AM:08:39:06/07/2022
868 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ڤینیسیۆس پێیوایە ئاهەنگگێڕانى
بۆ خەڵاتى تۆپى ئاڵتون تەنیا لەسەر کات وەستاوە و بڕواى تەواویشى بە کەریم بنزیمە
هەیە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى
تى ئێن تى بەڕازیلى، ڤینیسیۆس جۆنیۆرى هێرشبەرى یانەى ڕیاڵ مەدرید ئاماژەى
بەوەکرد، زۆر ئارەزووى ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى نییە و پێیوایە بێزارکەرە،
لەبەرئەوەى پرسیارەکان هەمیشە دووبارەن.
ڤینیسیۆس لە بارەى
ئەگەرى بردنەوەى تۆپى ئاڵتونەوە دەڵێت "ئەوە شتێکە کاتى خۆى دێت، کەریم
بنزیمە 35 ساڵە و وا ئێستا بەدەستى دەهێنێت، پێشتریش لۆکا مۆدریچ لە 33 ساڵیدا
بەدەستیهێناوە، ساڵى زۆرم لەبەردەمدایە بۆ بەرەوپێشچوون و ڕێگاکە دوور و درێژە و
گەر خوا بیەوێت منیش بەدەستیدەهێنم".
ڤینیسیۆس باس
لەوەشدەکات، ئارەزووى خۆ پاڵاوتن ناکات و ئەوە بۆ هاندەران بەجێدەهێڵێت، بەڵام توانیویەتى
گۆڵ لە یارى کۆتایى و پێش کۆتایى و ئەسیست لە چارەکى کۆتایى چامپیۆنز لیگدا تۆماربکات
و دەشڵێت "تەنیا 21 ساڵم و دەمەوێت بگەمەوە بە یاریزانانى وەک بنزیمە و
مۆدریچ و مارسیلۆ، کە پێنج جار چامپیۆنز لیگیان بەدەستهێناوە، دەمەوێت بەپێى توانا
لێیان نزیکببمەوە".
لە بارەى ناکۆکی پێشووی
لەگەڵ بنزیمە، ڤینیسیۆس دووپاتیکردەوە کاتى خۆى بنزیمە تەلەفۆنى بۆ کردووە و پێى
وتووە "دەزانیت من زۆر سەرسامى تۆم، ئەوەى دەوترێت ڕاست نییە"، ئەویش
بڕواى پێکردووە و خۆشەویستییەکى زۆرى هەیە بۆى.
گ . ف