وەرزش لە پەراوێزدا

7/21/2019 6:34:56 PM

1276 جار خوێندراوەتەوە

عومەر عەلى
+ -

(وەرزش لە دەرەوە گرنگی‌ پێ دەدرێت، لە کوردستان باسی گرنگییەکەی‌ دەکرێت)

هەر لە سەردەمی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە وەرزش بە ناڕاستەوخۆ بەکارهاتووە، فەلسەفەی‌ ئەوکاتە: بەهێزترین تاک باشترین خواردنی‌ هەیە و پارێزراوترینە. دواتریش لەگەڵ فراژیبوونی‌ مرۆڤدا خراوەتە نێو پێواژۆ(پرۆسە)ی فێرکردنەوە، دەبینین کە پلاتۆن(427-347 پێش زایین)ی لە ئەکادیمۆسەکەی‌ خۆی کە دواتر وشەی‌ ئەکادیمیاشی لێ داتاشرا لەپاڵ بیرکاری‌ و فەلسەفە، جومناستیک وەک وانەیەک بە قوتابییەکان دەدرا، ئەمە جگە لەوەی‌ هەریەک لە فەیلەسووفەکان قسەی‌ خۆیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بەڵام نووسەرانی‌ کورد و شاعیرانیشمان، زۆر بەکەمی هاتوون بەلای‌ وەرزشدا و شتیان لەسەر نووسیوە.
لە ئێستاشدا دەبینین کە گەلانی‌ ڕۆژئاوا گرنگی‌ بە وەرزش دەدەن و چەندین چالاکی‌ جۆراوجۆر ڕێکدەخەن، بەردەوامیش لەهەوڵی‌ برەودانن بە زۆرترین جۆری وەرزش، ئەمە سەرچاوەکەی‌ لە  بیرکردنەوە لە وەرزش دێت، نەک قەتیسکردنی. زانستی‌ پزیشکیی سەردەم بۆ هەندێک نەخۆشی وەرزش لەجیاتی‌ دەرمان دەنووسێت. (تا ئێرە باش هاتین و بارودۆخەکە دڵخۆشکەرە!)
لە کوردستانی‌ خۆشماندا لەبەرئەوەی‌ لاف و گەزافی بەجیهانیبوون لێدەدەین، بەهەمان شێوە باسی گرنگی‌ وەرزش دەکەین، بەڵام کە دێینە سەر جێبەجێکردنی‌ ئەو شتە گرنگە، ناتوانین لەو سانسۆرە کۆنکریتییەی‌ خۆمان بۆ خۆمان داناوە دەربچین، بەشێکی‌ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاکی‌ ئێمە بەهۆی ئەو هەموو ناخۆشییانەی‌ بینیویەتی‌ هەر لە شەڕەکانی‌ ئێران و عێراقەوە بیگرە هەتا شەڕی کورد و حکومەتی‌ ناوەند و براکوژی و...تاد وای‌ کردووە کە نەک هەر نەیپەرژێتە سەر وەرزشکردن وەک پێرفۆرمانس بەڵکو تەنانەت بیری لە وەرزش نەکردۆتەوە وەک زانست، چجای‌ بەرەوپێشبردنی‌، ئەمە جگە لەوەی‌ ڕۆشنبیریی وەرزشی تاکەکانمان لە ئاستێکی‌ زۆرخراپدایە (پێم وابێ نموونەی‌ زۆر لەبەرچاوە) ئەمەش وای‌ کردووە کە وەرزش ببێتە بەشێکی‌ پاسیڤی کۆمەڵگا، تەنانەت ئەوانەشی لە وەرزش دەخوێنن بە کەسانی‌ ناسەرکەوتوو بێنە هەژمار، بێئەوەی‌ لەوە تێبگەین گرنگی‌ هەر بەشێک لەخۆیدایە و ناکرێ هیچ بەشێک جێگای‌ بەشێکی‌ تر پڕ بکاتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی‌ کاتێک کەسێک بێت لە شوێنێکی‌ گشتی‌ یان تەنانەت لە جێگەیەکی‌ دیاریکراویش وەرزشێک ئەنجام بدات بکەوێتە بەر توانج (دەکرێ ئەم بەرەکەتەی‌ کۆمەڵگا زیاتر کچان بگرێتەوە). 
بەردێت لە ئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە خەتای‌ پەروەردەیە، بەڵێ چونکە پەروەردە توانای‌ هەموو شتێکی‌ هەیە، بۆیە هۆکاری‌ ئەمەش دەکرێ وەزارەتی‌ پەروەدە و خوێندنی‌ باڵا و زانکۆکان و بەشەکانی‌ وەرزش بن، کە وایان نەکردووە بەشەکانی‌ وەرزش ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن لەنێو کۆمەڵگا و ئەو تێڕوانینە ناڕۆشنبیرانەی‌ خەڵکی‌ بگۆڕن، لەکاتێکدا کە یەکێکە لە ئامانجەکانیان. کاتێک ئەمان دێن نمرەی‌ وەرگیران لە کۆلێژ و پەیمانگا وەرزشییەکان دەکەنە کەمترین نمرە لەسەر ئاستی‌ کوردستان خەڵکیش ڕۆشنبیرییەکەی‌ ئەوەندە نییە، ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کە ئێستا هەیە.
یان دەبێ بڕیاردان لەسەر بەشێک بە زۆریی و کەمی نمرەکەی‌ نەبێت، کە ئەمە هەیە، نابێ بەشەکانی‌ وەرزش و هونەر ببنە قوربانی‌ ئەم بیرکردنەوەیە. ڕاگەیاندنە وەرزشییەکانمان و ڕاگەیاندنکارە وەرزشییەکانیش وایان نەکردووە کە ڕوویەکی‌ جوانی‌ وەرزش پیشان بدەن، ئەسڵەن هەندێ هەڵسوکەوتی‌ خۆیان ناوەرزشییانەیە و دوورە لە بنەمای لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن. نەبوونی‌ کتێبخانەی‌ زانستیی وەرزشیی کوردییش هۆکارێکی‌ تری پاسیڤبوونی‌ بەشەکانی‌ وەرزشە، چونکە خوێندکاری‌ ئەو بەشانە دوازدە ساڵ بە کوردی خوێندوویانە، لەو بەشانەش سەرچاوەی‌ سەرەکی‌ عەرەبییە بەم شێوەیەش لە ئاستی‌ پێویستدا زانیارییەکانیان پێ ناگات، ئەگەرچی بابەتەکانیش وەرگێڕنە سەر زمانی‌ کوردی، چونکە بابەت و زاراوەکان لەلایەن کەسانێکەوە وەرناگێـڕدرێت کە پسپۆڕییەکەی‌ وەرزش بێت بەڵکو لە پەڕاوگە بازرگانییەکان دەکرێ، هەڵبەتە ئەوانیش گرنگی‌ بەوە نادەن کە کام وشە مانای‌ چییە و کامە گونجاوترە لە بەرامبەری کام وشە دابنرێ.