ئامار و فێڵی تۆپی پێی سەردەم

PM:01:44:18/06/2022
3612 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هێرۆیی
+ -

یەکێک لە گرفتەکانی تۆپی پێی ئەم سەردەمە بریتی یە لە هەڵخەڵەتاندنی بینەری یارییەکە لە ڕێگەی ئامارەکان، لە لایەن پێگە و کۆمپانیاکان، ئەوەش بە کورتکردنەوەی تۆپی پێ تەنها لە ئاماردا، لەوەش خراپتر کاتێک باسی ئامار دەکەن ئامارەکان بە ئاماری مێژوو دادەنێن، لە کاتێکدا بەگشتی ئامارەکان لە دوای دوو هەزارەکانەوە پەیدا بوون و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، بەڵام کە سەیر بکەین لە سەرەتای دروستبوونی یارییەکەوە تەنها گۆڵ ئەژمار دەکرا و تەواوی ئامارەکانی تر کەس گوێی پێ نەدەدان، بۆیە کەس نازانێت کێ چی کردووە، تەنانەت زۆرێک لە یارییە کۆنەکان هیچ ڤیدیۆ و بەڵگەیەکی فەرمی یان نیە.

ئەگەر بەڵگەیەک بۆ ڕاستی ئەو بابەتە بێنینەوە بۆ نمونە گۆڵ دیارترین بەشی یارییە بەڵام تا ئێستاش پێگەکان کۆک نین لەسەر ئەوەی ئەفسانەیەکی دیاری وەک پێلێ کە ناوێکی گەورە و دیارە چەند گۆڵی هەیە، باشە ئەی دەبێ چۆن ئاماری ئەسیست و شتەکانی تری بزانن! یان چۆن ئاماری یاریزانەکانی تر دەزانن؟ سەرنج بدەن لەم سەردەمەدا یاریزانێک هەر بجوڵێتەوە ئامارێکی مێژوویی بەناو دەکەن! بەڵام لە ڕاستیدا مێژووی ئەو ئامارانە تەنها بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە بەڵام ئەوان بە ئامارێکی مێژوو ناوی دەبەن.

یان ئەگەر نمونەیەک لە خەڵاتە تاکیەکان وەربگرین کە باڵۆن دۆر دیارترین خەڵاتە، بەڵام سەیربکەن مێژووی خەڵاتەکە چۆنە، ئەو خەڵاتە لە ساڵی 1956 وە دامەزراوە بەڵام لە سەرەتادا تەنها دەدرا بە یاریزانی ئەوروپی هەتا ساڵی 1995 بەو شێوەیە بەردەوام بوو، دواتر بڕیاریان دا خەڵاتەکە بدرێت بە یاریزانە بیانیەکانیش بە مەرجێک لە ئەوروپا یاری بکەن، هەتا ساڵی 2007 بەو شێوەیە بوو، ئینجا لە دوای 2007 وە بڕیاریان دا خەڵاتەکە بکەن بە خەڵاتێکی جیهانی. کەچی ئەوان بەردەوام لە گەڵ ناوهێنانی ئامارەکانی خەڵاتەکە بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکان ڕاستەوخۆ باسی مێژوو دەکەن، ئەمە جگە لەوەی خەڵاتە تاکیەکان زۆر بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە دابەش دەکرێن، کە ئەمە جگە لە هەڵخەڵەتاندنی بینەر هیچی تر نییە، تەنها مەبەستیان بە بازاڕکردنی یارییەکە و ناو و ناوبانگی هەندێ پێگەو کۆمپانیایە.

یان لە هەموو ئەوانە خراپتر گەورەکردنی یاریزانەکانە لە لایەن پێگەو کۆمپانیاکان بە کۆمەڵێک ئاماری لاوەکی کە ئەوەش تەنها بۆ بەرزکردنەوەی نرخی یاریزانەکان و بە دەستخستنی پارەیە لە ڕێگەی فروشتنەوەی ئامارەکان.

لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی گشتی ئامار لە تۆپی پێدا شتێکی باشە چونکە کۆمەڵێک زانیاری گرنگ دەخاتە بەردەست بە تایبەتی بۆ ڕاهێنەران، بەڵام ئەوەی خراپە لە ئێستادا هەڵسەنگاندنەکان بۆ باشترینەکان، تەنها لەسەر بنەمای ئامارەکان دەکرێن و نا یەکسانیش لە نێوان ئامارەکانی یاریزانی پێگە جیاوازدەکاندا دەکرێت، هەروەها پێویستیش ناکات لە کاتی تۆمارکردنی ئامارەکان ئەوەندە باسی مێژوو بکرێت، چونکە ئامارە کۆنەکان نە تۆمارکراون نە ئەوکات گرنگی بە ئامار دراوە، سەرەڕای ئەوانەش ئامارەکان زۆر خاڵی لاواز و فریودەری تریان هەیە.

بە گشتی بابەتەکە زۆر ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێ، بەڵام ئەوەی گرنگە بینەری کورد لەو ڕاستیە تێبگات کە لەم سەردەمەدا یارییەکی هەڵخەڵەتێنەر بە مێشکی هاندەرانی تۆپی پێ دەکرێت، لەلایەن پێگەو کۆمپانیاکانەوە.