10/5/2017

بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی نەجەف مەترسی لەناوچوونیان هەیە

678 جار خوێندراوەتەوە

+ -

له‌٢٧ی نیسانی ڕابردوودا لیژنه‌ی میللی بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌كان تێبینی ژماره‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی له‌ناوچه‌ی غه‌ساسینه‌ی شوێنه‌واری كرد، ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ به‌شێكن له‌ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان له‌ نه‌جه‌ف، چونكه‌ له‌ یه‌كی شوباتدا چه‌ند چالاكوانێكی مه‌ده‌نی له‌ شاری نه‌جه‌ف گردبوونەوەیەکی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیان رێكخست له‌دژی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر شوێنه‌واره‌كانی حیره ‌‌و مه‌نازیره‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌شداربووانی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌كه‌ داوایانكرد "گۆڕینی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ كێڵگه‌‌ و پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان رابگیرێت‌ و كار بۆ دابینكردنی پارێزگاری بۆ ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كان بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌" هه‌روه‌ك داواشیان كرد "له‌لایه‌ن رێكخراوی یونسكۆوه‌ پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تیان بۆ دابین بكرێت".

مه‌كی سوڵتانی نووسه‌ر‌ و توێژه‌ر ده‌ڵێت "شوێنه‌واره‌كانی هه‌ردوو ناوچه‌ی حیره‌‌و مه‌نازیره‌ زۆربه‌یان مه‌سیحین ‌و دووچاری له‌ناوچوون‌ و كۆنبوون هاتوون به‌هۆی پشتگوێخستن ‌و نه‌بوونی نۆژه‌نكردنه‌وه ‌‌و گۆڕینیان بۆ ناوچه‌ی نیشته‌جێ ‌و پرۆژه‌ی كشتوكاڵی".

په‌یامنێری "نیقاش" به‌و ناوچه‌یه‌دا گه‌ڕاوه‌ كه‌ نزیكه‌ی ١٣٠كم له‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ دووره‌ ‌و كێڵگه ‌‌و په‌یكه‌ری ئه‌و خانووانه‌ی بینیوه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ ناو سنووری ئه‌و ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌دا دروستیان كردووه‌، هه‌روه‌ك گردی شوێنه‌واری‌ و زه‌وی به‌رزونزمیش ده‌بینرێت‌ و دیارترینیشیان پاشماوه‌ی كۆشكی مێژوویی سه‌دیره‌ كه‌ شا نوعمان كوڕی مونزیر له‌ نێوان ساڵانی ٤٠٣- ٤٣٠ی زاینی بنیاتی ناوه‌.

له‌ هه‌مان ئه‌و شوێنه‌دا گردێكی فراوان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پاشماوه‌ی كۆشكی خه‌وه‌رنه‌قی ئه‌فسانه‌ییه‌ كه‌ نێرده‌یه‌كی زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانیا له‌ ساڵی ١٩٣١ كنه ‌‌و پشكنینی بۆ كرد ‌و مێژووه‌كه‌ی بۆ هه‌مان قۆناغ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌م ناوچه‌ مێژووییه‌ كه‌ خۆڵ دایپۆشیوه ‌‌و كردوویه‌تیه‌ چه‌ند گردێكی بێده‌نگ، تێبینی ده‌یان رێڕه‌وی تێدا ده‌كرێت كه‌ به‌هۆی كنه‌ و پشكنینی هه‌ڕه‌مه‌كی دزه‌كانی شوێنه‌وار ‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای گه‌نجینه ‌‌و جادوودا ده‌گه‌ڕێن دروستبوون له‌و گۆڕانه‌ی زۆربه‌یان بۆ مه‌سیحیه‌ دێرینه‌كانی عێراق ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

سوڵتانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "كه‌لوپه‌لی به‌نرخ دۆزراونه‌ته‌وه‌ له‌ پاره‌ی كانزایی شوێنه‌واری‌ و پارچه‌ زێڕ كه‌ هه‌ندێكیان راده‌ستی لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان كراون‌ و به‌شه‌كه‌ی تریش چاره‌نووسیان نادیاره‌".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا سه‌ردانیكه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌یان گۆڕی هه‌ڵكه‌ندراو ده‌بینێت كه‌ بوونه‌ته‌ گۆماوی بچووكی ئاوی ژێر زه‌وی‌و مۆڵگه‌یه‌ك بۆ شتی پیس‌ و كیسه‌ی خاشاك، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سوڵتانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "زۆرێك له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ به‌ردی پاشماوه‌ی گۆڕه‌كان ده‌دزن تا خانووه‌كانیانی پێ دروست بكه‌ن".

ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ بیر بهێنێته‌وه‌ كه‌ له‌شاری بابلی مێژوویی ڕوویدا كاتێك دانیشتووانی شاری حلله‌ی نزیك له‌ بابل (١٠٠ كم له‌ باشووری به‌غدا) به‌درێژایی ساڵانێك خشتیان بۆ بنیاتنای خانووه‌كانیان گواسته‌وه ‌‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی دیارنه‌مانی به‌شێكی زۆری بینا مێژووییه‌كان.

به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ شتێكی نامۆ نییه‌ كه‌ هاووڵاتیان پارچه‌ شوێنه‌وار بدۆزنه‌وه‌ یاخود كه‌سانێكی دیكه‌ بیاندزن، چونكه‌ له‌ سێی ئازاری ٢٠١٦دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار‌ و كه‌له‌پووری نه‌جه‌ف ٤٣ پارچه‌ شوێنه‌واری له‌ هاووڵاتیه‌كه‌وه‌ بۆ گه‌ڕایه‌وه‌.

له‌ پێنجی شوباتی ٢٠١٧یشدا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ٣٥ پارچه‌ شوێنه‌واردا گرت كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ قۆناغیی مێژوویی جیاجیا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ‌و له‌ ئۆتۆمبێلێكدا شاردرابوونه‌وه‌، له‌ شوێنێكیشدا كه‌ زۆر له‌ حیره‌وه‌ دوور نییه‌، گۆڕستانی وادی سه‌لام كه‌ مۆركێكی ئیسلامی هه‌یه‌، گۆڕستانی "ئوم خه‌شم" له‌خۆده‌گرێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان نه‌جه‌ف ‌و مه‌نازیره ‌‌و گه‌وره‌ترین گۆڕستانی مه‌سیحیه‌كان له‌ عێراق ‌و دووه‌م كۆنترین گۆڕستانی مه‌سیحیه‌ له‌ جیهان له‌دوای گۆڕستانی ڤاتیكان، له‌و ناوچه‌یه‌شدا شوێنه‌واری ئه‌و گۆڕانه‌ ده‌ركه‌وتوون كه‌ لم ده‌وری داون‌ و به‌جێهێڵراون بۆ تاڵان‌ و بڕۆ.

عه‌لی حه‌سن ئه‌كادیمیستی بواری مێژوو كه‌ پێشتر سه‌ردانی شوێنه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "زۆرێك له‌ كاری هه‌ڵكه‌ندنی گۆڕه‌كان بۆ مه‌به‌ستی جادووه‌ كه‌ جادووگه‌ران بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك به‌كاری ده‌هێنن" دووپاتیشی كرده‌وه‌ "به‌جێهێشتنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌بێ پارێزگاری بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ وای كردووه‌ دووچاری تاڵانكردن ببێته‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ ئاوا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت".

له‌ سه‌روبه‌ندی مشتومڕ له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی خراپی ره‌وشی شوێنه‌واره‌كان له‌ نه‌جه‌ف، هه‌ندێك له‌و هۆكارانه‌ بۆ هه‌ڵوێستی مێژوویی‌ و مه‌سه‌له‌ی بیروباوه‌ڕیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌روونی له‌ پشتگوێخستنی به‌ئه‌نقه‌ستی كۆشكی مێژوویی ئه‌ماره‌تدا ده‌ریده‌كه‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی شاری كوفه‌ له‌ ساڵی ١٧ی كۆچیدا بنیات نراوه‌، چونكه‌ مێژوونووسان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سیمبولێكه‌ بۆ كۆشكێك كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی (٦٦٠ زاینی) كه‌ شیعه‌ رقیان لێیه‌تی ‌و ئه‌وانیش زۆرینه‌ی ره‌های دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێكده‌هێنن.

