14/5/2017

دامەزرێنەرى پارتێکى یەک ساڵە بووە سەرۆکى فەڕەنسا

853 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرکەوتنى دامەزرێنەرى پارتێکى یەک ساڵە بۆ سەرۆکایەتى کۆمارى فەرەنسا سەرکەوتنێکى گەورەبوو، لە ئێستاشدا گەورەترین تەحەددا و تاقیکردنەوە لەبەردەم ئەو سەرۆکە نوێیە گەنجەدا پێکهێنانى کابینەى حکومەتەکەیەتى.

لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکى ئێلیزێ کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پۆلیس ئەرکى پاراستنیان لە ئەستۆگرتبوو، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە فرانسوا ئۆلاندەوە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن گواسترایەوە.

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکى پێشووى فەرەنسا پێش ڕادەستکردنى دەسەڵات وتى، دەیەوێت لە کەشێکى ئارام و ڕوون و پڕ لە خۆشەویستیدا دەسەڵاتەکانى بۆ ماکرۆن بگوازێتەوە.

بڕیارە ڕۆژى دووشەممە سەرۆک وەزیرانی نوێ و ڕۆژی سێشەممەش وەزیرەکانی حکومەتەکەى دیاری بکات.

لەبەرئەوەی پارتەکەی ماکرۆن تەمەنى تەنیا یەک ساڵە و یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، هێشتا پەرلەمانتارێک و وەزیرێکى نییە و وەک پارتێکی ناوەڕاست وەسفکراوە کە نە ڕاستڕەوە نە چەپڕەو.
دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى وڵات و لەیەکەم وتاریدا ئیمانوێل ماکرۆن سوپاسى گەلى فەرەنساى کرد بەرامبەر ئەو متمانەیەى پێیان بەخشى و ڕایگەیاند، جیهان پێویستى بە فەرەنسا و تواناکانیەتى.
وتیشى، فەرەنسا یەکسانى و ئازادى بۆ جیهان بەدەستهێناوە و لە پێناو بەهێزکردنى وڵاتەکەدا وبە بڕوابەخۆبوون هەموشتێک دەکەن و لە پێناو چەسپاندنى پایەکانى دیموکراسیدا هەموو هەنگاوێک دەنێن چونکە جیهان لە چاوەڕوانى فەرەنسادایە.
لە پرۆگرامی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانى فەرەنسادا ماکرۆن زیاتر جەختی لەسەر لایەنی ئابووری کردەوە و بەڵێنی دابوو کە باج لەسەر هاووڵاتییان کەمبکاتەوە و باجی نیشتەجێبوون نەهێڵێت.
ئاماژەى بەوەشکردبوو بە کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان لە پێنج ساڵی سەرۆکایەتیدا ٦٠ ملیار یۆرۆ لە خەزێنەی دەوڵەت پاشەکەوت دەکات، هاوکات جەختى لەسەر بەهێزکردنی یەکێتی ئەوروپا دەکردەوە.
لە خولى دووەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا، سەرۆک و سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە کاندیدە شکستخواردووەکانى خولى یەکەمى هەڵبژاردن و ژمارەیەکى زۆر وەزیر و سیاسەتمەدار پشتگیرى خۆیان بۆ ئیمانوێل ماکرۆنى تەمەن ٣٩ ساڵ ڕاگەیاند تا ببێتە گەنجترین سەرۆکى وڵاتەکەیان، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ هەر ئەو کەسانە هاوکاریى ماکرۆن دەکەن لە پێکهێنانى کابینەى حکومەتەکەى و جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى؟