مشتومڕی دوای"دیداری تەمەن"

5/18/2017 2:24:00 PM

9190 جار خوێندراوەتەوە

هادى حەمە ڕەشید
+ -

لە ٧ی ئابی ١٩٧٠دا و چەند مانگێک پاش ڕێککەوتننامەى ١١ى ئازار بەنێوەندگیریی "فاخیر مێرگەسوری" مام جەلال ئەچێتە لاى "مەلا مستەفا" کە لەسەر ڕاسپاردەى ئەو داواى سەردانیکردنى تاڵەبانیی کردبوو، پاش گەیشتنى بە بارەگاى بارزانى، (مەسعود و ئیدریس و د.مەحمود عوسمان) ئەبینێت، ئەڵێ: (خوا حەقە مەسعود و ئیدریس بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردم و د.مەحمود زۆر بە ساردیی و بە عاستەم دەستێکى دامێ و منیش بە ساردى دەستێکم دایە) ئەم تابلۆیە لە پەیوەندی نێوان ماڵباتى بارزانى لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا و هەڵوێستى توندتر لەخۆیانى پەراوێز و دەستوپێوەندەکانیان، تابلۆیەکى تەواو نەکراوە و تائێستاش درێژەی هەیە، پێشینان بۆ ئەمە وتبوویان(( باوک مردو وازى هێنابوو، کەچى چێشت و گۆشتخۆر دەعوایان هەبوو!!))  خۆ ئەوە ڕوونە کە د.مەحمودەکانى دوێنێ و ئەمڕۆش هەژموونى کوڕان و ماڵى بارزانى وایان لێئەکەن کە ناچاربن لەبرى خۆیان شەڕیان بۆ بکەن و بۆ خۆیان دیپلۆماسییانە ململانێکە درێژە پێ بدەن، بەڵام دواجار مێژوو چاوپۆشى لە هەڵوێستى ڕەزیل و چروکانەى هیچ تاکێک ناکات و ئەمڕۆ نا سبەى هەڵوێستەکان ئەخرێنە بەردەم ویژدانى دەستە جەمعییەوە! .

کاک(سەلاح ڕەشید) لەکارێکى ناوازەدا هەستاوە بە چاوپێکەوتنێکى ماوەدرێژ و سەراپاگیر لەگەڵ یەکێک لە فیگەرە ئامادەکانى ناو دنیاى سیاسیی ئێمە کە "مام جەلال"ــە (قسەکردنى مەنهەجى و بابەتى هەڵئەگرین بۆدەرفەتێکیتر) ئەوەى سەیر بوو پەرچەکرداریی هەندێ کەس بوو کە لەڕاستیدا نەک لەو کتێبەدا کەسایەتى لاوەکى(ثانوي)ــن، بگرە هەندێکیان ئەم نەوەیەى ئێمەن و وجودیان لە مێژووەکەدا نیە، بەڵکو تەنیا و تەنیا پاڵنەرى ئایدۆلۆژیی و حیزبى ئەو هەڵوێستەىان بەبەردا ئەکات!.

بەگشتى چەند سەرنجێک تۆمار ئەکەم:

ئەگەر لەسەر بنەماى "مەلا بەزێنە" سەرنج لەسەر ئەم کتێبە نەخرێنە ڕوو، ئەوا ئامادەکاریی ئەم چاوپێکەوتنە خاڵى کۆتایی و قوفڵى داناوە، بەوەى کە چاوپێکەوتنەکانى بە تۆمارکراوى دەنگیی لەلایە و "پێم وایە و پێموانیە" هەڵناگرێت، ئەمە فاکتە و لادان لێی، ئەمانخاتە سەنگەریی چەلەحانێی بێبایەخەوە!.

لە ساڵى ١٩٩٠ـەوە چاوپێکەوتنەکە دەست پێئەکات و ٢٠٠٥ کۆتایی پێدێت، واتە چاوپێکەوتنەکان چێکێکى جدیی سایکۆلۆژیی سیاسییەکى وەک تاڵەبانییە، کە لە ماوەى ئەو ١٥ ساڵەدا بە دۆخى ئاشتى و ململانێ و شەڕ و گفتوگۆ و دانوستان دیسان ئاشتی و ڕێککەوتننامە و بگرە هاوپەیمانى ستراتیجیشدا ڕۆیشتوون لەگەڵ ڕکابەرە ئەزەلییەکەیاندا.

