یانەی ڕانیە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕین

AM:11:56:29/12/2021
4832 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

لە نەوەدەکان یانەی ڕانیە مەترسیەکی گەورەی سەر یانەکانی کوردستان بوو، لە خولی نایابی کوردستان، کاتێک ئەم یانەیە پێی نایە ناو دووهەزارەکان و، وردە وردە ئاستی بەرەو دابەزین چوو، تا دابەزی بۆ خولی پلەدووەکان و، چەند ساڵێکیش لەناو خولی پلەدوودا گیری خوارد، تا گەیشتە ئەوەی ئەم یانەیە تاکە خەونی ڕزگاربوون بوو لە خولی پلەدووی کوردستان.

دواتر خۆشبەختانە پار ساڵ ئەم گرێ کوێرەی کردەوەو چووە ڕیزی یانە پلەیەکەکان و، ڕانیەی ئێستا، وێنەی هەمان ئەو یانەیەی نەوەدەکانی، دووبارە لەناو یاریگای "ئازادەڕەش"دا وەک پاداشتی چاوەڕوانیمان نیشانداینەوە.

هەموو ئەو چاوەڕوانیەی هاندەرانی بەکۆتا هێناو، خەم و ئازارەکانی ساتی شکستی کردە هەوێنی خۆقایمکردنەوەو بەهێزکردنەوەی ڕۆحی یاریزانان و ڕاهێنەرانی و، هاندەرانیش بەیەک تین و لەسەر یەک ئاڕاستەی گیانی وەرزشی بەرز، هانی یانەکەیان داو، بوون بەسمبوولی هەموو ئەو سەرکەوتنە یەک کەدوای یەکانەی کە لەنێو یاریگای ئازادە ڕەشدا یانەکە وەک پاداشتی چاوەڕوانیان پێی دانەوە.

هیوادەخوازین لەساتی سەرکەوتنی یانەکانی دەڤەری ڕاپەین(ڕانیە و قەڵادزێ و چوارقورنە) بۆ خولی نایاب، یان تەنانەت لەساتی شکستیشدا ، ئەوجەماوەرە بە گڕوتین و خوێن گەرمە بۆ هاندانی یانەکانیان، هەمان ئەو تین و پاڵنەرەبن بۆ یانەکانیان و، وەک چۆن نمونەی جوانن لە وەرزشێکی جوان و پاکدا، بەردەوام نمونەی جوانتر نیشانی یانەکانی کوردستان بدەن و ببنە پێشەنگی ڕۆح جوانی و هەمیشە بەو میواندۆستیەی کە لە ڕۆحیاندا ڕەگی داکوتاوە کەسیمایەکی جوانی یانەکانی دەڤەرەکەمانن، ئاوهاش گیانی تەبایی و وەرزش دۆستی لەگەڵ هەموو یانەکانی شارەکانی کوردستاندا بەبێ جیاوازی گەشە پێبدەن و، ببن بەو یانانەی وەک چۆن ئێستا ڕووناکایی پێشکەوتنی وەرزشیان داگیرساندووە، بەوشێوەیە وەرزشی دەڤەرەکەمان ببەنە لوتکە.