رۆحانی و کەمپەینەکەی نیگەرانی چین؟

5/17/2017 8:42:00 PM

4108 جار خوێندراوەتەوە

تەحسین تەها چۆمانی
+ -

رۆژی هەینی داهاتوو ١٩/٥/٢٠١٧، هەڵبژاردنی خوولی دوانزەهەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەرێزی کارکردن و ململانێکان بۆ هەر یەکە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری چوار ساڵی رابردوو و سەید ئیبراهیم رەیسی کە بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەری گشتی ئیڕان و تا بەر لە کاندیدبوونیشی بەرێوەبەری دەزگای وەقفی ئیمام رەزای پاریزگای خوراسان بوو، ماوەتەوە.
تا ئەو شوێنەی کە پێویستی قسە لە سەر کردنە، یەکلایی بوونەوەی یەکێک لەم دوو کاندیدەیە بۆ چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی ئێران، بەتایبەت کە هەر یەکە لە محەمەد باقر قالیباف لە رەوتی ئوسوڵگەراکان و ئیسحاق جیهانگیری لە رەوتی ئیسڵاحەکان لە کاندید بوونیان پاشەکشەیان کرد.
بە هەر حاڵ، هەڵبژاردنی رۆژی هەینی دەری دەخات کە هاووڵاتیانی ئێران لە ژێر هەژموونی کام یەک لە گوتاری(Discourse) ئەو دوو کاندیدە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتوویان دیاری دەکەن. بەتایبەت کە هەردوو کاندیدەکە بە بەرنامەو گوتاری نوێ لە نێو زەمینەی بانگەشەکاندا لە بەرامبەر یەکتردا وەستاونەتەوە.
حەسەن رۆحانی لە کۆبوونەوەکانیدا بۆ مانا بەخشین بە سیاسەتی کارکردنی لە کابینەکەیدا لە چوار ساڵی رابردوودا، جگە لەوەی باس لە مەسەلەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و مەسەلەی پەرە پێدانی سەرمایەی دەرەکی لە ئێران و فراوانکردنی حەوزەی سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی، یەکێک لەو دەستەواژانەی کە وەک داڵی مەرکەزی بەکاری دەهێنێت و دووبارەی دەکاتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت: (بەعقب برنمی گردیم)، لێکدانەوەی ئەم دەستەواژەیە لە چەند لایەکەوە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین. یەکەم، ئەوەی کە ئێمە وەک دەوڵەتی ئیسلاح کردوومانە هەنگاوێکی نوێی سیاسی و سیاسەت کردنە کە نامانەوێت پاشەکشەی نەخشە رێگەکەمان بکەین. دووەم، وەک ئاماژەیەکە بە سیاسەت و کارکردی سیاسی ٨ ساڵی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد، کە جگە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران، لە سەر ئاستی دەرەکیش گەمارۆکانی سەر ئێران زیاتر کران. سێیەم، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە رێگەی ئەو نەگەڕانەوەیە بۆ دواوە، تەنها بەهۆی دەنگدانەوە دەبێت بە خودی کابینەکەی خۆی.
پەنابردنی رۆحانی بۆ ئەم جۆرە لە گوتارە، لە راستیدا بینینی کاندیدە بەهێزەکەیە لە بەرامبەر خۆیدا، بەتایبەت کە ئیراهیم رەیسی لە شەخسی رابەری ئێران نزیکەو هەر وەک چۆن باس لە جێنشین بوونی رابەری ئێرانیش لە بارەیەوە دەکرێت، بۆیە رۆحانی و راوێژکارەکانی بەباشی لەوە دەگەن کە هاتن و مانەوەی رەیسی، ناکرێت هەروا بە ئاسانی نادیدە بگیرێت. بەتایبەت کە دەبینین کەسێکی وەک محەمەد خاتەمی و حەسەن خومەینی و ژمارەیەکی زۆر لە سینەماکارو هونەرمەند و سیاسی...تاد، بەدەنگ دروشمەکەی رۆحانییەوە دێن، بەدڵنیاییەوە لەوە گەیشتوون کە گەڕانەوە بۆ رابردوو پێ دەچێت ئێران تەسلیم بە کۆمەڵێک رووداوی نەخوازراو بکات. بۆیە لەم رووەوە جۆرێک لە نیگەرانیان پێوە دیارە.
