PM:09:03:18/10/2021
1160 جار خوێندراوەتەوە
+
-
دیبرۆین دوپاتیکردەوە لیڤاندۆڤسکی شایستەی ئەوەیە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی
پێببەخشرێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی زە سەنی بەڕیتانی، کیڤن دیبرۆینی بەلجیکی و
یاریزانی مانچستەر سیتی ڕایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتون
لەدەستی ئەودا بێت ئەوا بە پێی ئاستی یاریزانەکە لە دوو ساڵی رابردوودا
هەڵیدەبژێرێت.
دی برۆین وتی: ساڵی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو خەڵاتە نەدرا بە هیچ یاریزانێک لەبەرئەوە
دەبێت ئاماری هەردوو ساڵی 2020 و 2021 ئەژمار بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو
یاریزانەی دەبێتە براوەی ئەو خەڵاتە.
وتیشی: بە بۆچونی من ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی شایستەی ئەوەیە خەڵاتی تۆپی ئاڵتون
پێببەخشرێت چونکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و زۆرترین
گۆڵی تۆمارکردووە.
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە ساڵی 2020دا خەلاتی زە بێستی پێبەخشرا کە لەلایەن
فیفاوە دەدرێت بە باشترین یاریزانی جیهان بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە مەراسیمی خەڵاتی
بالۆن دۆر ئەنجام نەدرا کە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە دابەشدەکرێت.
خ . ک