چەند سەرنجێکی سۆسیۆلۆژی لەبارەی سوکایەتی کردن بە ژنان

3/19/2017 8:43:00 PM

2461 جار خوێندراوەتەوە

ڕێبین مستەفا
+ -

لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە پیاوێک سوکایەتی بە هاوسەرەکەی خۆی دەکات، بەشێکی زۆری ئەو وتار و نوسینانەی لەسەر ئەم بابەتە لەم دوو ڕۆژە خوێندنمەوە لە وتاری سۆزداری و هەستەکی زێتر بەولاوە نین.
نوسینگەلێکن بێ ئەوەی ئاگاداربن دەچنەوە خزمەتی هەمان سوکایەتی و لاقەککردن کە بە خودی ژن دەکرێ، گوتاری باو لەنێو خوێنەواران و ڕۆشنبیران گوتاری سۆزداریە، گوتارێکە بە مەسافەیەکی یەکجار زۆر دورە لە خوێندنەوەی عەقڵانی و زانستی، ئێمە هەرگیز ڕووداو و دیاردەکانی کۆمەڵگاکەمان ناخوێنینەوە بەڵکو هاوسۆز و هاوخەمی خۆمان دەردەبرین بەرامبەریان، هەربۆیە ڕووداو و دیاردەکان بەردەوام دووبارە و دووبارەدەبنەوە
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئێمە ئاگاداری بین ئەوەیە ئێمە نابێ توشی شۆک ببین، کۆمەڵگای ئێمە لەگەڵ ڕوودانی دیاردە و ڕووداوی لەم چەشنە توشی شۆک دەبێت، لەڕاستیدا زۆر گرنگە ئەو شۆكە تێبپەڕێنین تەنها لە پێناوی لێ وردبوونەوە، تەنها لەپێناوی ئەنجامدانی مامەڵەیەکی عەقڵانی و زانستی لەگەڵ دیاردەکانی چواردەورمان، چركەساتی شۆك بوون چركەساتێك نییە مرۆڤ والێبكات تێرابمێنێ یان شۆكبوون وەسیلەیەك نییە بۆ تێفكرین لە دیاردە و ڕووداوەكانی چواردەورمان.
بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەموو جەهلە کلتوریە لێكشیتاڵ بكەین پێویستە لێی تێبگەین، هەزمی بكەین، لێی ورد بینەوە دەبێ لەسەرەتادا ئەو شۆکەی هەمانە تێی بپەڕێنین، ئایا چی لەپشتی ڕووداو یان حاڵەتێکی لەم چەشنەیە، ئایا گرفتە گەورەکە ئەو ماکینە گەورەیەیە کەناوی کلتورە یان کێشەکە ڕوداوێکی تایبەتیە و پەیوەندی بە کەسێکی دیاری کراوەوە هەیە؟
لێرەدا هەوڵدەدەم چەند سەرنجێکی سۆسیۆلۆژی بۆ ئەم ڤیدیۆیە بنووسم
*لە سۆسیۆلۆژیادا چەمکێکمان هەیە پێی دەڵێن "تخلف الاجتماعی" بەکوردی ڕەنگە بتوانین ئەم چەمکە بە دواکەوتووی کۆمەڵایەتی وەریبگێڕین، مەبەست لەم چەمکە ئەو دۆخەیە کە کۆمەڵگایەکی دیاریکراو تێی دەکەوێکە تیایدا لەڕووی مادی و ژیانی ماددی بەرەو پێشەوە دەچێت و تا ئاستێکی باش پێدراوە ماددیەکانی ژیانی مرۆڤ دابین دەکرێت، بەڵام لە ڕووی فکری و عەقڵی هەمان دۆخی هەزار ساڵ پێشتر یان زیاتری هەیە، دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی دەلالەتە لەو دۆخەی کە کۆمەڵگا ئاستە فکریەکەی شانبەشانی ئاستە مادی و ڕەفاهیەکەی پێشڤەناچێ، بۆ نموونە ئەو پێشکەوتنەی وڵاتانی عەربی، زۆربەی وڵاتانی عەربی لە ئاستی ماددی و ڕەفاهی پێشکەوتنی باشیان بەخۆوە بینوە، بەڵام لە ئاستی فکری و عەقڵی هەمان کۆمەڵگای سەردەمی بیابان و زیندە بەچاڵکردنی ژن و جەهلن.
