سەردێڕ:

لەسەر بایکۆتی کاڵای تورکی، چارەسەرە یان نا؟

10/19/2019 10:30:55 AM
9299 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادی
+ -

بۆچی بایکۆتکردنی کاڵای تورکیا بێسودە ناکرێت کاڵای وڵاتێک بایکۆت بکەیت کەچی بە کاڵای وڵاتێکی دیکە پری بکەیتەوە بەحساب زیان لەو وڵاتەدەدەیت لەکاتێکدا ئەوکاڵا پارەی خەڵکی کوردی  پێدراوەو داغڵی وڵات بوە بەجۆرێک ئەبێتە زەرەر بۆ خەڵکی خۆت .

ئەمە گوماندەخاتە سەرئەوەی دەکرێت بەشێکی بابەتەکە بازرگانیبێت نەک ھەڵوێست لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئەوکەسانەی بەخەمخۆریەوە ئەوکارە دەکەن. 

باشەپرسیارەکە ئەوەیە ئێمە ئەبێت چیبکەین ئەگەر بایکۆتی کاڵای تورکی سودی نەبێت ؟ 

پێش بایکۆتکردنی ھەر کاڵایەک ئەبێت بیرلە بەدیلی بکەیتەوە ئایا کاتێک بایکۆتی مادەیەک دەکەیت بە مادەیەکی ناوخۆیی پڕی دەکەیتەوە یان بە کاڵای وڵاتێکی دیکە؟

ئەمەی ئێمە باسی لێوەدەکەین پڕۆسەیەکی کاملە لە سیستەمی برەودان بە بەرھەمی ناوخۆیی و بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی لە ناوخۆی ھەرێم و عێراق کە ئەبێت پەرلەمان وەک پڕۆژەیاسا و دواتر حکومەت بە پلانێکی چەندساڵە کاری لەسەربکات ھەم بۆ ھاندانی سەرمایەداران ھەمیش بۆ دروستکردن و بوژاندنەوەی کارگە جیاوازەکان تا لانیکەم ئەو پێداویستیە سەرەکیانەی ھاوڵاتییان لەناوخۆ دابین بکرێت تا لەپلانێکی درێژخایەندا سەرجەم کاڵاکان لەناوخۆ بەرھەم بھێنرێن دواتر حکومەت پلانی ھەبێت بۆ ھەناردەکردنی بەرھەموو کاڵای ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات.

کاتێک ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە ئەم دووھێزە نەک توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە بەڵکو ھۆکارێکن بۆشکست پێھێنانی ھەوڵی ھاوڵاتیان و سەرمایەداران بۆئەوەی ئەوانیش نەتوانن ھۆکاربن بۆ بوژاندنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی نمونەی زیندوومان دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بوو کە ھەرزوو  بەشێوەیەک پشتگوێ خرا کەس نەیزانی چۆن کارگەکەیان وەستاند و لەڕێگەی ھەڕەشە و ڕێگریی زۆرەوە ڕێگربوون لەبەردەم ئەو کارگەدا، تا بەرھەمەکانی بەتەواوی کوردستان نەناسێنێت و بڵاو نەبێتەوە جگە لەو ھەموو ڕێگریە ئیداریانەو ئاسانکاری نەکردن بۆ کارگە ناوخۆیەکان و دروستکردنی گرفتی ئیداری بۆیان و ھاوکاری نەکردنیان بە پێنەدانی سوتەمەنی پێویست  .

کاتێک بیر لەوەدەکەیتەوە ئەم بەرپرسانەی ئێستای حکومەت یان سەربە حزب تەنانەت تۆزقاڵێک مێشکیان کارناکات تابزانن ئەو قازانجەی لە ھاوردەکردندا ھەیە لە ھەناردەکردنیشدا ھەیە ئەگەر ئێمە خاوەنی کارگەو بەرھەمی خۆمانبین و ھەناردەی دەرەوەی بکەین .

لەکۆتاییدا ئەوەی ئێمە ھەمیشە دەیکەین ئەو کارە ئاسان و بێزەحمەتەیە کە تەنھا بۆ ڕووی ڕاگەیاندن دەیکەین و پلانێکی درێژخایەن و ڕۆئیایەکی دوورمان نییە بۆ کارەکانمان و بۆ ھەڵوێستەکانمان .

ھەورامان سجادی