پارتى و ئەو تیمەى کە ئێستا لۆبى بۆ بارزانى ئەکەن(کە لەڕاستیدا تیمێکى بەرفراوان و دەستکراوەشن لەڕووى پێداویستیی میدیاییەوە) لە ڕوخساردا واى دەرئەخەن کە گوایە ئەم کتێبە دوور و نزیک پەیوەست نیە بە بیروبۆچوونى تاڵەبانییەوە، بەڵکو سەراپاى هەڵبەستراوە و ئامادەکاری ئەم چاوپێکەوتنە ساختەکاریی کردووە!  بۆئەم مەبەستەش هەرخودى تاڵەبانیی و پێکەوە گونجانى ئەم دواییەى لەگەڵ ئەوماڵباتەدا ئەکەن بە کەرەستەى ڕەدکردنەوەى کتێبەکە، لەکاتێکدا کە نەک ئەو جۆرە فەریکە ڕۆژنامەنووس و سیاسییانە، بگرە ئەگەر خودى "مەسعود بارزانى" لەڕاستى کۆى کتێبەکە دڵنیا نەبووایە بێگومان لەم کات و ساتەدا لە ئەرشیف و "چەکمەجە" تایبەتییەکەیدا نامەیەکى نێوان خۆى و تاڵەبانى نەئەخستە ناو میدیاکانى پارتەکەیەوە!

کتێبەکە کەشکۆڵێکى باش و پڕ ئەزموونى ژیانى سیاسی کەسایەتییەکى کاریگەری ئێمەیە "چاکى کردبێت یان خراپ" گەیاندنى بەم نەوەیە پرسێکى زۆر گرنگە کە دەمێکە ئەبوو یاداشت و بیرەوەرییەکانى لە کتێبخانەى کوردیدا جێگایەکیان هەبووایە! کۆى بابەتەکەش ناکرێت کورت هەڵبهێنرێت لە قسەکردن لەسەر بارزانى و پارتى، دواجار بشکرێت بە فۆبیا!.

 ٥- ئەو برادەرە پەراوێزانەش کە بە هاتنى ناویان لەچەند ڕووداو و بەسەرهاتێکدا هاتنە هەلەکە سەما و خێرا دەزگا و سەنتەر و دارولنەشرەکانى خۆیانیان خستە خزمەتى ئەجێنداى کەسیی خۆیان و بۆ لێدان لە ئامادەکاری ئەم کتێبە و بگرە لە یاداشتەکانى مامیش کەوتنە موغازەلە و تەمەلوقکردن بۆ پارتى و ماڵباتى بارزانى، بە داخەوە بۆ هەوڵى مایەپوچیان، چونکە لەڕاستدا نە یادەوەریی ئەم خەڵکە ئەوەندە کول و کۆڵە و وابزانین تەنانەت پارتیش لەبیریەتى لەو مێژووەدا کە تاڵەبانى باسی ئەکات، ئەمانەش شاگردێکى چەندە کارامەى دژە پارتى و بارزانى بوون، ئێستا بەم ساردکردنەوەى ماستاوە تەنیا و تەنیا لەڕووى تاکتیکەوە پارتى شەڕى ئەمڕۆتان دژ بە ڕابردووى خۆتان پێئەکات! یەک لەوانە "مەلا بەختیار"بوو، کە پاش بڵاوکردنەوەى چەند دێڕێک لەسەری(کە هەفتەنامەى ئاوێنە لە کتێبەکەوە گوڵچنیان کردبوو) نەک خۆى بگرە بەناوى خوازراو و چەندین قەڵەمى نزیک لەخۆى لە "چاودێر"ـەوە ڕەخنەى توندیان لە کتێبەکە گرت، هەندێک لەو ڕەخنانە دڵنیایی دان بوو لە دۆستایەتى پارتى و یەکێتى و تاڵەبانى و بارزانى و جۆرێک لە نکۆڵیکردن بوو لەو مێژووە!
 لەکاتێکدا هەموومان ئەو زمانە توندەمان لەبیرە کە تاڵەبانى دژ بە پارتى و بارزانى پێیئەدوا، هەر خودی ئەم مەلایە لە وتاری کردنەوەى دووەمین فیستیڤاڵى گەلاوێژدا کە لە مانگى ١١ى ١٩٩٧دا ئەنجام درا، بەجۆرێک دائەبارێتە سەر پارتى و بەقەولى خۆى (ماڵى مەلا مستەفا) کە مەگەر هەر خۆى ئیلهامى لەو جۆرەى بۆبێت! ماوەتەوە بڵێین تاڵەبانی بە هەموو هەڵچوون و داچوونێکییەوە لە سیاسەتدا ئاوێنەیەکی گرنگی لە خۆڕوانینی سیاسییە کە ئەکرێت لە تەحەددا و ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا گیانی پێداگریی و تەحەددا لەناختدا پەرەبسێنێت و ڕکابەرەکانیشی لە دیپلۆماسییەت و دانوستانەکانییەوە بیانەوێت نەیارەکانی ئەمڕۆیان بشکێنن و بچووک بکەنەوە، ئەوەی ئەم بابەتانە یەکاڵا ئەکاتەوە گیانی تەسلیم نەبوونە بە دنیابینییەک کە ڕۆژگارێک بە هەموو توانا و لێوەشاوەییەکتەوە هەوڵی سڕینەوەییت داوە!.