سەردێڕ:

بۆچی پێویستە بەرەی ھێزە ناڕازییەکان یەکبخرێتەوە؟

8/24/2019 10:53:27 PM
3040 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادی
+ -

لە دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی کوردی لەلایەن دوو ھێزی بەحساب شۆڕشگێڕی ئەوسا و خۆسەپێنی ئێستا، دوای ۲٨ ساڵ نەک نەتوانرا ئەوئاواتانەی کورد و ئاواتی ئەوکەسانەی لەپێناو کوردستانێکی ئازاد خۆیان کردەقوربانی بەدی بێت، بەپێچەوانەوە کوردستان بووە شوێنی نائومێدی گەنج و پیر و منداڵ لەم ھەرێمە لەت بووەی وەک ڕەنگی نەخۆشێکی بێھێز زەرد و پەڕیووە . 

بۆ ئەوەی تابلۆ گەورەکەی ئەم ھەرێمە ببینین دەبێت گوزەرێک بەو نەھامەتییانەی ئەو دوو ھێزە بەسەر ئەم خەڵکەیاندا ھێناوە بکەین و لەو نەھامەتیانەوە کلیلی چارەسەر بدۆزینەوە و لەبەرامبەر ئەو دووھێزە ڕزیوەی واقیع ھێشتوونیەتەوە بەرەیەک ڕێکبخرێتەوە لەو ھێزانەی تاڕادەیەک لای ھاوڵاتی جێی ئومێدن و ھاوڵاتی لەم ھەرێمە شێواوە وەک ڕزگارکەرێک لەو ھێز و لایەنانە دەڕوانێت. 

دوای ئەوماوە زۆرەی دووھێزی دەسەڵات لەڕێگەی دروستکردنی حکومەتە شکستخواردوەکانیان  بەڕێیانکرد ھیواکان کابینە دوای کابینە لەگۆڕنران و تا ئەمڕۆ نەک نەتوانراوە تاک لەم ھەرێمە لەژێر ھێڵی ھەژاری بەرەو ژیانێکی خۆش ببرێت، بەڵکو ئەوکەسانەشی لەسەرو ھێڵی ھەژاریەوە بوون ھێنرانە ژێرھێڵی ھەژاری لەم نەھامەتیانەی بەردەوام ڕووبەرووی ھاوڵاتی دەکرێتەوە و ژیان لەتاکی ئەم ھەرێمە تاڵبووە کراوەتە ژەھری مار لێی ئەگەر ھەر ھاوڵاتییەک بدوێنیت پێش ئەوەی ھەست بەنائومێدی بکات ھەست بە بێمتمانەیی دەکات لەبەرامبەر ھێزەکانی دەرەوەی دوو حزبی دەسەڵات و ھەموو ئەو ھێزانە بەھۆی پەرتەوازیانەوە ھاوڵاتی ڕەخنەی توندیان لێدەگیرێت، بەتایبەت سێ ھێزی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو) کە ئەو پرسیارە ڕوبەڕویاندەبێتەوە بۆ بەرەیەک دروست ناکەن لەگەڵ دەنگی شەقام و چالاکوانان و خەڵکی دڵسۆزی ناڕازیی؟ 

ئەو سێ ھێزە پێویستە چی بکەن؟

لێرەدا ئەوە دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی کە ئەو سێ ھێزە دەبێت ھاوڵاتیی لایان سەنتەربێت و بۆئەوەی متمانە لەنێوان ھاوڵاتیی و ئەوھێزانە دروستبکەنەوە ئومێد بگێڕننەوە بۆھاوڵاتی و تاکی کوردی، دەبێت لەھەنگاوی یەکەم لەیەکتێگەیشتنێکی جدیان ھەبێت و لەقۆناغی دووەم گەڵالەی پڕۆژەیەکی ھاوبەشبکەن و بتوانن لەناو ئەوپڕۆژە ھەموو دەنگە ناڕازیەکان کۆبکەنەوە لەقۆناغی سێھەم پێکەوە بەرەیەکی ناڕازی بەھێز لەبەرانبەر دەسەڵات دروستبکەن و ببنە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی و کارا بۆ چاودێری و فشاربۆسەر حکومەت و ھەمووسێکتەرەکان و تا لەخزمەت ھاوڵاتیاندابن . 

ئەوەشمان بیرنەچێت ھاوڵاتیی دواجار خزمەتی دەوێت و ھێزی سیاسیش متمانەی ھاوڵاتیی دەوێت و کاربۆ ئەوەدەکات بە شێوەی جیاواز و فشارەکانیانەوە ھاوڵاتییان متمانەیان  پێبکەن و ئەرکی ھاوڵاتیش ئەوەیە بە نائومێدبوونی ڕێگەخۆش نەکات بۆ مانەوەی ئەو دوو ھێزەی بوونەتە کارگەی بەرھەمھێنانی ناشیرینی و ناعەدالەتی لەم ھەرێمە کە ئەتوانرێت بکرێتە شوێنی ژیانێکی خۆش بۆ ھاوڵاتیانی.

لەکۆتاییدا ئەوە جێدێڵم بۆ ئەو ھێزانە و ھیواخوازم ھەر گلەییەک یان ھەر ڕەخنەیەکیشیان لەیەک بووبێت ئەوە بکەنە ئەزموونێکی ڕابردوو لەپێناو داھاتویەکی بەھێز بۆ بەرگریی کردن لەھاوڵاتییان.