سەردێڕ:

ڕۆشنبیری قەڵەم چەور

1/9/2019 10:38:16 PM
2442 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادی
+ -

لەماوەی حکومڕانی ڕابردووی کورد و ھەموو ئەو نەھامەتیانەی  لە کوردستانی عێراق بەسەر کورد ھاتوون، ئەو نوخبە سیاسییە بوون کە زیاتر لەنیوسەدەیە ھۆکارن بۆ ڕشتنی خوێنی خەڵکی داماوی ئەم ناوچەیە و بەرھەمی زیاتر لە نیوسەدە نەگبەتی و نەھامەتی بوون  بۆ خەڵک.

ئەگەر وردتربین لەپاڵ ئەم سیاسییە فاشیلانەی تەنھا پڕۆژەیان خیانەت و دزین و کوشتنی خەڵک بووە کۆمەڵێک مشەخۆری ڕۆشنبیر وەک ڕۆشنبیری دەربار، بەڵام بەشێوەیەکی مۆدێرن خەریکی جوانکردن و چەواشەکاریی خەڵک بوون بە جوانکردنی ئەو تابلۆ قێزەونەی سیاسییەکان بۆخەڵک و ھەمیشە وەک داردەستی سیاسییە فاشیلەکان بەکارھاتوون، لەنێو ئەم ڕۆشنبیرانەش کۆمەڵێک خۆیان نماییش دەکەن و تەمسیلێکی جوان دەکەن لەسەر مەسرەح بۆخەڵک و ھەریەکەیان بەجۆرێک نماییشی درۆ بۆ خەڵکی ھەژارکراوی کوردستان دەکات، کەلای من قێزەونترین دیمەن ئەودیمەنانەن تەنانەت قێزەون ترن لەسیاسییە تەقلیدییەکان و بوونەتە بەڵا بەسەر خەڵکەوە و لەماوەی ڕابردوودا ھۆکاربوون لە نەخۆشکردنی کۆمەڵگە، خۆی قەڵەم فرۆشتن بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بوونی ھەبووە و ھەمیشە ئەو قەڵەمانە ھۆکاری جەھل و نەھامەتی بوون بۆ خەڵک نەک ببنە ھۆی ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و ببنە خێروخۆشی.

لەوەسفێکی دیکەی ڕۆشنبیری دەربار و قەڵەم چەوردا ئێستا کۆمەڵێک ڕۆشنبیر دروستبوون زۆر بەلێزانی خەریکی فرۆشتنی قەڵەمەکانیانن و ھەموو یاساکانی  پێشتریان گۆڕیووە بەوەی ئەمان بەرگری لەدەسەڵات ناکەن، بەڵکو واخەریکن (بەھەڵە بەرگری لە بەرەی دژبە دەسەڵات دەکەن)  ھەرئەمەش شێوازێکی دیکەیە  لە قەڵەم فرۆشتنە ، قسەیەک ھەیە دەڵێت"ئەگەر دەتەوێت شتێک لەناو بەری دژایەتی مەکە،بەڵکو بەھەڵە بەرگری لێبکە" 

لەڕاستی دا ئامانجەکانیشیان جوان پێکاوە و تاڕادەیەک سەرلێشێوانیان لەناو کۆمەڵگە دروستکردووە بەوەی خەڵکی نائومێدکەن لەدۆخەکە و ھیچ ھیوایەکیان بۆ خەڵک نەھێشتووەتەوە و بەناڕاستەوخۆ خەڵک ناچار بەتەسلیم بوون دەکەن کە تەسلیمی دەسەڵات ببن، ھەر لەناو ئەم ڕۆشنبیرانە شێوازێک پەیدابوون بەناوی یاخی بوونەوە توشی وەھمێک بوون کە ئەوەیلایی ئەمانە ڕاستی موتلەقە و جگە لەقسە وەھماویەکانیان کەسی دیکە لەمان قوڵترنییە لەوبابەتانەی باسی دەکەن لەکاتێکدا لەچوارچێوەی بازنەیەک دەخولێنەوە و قسەی ئێستایان، لەگەڵ ١٠ ساڵی پێشتریان ھیچ جیاوازیەکی نییە، کۆمەڵێک دەستەواژەی سەیر و سەمەرە بەکاردێنن بۆ ئەوەی بە خوێنەر بڵێن، ئێمە ئاستی قوڵیمان زۆرە و ئێمە کە قسەیەک دەکەین ئەبێت دیراسەبکرێت تالێی تێبگەن، ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانە خۆیان نەیانتوانی ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان ھەبێت لە کوردستان و ھەرزوو کوردستان و خەڵکەکەیان بەجێھێشت بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و ئێستاش لەدوورەوە وا خەریکە ئەوخەڵکانەی بەفعلی کار بۆ گوڕینی ژیانی خەڵک دەکەن قەرزارباردەکەن و ئەمان بونەتە خاوەن بڕیار و بەفڵچەیەکی ڕەشەوە کێیان بەدڵنەبێت ڕەشی دەکەن بێئەوەی خۆیان لەواقعی کوردستان بژین و ئازاری خەڵکی بەشمەینەت و ھەژارکراو بزانن.

لەماوەی ڕابردوو بە ئێستاشەوە ھەمیشە ڕۆشنبیر نەیتوانیوە بازنەی حزبی کوردی تێپەرێنێت و بتوانێت فەھمێکی تازە و ڕەوتێکی نوێ بۆخەڵک و تەنانەت بۆسیاسیەکانیش بڕژێت، بەڵکو کاریان بووەتە سڕینەوەی خەتە ناشرینەکانی حزب و داپۆشینی تاوانەکانی حزب و ھەمیشە بەدوای حزبدا چوون نەک ببنە کەناڵێک بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتی حزب و حزب شوێن فەھمێکی تەندروست بکەوێت لەسیاسەت و لانیکەم بتوانن دوای زیاتر لە نیوسەدە  گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی ڕۆشنگەری کوردی بکەن و قۆناغەکە بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو.

لەکۆتایی ئەم نوسینەم ھیوایەک دەخوازم کە ھەرچۆن لە سیاسەت نەوەیەکی نوێ دروستبووە بۆئەوەی چیتر سیاسەت و سیاسییە تەقلیدییەکان بکاتە مێژوو ھەروەھاش نەوەیەکی ڕۆشنبیری نوێ دروست ببێت تا  ئەو ڕۆشنبیرە قەڵەم چەورانە بکاتە ئەو مێژووە ناشیرینەی خۆیان ڕەنگیان بۆ ڕشتووە بەھاوڕێیەتی سیاسییە فاشیلەکان .