ئینتەر پاشەکشەى لە گواستنەوەى دیبالا ڕاگەیاند

PM:09:45:05/07/2022

716 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینزاگى دووپاتیکردەوە پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ لۆکاکۆ هەیە و مارۆتاش ڕەتیکردەوە گرێبەست لەگەڵ دیبالا بکەن.

لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش دەستپێکردنى ئامادەکاریەکانى وەرزى نوێ، سیمۆنى ئینزاگى ڕاهێنەرى ئینتەر میلان ئاماژەى بەوەکرد، لە ساڵى ڕابردوودا لەگەڵ ڕۆمیلۆ لۆکاکۆى بەلجیکى پەیوەندییەکى نایاب لە نێوانیاندا درووستبووە، بەڵام درێژەى نەکێشاوە، دواى ئەوەى یاریزانەکە پەیوەندى بە یانەى چێڵسى ئینگلیزیەوە کرد.

ئینزاگى دەڵێت "یانەکەم پێیانوتم هەلى گەڕانەوەى لۆکاکۆمان هەیە و پێموابوو ئەمە لێدانێکى گەورەیە، وەک دەزانن هێڵى هێرشبەرى یانەکەمان باشترین بوو لە خولى ئیتاڵیادا، بە باشى پێشوازیم لە گەڕانەوەى لۆکاکۆ کرد".

ئینزاگى باسى لەوەشکرد، هاندانۆڤیچ گۆڵچى سەرەکى یانەکەى دەبێت لە وەرزى داهاتوودا و شایستەى ئەوەیە بەهۆى ئەو ئاستە نایابەى ساڵى ڕابردوو پێشکەشیکرد، بەڵام ئەندریە ئۆنانا هێشتا یاریزانێکى گەنجە و گۆڵچى داهاتووى ئینتەر دەبێت.

لەلایەکى ترەوە، پیپى مارۆتاى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى ئینتەر ئاماژەى بەوەکرد، پاشەکشەیان لە گواستنەوەى پاولۆ دیبالا کردووە و دەشڵێت "دیبالا یەکێکە لەو یاریزانەى کە بەبێ بەرامبەر لەبەردەستدایە، هەلى ئەوەمان هەیە گرێبەستى لەگەڵدا بکەین، بەڵام ئێستا هێڵى هێرشبردنمان باشە".

گ . ف