پاڵاوتنەکانی مۆندیال بوەتە کێشە بۆ ڕیاڵ مەدرید

PM:06:22:26/01/2022

588 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشور بۆ مۆندیال چوار یاریزانی ڕیاڵ مەدرید لە جامی شا بەرامبەر بلباو بێبەش دەکات.

لە لێدوانێکدا جۆنینیۆ پاولیستای ڕێکخەری گشتی هەڵبژاردەى بەڕازیل دووپاتیکردەوە چوار لە یاریزانی سامبا کە لە ڕیزی ڕیاڵ مەدرید یاری دەکەن بانگهێشتی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیال کراون و تا دووی مانگی داهاتوو ناتوانن بگەڕێنەوە ئیسپانیا، کاتێک لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هەینی بەرامبەر ئیکوادۆر و لە چوارشەممەى داهاتووش کە دەکاتە دووی مانگ ڕووبەڕووی پاراگوایی دەبنەوە.

پاوڵیستا ئاماژەى بەوەشدا، سەرجەم یاریزانەکانیان لەدوای یارییەکەى پاراگوایی سەربەست دەبن تا بگەڕێنەوە ئەوروپا و پەیوەندی بە یانەکانیانەوە بکەن، ئەو کاتەش بەر لە 24 کاتژمێر دێت لە یارییەکەى ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر بلباو لە چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا کە پێتناچێت هەریەک لە کاسمیرۆ و میلیتاو ڕۆدریگۆ و ڤینیسیۆس بتوانن بەشداری بکەن.

ڕیاڵ مەدرید پێشتر داواکارییەکی ئاڕاستەى یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل کردبوو تا چوار یاریزانەکەى لەدوای یارییەکەى بەڕازیل و ئیکوادۆر بگەڕێنەوە ئیسپانیا، بەڵام داواکارییەکەى ڕیاڵ مەدرید ڕەتکرایەوە و بەو هۆیەشەوە ئەستەمە چوار یاریزانەکانی سامبای ڕیزی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە جامی شا یاری بکەن