بۆردۆ هەڕەشەى دابەزاندنى بۆ خولى پلە پێنج لەسەرە

PM:09:06:05/07/2022

716 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەى بۆردۆى فەڕەنسى هەڕەشەى دابەزاندنى هەیە بۆ پلە پێنجى وڵاتەکەى، بەهۆى کێشەى داراییەوە.

یەکێتى تۆپى پێى فەڕەنسا داواى دووبارە تێهەڵچوونەوەى یانەى بۆردۆى ڕەتکردەوە لە بارەى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دابەزاندنى بۆ خولى پلە سێ، کە سەنتەرى نیشتیمانى بۆ کارگێڕى و چاودێرى دارایى تۆپى پێى فەڕەنسا داویەتى.

بۆردۆ لە وەرزى ڕابردوودا بۆ خولى پلە دووى فەڕەنسا دابەزى، دواى بەسەربردنى وەرزێکى کارەساتبار، کە 91 گۆڵى لەسەر تۆمارکرا و بەکۆکردنەوەى 31 خاڵ پلەى 20 و کۆتایى ڕیزبەندى لیگ وەنى بەدەستهێنا.

جیرارد لوپێزى خاوەنى یانەى برۆدۆ لە چەند هەفتەى ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبووە لە دۆزینەوەى چارەسەرێکى دارایى بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى قەرزى یانەکە، کە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ.

ڕۆژنامەى لیکیپى فەڕەنسى بڵاویکردووەتەوە، بۆردۆ هەلێکى ترى لەبەردەستدایە بۆ داواکردنى دووبارە تێهەڵچوونەوە بە بڕیارەکەدا لە بەردەم لیژنەى ئۆڵیمپى وڵاتەکەیدا.

لەلایەکى ترەوە، ڕۆژنامەى مینیتس توێنتى ئاماژەى بەوەکردووە، بۆردۆ لە وەرزى داهاتوودا لە خولى پلە پێنج یارى دەکات، لەبەرئەوەى گۆڕینى خاوەنداریەتى یانەکە مەحاڵە بە لەبەرچاوگرتنى ئەو ماوەیەى کە پێویستە.

گ . ف