چینێک تێیدا زەرەرمەندی سەرەکین و قوربانی سەرەکی ئەو بابەتەن  لەم حاڵەتەشدا زەرەرمەندی سەرەکی ژنە لە ھەرێمی کوردستان تا بەتەواوی لە جومگە ئەساسییەکانی حزب و حکومەت دوور بخرێنەوە بە بیانوو و ھەڕەشە و گێچەڵ و ھەزار سیناریۆی دیکەی لەوشێوە کە کۆمەڵێک حزب بەزەبری پارەکەیان توانیویانە بەوجۆرەکارانە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن و ژن بکەنە ئەو ئامڕازەی بەردەوام وەک چەکێکی کاریگەر بەکاریبێنن دژ بە نەیارەکایان.

لەکۆتاییدا ئەوە دەڵێم ھیوادارم دوای ھەفتەیەک ئەو باسە کۆتایی پێنەیەت و چیتر باسنەکرێت و وەک ھەزاران کێشەی دیکە نەیخەنە گۆڕەوە و ببێتە بابەتێکی گرنگ و لێکۆڵینەوەی لێبکەن تا ڕاستی بابەتەکە بۆ ھەموومان ڕوون ببێتەوە.