مێژوو خۆی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌نوسێته‌وه‌

5/19/2017 6:58:00 PM

11728 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی
+ -

هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌ك رووداو ته‌ماشایان ده‌كه‌ین، مه‌رج نییه‌ هێزیی پایه‌داربوونییان له‌ناو مێژوودا هه‌بێت. مێژوو له‌ په‌یوه‌ند به‌ بوونی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌مان گرێدراوێتی هه‌یه‌. ره‌نگه‌ ئاماده‌یی ئینسان له‌هه‌ر ئاست و فۆرمێك دا بێت پێویستی به‌ ته‌حقیقكردنی پێشمه‌رجه‌كانی ره‌سه‌ناێتی هه‌بێ، به‌ڵام مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كان ئه‌و پێشمه‌رجانه‌ له‌ پله‌یه‌كی باڵادا به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن. به‌رجه‌سته‌كردنی پابه‌ندێتییه‌ مۆراڵی و حه‌قیقه‌ته‌ گه‌ردوونییه‌كان نه‌ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی كه‌سییانه‌ی به‌ته‌سكدا، به‌ڵكو ده‌ستپێوه‌گرتنییان و پێشخستنییان بۆ هه‌موو گۆمه‌ڵگه‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ توانایی و ئیشی بنه‌ره‌تی ئه‌وانه‌یه‌ پڕترن و تۆكمه‌ترن له‌به‌رانبه‌ر سیحره‌كانیی دونیادا.

سیحره‌كانی دونیا له‌ دۆخی ئێمه‌دا تاراده‌یه‌كی ترسناك له‌كاردابوون و له‌كاردان. ئه‌وان خاوه‌ن هێز و قودره‌تی گه‌وره‌ی سه‌رنجكێش و حه‌زرفێنن، قودره‌تی نه‌وت، قودره‌تی پاره‌ی دزراو و ئه‌ودیوكراو، هێزی راكێشانی كۆشك و ته‌لاری بڵند و گرانبه‌ها، ژیانیی ناو دوورگه‌ و شوێنه‌ سه‌رسورهینه‌ره‌كانی دونیا و چێژیی هه‌میشه‌یی ده‌سه‌ڵات و حوكمی ره‌ها! ئه‌مانه‌ بۆ بوونه‌ گرگنه‌كان سه‌روه‌رن، فه‌رمانره‌وا و پێشه‌نگی بیركردنه‌وه‌ و ئه‌خلاقییانن.

نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی سیحرێكی وجودییانه‌ی تایبه‌تی هه‌بوو، كه‌ هه‌رده‌م كاریی له‌ سیحریی دونیا ده‌كرد، سیحریی ئه‌و نیشانه‌یه‌ك بوو بۆ پوچبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزه‌ سه‌رنجكێشانه‌یی مرۆڤه‌ گرگنه‌كانیان راپێچی پیسی و پۆخڵییه‌كانی ژیانی مادیییانه‌ و شه‌هوانییانه‌ی دونیا ده‌كرد. بێ ئه‌وه‌ی كه‌س و هێزێكی دیاریكراو به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستدار قسه‌ له‌ مێژووی پیاوه‌ گه‌وره‌كانیی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ئۆجالان بكات، مێژوو خۆیی مه‌حكومه‌ به‌ نووسینه‌وه‌یان له‌ دوو توێی لاپه‌ڕه‌ سپییه‌كانیدا، ئه‌وان به‌ مێژوویه‌كی پۆزه‌تیڤه‌وه‌ لێره‌بوون و لێره‌ده‌بن.

بوون له‌ رێگه‌ی مرۆڤه‌ ره‌سه‌ن و پایه‌داره‌كانه‌وه‌ دێته‌ قسه‌، ئه‌مه‌ مارتین هایدیگه‌ریی فه‌یله‌سوف واده‌ڵیت. بوونیی ته‌واویی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی كورد له‌ ریگه‌ی هه‌موو بوونێكی راسته‌قینه‌ی كوردییه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خات، به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا و ئه‌وانه‌ی هاو جه‌وهه‌رین له‌ ره‌سه‌ناێتی و راستگۆییدا، له‌ئاستێكی قووڵتردا قسه‌ و به‌رجه‌سته‌بوونی بوونی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان نمایشده‌كه‌ن.

مێژوو خۆیی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌نوسێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا مه‌حكومبوونیی مێژووه‌ و هیچی تر.