کۆمەڵگای کوردیش بەهۆی کاریگەربوونی ڕاستەوخۆی بە کۆمەڵگا عەرەبیەکان لەزۆر شتدا دەچێتەوە سەر هەمان کلتوری ژن کوشتن و سوکایەتی و زیندە بەچاڵکردنی ژن، دەکرێ بلێین کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکە تەواو لە (تخلف الاجتماعی)دا دەژی.
*لەڕاستیدا لاقەکردنی ژنان بەرلەوەی پرۆسەیەکی فیزیکی و جەستەی بێت پرۆسەیەکی فکری و عەقڵیە، مرۆڤی ئەم ناوچەیە بەرلەوەی چەقۆ و تێڵا لەژن هەڵبگرێت بەرلەوەی ژن بکوژێت و زیندە بەچاڵی بکات، لەڕووی فکریەوە دەیکوژێ، لەڕووی عەقلیەوە ژن لە زاکیرەی خۆیدا دەکوژێ.
لەنێو فکر و عەقڵی ئێمەی کوردا بەجۆرێک لەجۆرەکان ژن بوونەوەرێکی ناقس عەقل و خودان کەماسی گەورەیە، هەربۆیەشە پیاو و ژن خۆشیان هاتوونە ئەو بڕوایە کە دەبێت بەردەوام ژن چاودێری بکرێت، دەبێت بەردەوام ڕێنمای بکرێت ئەگەر پێویستیشی کرد لێی بدرێت بکوژرێت.
بەکورتی کلتوری کوردی (نەریت، داب، بەها، ئاین..تاد) کلتورێکە بەرلەوەی فیزیکیەن ژن بکوژێت لەڕووی عەقلیەوە ژنی کوشتوە، بۆیە پێویست ناکات ئێمە توشی شۆک ببین، بەڵكو ئەوەی پێویستە لێکشیتاڵکردنی ئەم ماکینە زەبەلاح و بێرەحمەیە کە ناوی کلتورە، هەڵبەت کلتور مەبەستم کۆی ئەو پێدراوانەشە کە کلتور لەناو خۆیدا هەڵیگرتوون.
بەبێ لێکشیتاڵکردن و لەبەریەک هەڵوەشاندنی ئەم کلتورە مومکین نییە ئێمە بتوانین ڕێگە لە دوبارەبوونەوەی ئەم جۆرە لە ڕوداوانە بگرین.
*یەکێکی تر لەو کارە گرنگانەی پێویستە بیکەین لێدانە لە موقەدەس، لێدانە لەهەموو ئەو پێدراوە کلتوریانەی کە بەجۆرێک لەجۆرەکان موقەدەسن، بۆ نمونە دەبێت لە شەرەف و ناموسی پیاو بدرێت. لەوە بدرێت کە شەرەف بە پەردە و دوو دڵۆپ خوێن ببەسترێتەوە.
لەکۆتایدا ئەوەی لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە دوای ئەوەی ئێمە کلتور لێکشیتاڵ دەکەین نابێ دوودڵ بین لە توڕهەڵدان و تڕۆکردنی هەموو ئەو بڕوا و وردە کلتورانەی کە لەگەڵ دونیای تازە و ئەم قۆناغەی کۆمەڵگەکەمان ناگونجێن، هەر کلتورێک نەگەڕێتەوە خزمەتی ژیان و ژیانکردن، جگە لە توڕ هەڵدان هیچ چارەسەرێکمان نییە.