هه‌روه‌ك "مه‌دره‌جی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف سێ شوێنی شوێنه‌واری تێدایه‌ كه‌ له‌ پێنج ساڵی رابردوودا دۆزراونه‌ته‌وه‌‌و به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ قۆناغی مه‌نازیره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش مانای خراپی پلاندانان ده‌گه‌یه‌نێت"، ئه‌سیل تاڵه‌قانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزار‌و شوێنه‌واریش له‌ مانگی ئایاری رابردوودا دانی به‌وه‌دا ناوه‌.

به‌ڵام محه‌مه‌د مه‌یالی به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری شاری نه‌جه‌ف به‌ "نیقاش"ی وت: "زیاده‌ڕه‌وییه‌كان به‌به‌رنامه‌ نین، چونكه‌ پرۆژه‌ی حكومی نییه‌ بۆ زیاده‌ڕه‌ویكردنه‌ سه‌ر شوێنه‌واره‌كان، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ن كه‌ زیاده‌ڕه‌وی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت له‌ ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی مه‌نازیره‌‌و حیره‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی كێشه‌ی یاسایی ‌و ته‌نانه‌ت عه‌شایریشدا، ئه‌وه‌ی زیاتریش كێشه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كات كه‌می هۆشیاری ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیان له‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان‌و شوێنه‌وار‌و مێژووه‌كه‌یه‌وه‌ داناوه‌".

مه‌یالی ئاشكرای ده‌كات "یه‌كێك له‌ رێوشوێنه‌كان بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ بۆسه‌ر ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار داوای یاسایی له‌ دژی زیاده‌ڕه‌ویكه‌ران به‌رزبكاته‌وه ‌‌و ده‌ستدرێژیكه‌ران بۆسه‌ر شوێنه‌واره‌كان غه‌رامه‌ بكرێن".

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌موو شوێنه‌ مێژووییه‌كان له‌ پارێزگاكه‌دا له‌لایه‌ن پۆلیسی شوێنه‌واره‌وه‌ پارێزراون‌ و سه‌رپێچیش هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌".

بۆ په‌ره‌پێدانی ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كانیش له‌ نه‌جه‌ف‌ و كوفه‌‌ و حیره‌‌و مه‌نازیره‌‌و گۆڕینیان بۆ ناوچه‌ی گه‌شتیاری‌ و سه‌نته‌ری كه‌لتوری، مه‌یالی ئاشكرای كرد كه‌ نیاز هه‌یه‌ "هه‌ر كه‌ پاره‌ی ته‌رخانكراو به‌رده‌ست بێت كه‌ له‌ ئێستا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ راگیراوه‌، دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاری دروست بكرێن‌و ژێرخانیان ئاماده‌ بكرێته‌وه ‌‌و هه‌ندێك شوێنیش چاكبكرێنه‌وه‌".

له‌ سێی شوباتی رابردوودا وه‌فدێكی كه‌نیسه‌ی مار گورگیسی كلدانی سه‌ردانی كه‌نیسه‌‌و دێره‌ كۆنه‌كانی حیره‌‌و كوفه‌‌و نه‌جه‌فی كرد، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌سه‌ر رێگای ژیاندنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ به‌ بیروباوه‌ڕی ئیسلامی‌و مه‌سیحی، به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌س نییه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ شوێنه‌واره‌كان، ئه‌گه‌ر رێوشوێنی دیاریكراو نه‌گیرێنه‌به‌ر بۆ رێگرتن له‌ زیاده‌ڕه‌ویكردنه‌ سه‌ریان.
سەرچاوە: نیقاش
ئامادەکردنی: عەدنان ئەبو زەید