خاڵێکی گرنگتر لەم پڕۆسەیەدا هەوڵی ئیسڵاحەگەرەکانە بۆ ئەوەی کە رۆزترین رێژەی هاووڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنی رۆژی هەینی بکەن، چونکە بەرژەوەندی ئەوان لە لەوە دایە کە زۆرترین خەڵک بەشداری بکات، چونکە مەترسی ئەوە لە ئارا دایە لە بەهۆی پێگەی ئیبراهیم رەیسی و ئەو پشتیوانیانەی کە لێی دەکرێت، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕواتە قۆناغی دووەم-ەوە، کە لەم رووەوە قۆناغی دووەم بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی و سوودی ئەوان دا نییە، هەروەک دەنگێکیش لە ئارادایە کە ئەگەر بێت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕواتە قۆناغی دووەمەوە، ئەوا بێ گومان شانسی ئیبراهیم رەیسی بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار زیاتر دەبێت. چونکە لە قۆناغی دووەم بەهۆی ئەوەی کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیەکانی لەگەڵ دا نابێت، چاوەڕوان دەکرێت خەڵکێکی ئەتۆ بەشداری ئەو قۆناغە ناکات. لەم رووەوە محەمەد جەواد زەریف لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە، جگە لەوەی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هەڵبژاردنی چوار ساڵ لەمەو پێش نەبوایە، کە مەبەست لێی سەرکەوتنی رۆحانیە، مەسەلەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆی ئابووری لە سەر ئێران لا نەدەچوو، داوای ئەوە دەکات کە هاووڵاتیانی ئێران لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات زۆرترین بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی رۆژی هەیندا.
خاڵێکی تر کە نیگەرانییەکی زۆری پێوە دیارە، بەیاننامەی ئەمڕۆی حەسەن رۆحانییە کە بەهۆی هێرشی لایەنگرانی ئیبراهیم رەیسی بڵاویکردەوە، بەیاننامەکەی رۆحانی جگە لەوەی کە پەلەییەکی زۆری پێوە دیارە لە هەمان کاتدا دەیەوێت وەک شتێک قەرەبووی هەموو ئەو شوێنانەی پێ بکاتەوە کە لەم ماوەیەدا بۆ مەسەلەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی نەکردوون.
لەم رووە رۆحانی بە ئاماژە دان بە هەموو ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە بەتایبەت لە مەسەلەی چارەسەر نەکردنی کێشەی بێکاری ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵی چارسەری بۆ نەمانی بێکاری تەواوەتی دەکات، بەڵام ئەو شتەی کە رۆحانی لەم رووەوە زۆر نیگەرانە ئەو خاڵەیە کە لایەنی بەرامبەر بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەویش بڕینی دەرماڵەی نەخد (یاران)ی مانگانەیە لەلایەن کابینەکەی رۆحانیەوە کە بۆ هەر سەر خێزانێک بڕی ٤٥هەزار تومەنە، بۆیە رۆحانی لە بەیاننامەکەیدا جگە لەوەی داوای ئەوە دەکات کە وڵات بەرەو چەواشەکاری نەبردرێت، لە هەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران و مامۆستایان و کاسبکاران دەکات کە رۆڵیان هەبێت لە بە ئاگاهێنانەوەی خەڵک بۆ ئەوەی فریوی چەواشەکاری رکابەرانی نەخۆن.
بۆیە دەکرێت وەک خاڵی کۆتایی ئاماژە بەوە بدەین، کە رۆحانی لایەنگرانی ئەگەرچی تا ئاستێک لە سەرکەوتنیان جۆرێک لە دڵنیاییان پێوە دیارە، بەڵام دیسانەوە نیگەرانی و پەلەپڕوزەیەکی زۆریان پیوە دیارە لە رەتکردنەوەی ئەو هێرشانەی کە دەیان کرێنە سەر، چونکە بە رەچاوکردنی بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیانی ئێران ئەوان لەوە تێ دەگەن کە بە بچووکترین شت تەراوزووی هەڵبژاردنەکان پێ دەچێت لە زەرەری ئەواندا لاسەنگ بێت. بەتایبەت لە شارە بچووک و گوندە دوورە دەستەکاندا کە زیاتر لە ژێر سەیتەرەو کاریگەری ئسوڵگەراکاندان.