کارى باش جێگەى دەستخۆشییە

3/10/2019 3:37:31 PM

516 جار خوێندراوەتەوە

گۆران فارس
+ -

من وەک رۆژنامەنوسێکی‌ وەرزشی‌ زۆر کەم دەنوسم و بەلامەوە باشترە زیاتر کاتەکانم لە بڵاوکردنەوەی‌ زانیاریدا لە چوارچێوەی‌ پیشەکەمدا بڵاوبکەمەوە، نەک ڕا و بۆچوونی‌ خۆم لەسەر کار و رووداوە ناوخۆی‌ و جیهانیەکان وەک زانیاری‌ بگەیەنم بە وەرزش دۆستان، هەرچەندە دەربڕینی‌ ڕا و بۆچوون بە خراپ نازانم، بەڵام من رێگەی‌ یەکەمیانم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.

درێژەی‌ پێنادەم و دەمەوێت بچمە سەر بابەتەکەم، کە دەستخۆشیکردنە لە کارێکی‌ باشی‌ دەزگایەکی‌ وەرزشی‌ ئەم هەرێمە، ئەویش یەکێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ کوردستانە، هەرچەندە کاری‌ باش و خزمەتکردن بۆ ئەو یەکێتییە کاری‌ خۆیەتی‌ و دەبێت بیکات، بەڵام لەم هەرێمە بچوکەماندا وای‌ لێ هاتووە کارە باشەکان ئەوەندە کەمن، گەر کران دەبێت باس بکرێن بۆ ئەوەی‌ ببێتە هاندانێک بۆ کاری‌ باشتر.

جیاواز لە یەکێتییە وەرزشیەکانی‌ تر، لەم وەرزەدا یەکێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ کوردستان کاری‌ خۆی‌ بۆ تۆپی‌ پێ کردووە و هەر هیچ نەبێت توانیویەتی‌ چالاکیەکانی‌ لەسەر هەردوو ئاستی‌ لاوان و پێشکەوتوان لە هەر سێ خولی‌ نایابی‌ و پلە یەک و پلە دوودا بەڕێوەببات.

ئەوەی‌ زیاتر هانی‌ منیدا بۆ ئەم دەستخۆشیکردنە، ئەو گرنگیدانەی‌ بەشی‌ راگەیاندنی‌ یەکێتییەکەیە بە چالاکیەکان جیاوازی‌ لە ساڵانی‌ رابردوو، کە لەم وەرزەدا لە ڕێگەی‌ پێگەی‌ فەرمی‌ خۆیەوە لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیسبووک زانیاری‌ لەسەر خولەکانی‌ بە خشتە و گرافیک بڵاودەکاتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ راگەیاندنەکانیش زیاتر گرنگی‌ بە خولەکان بدەن و زانیارییەکان ئاسانتر بگەنە دەست وەرزش دۆستان، ئەمە بێجگە لەوەی‌ راسپاردەکانی‌ کۆبوونەوەی‌ هەفتانەی‌ خۆی‌ لەهەمان پێگەدا بڵاودەکاتەوە.

ئەم دەستخۆشییەی‌ من کەم و کورتیە زۆرەکانی‌ یەکێتییەکە داناپۆشێت، کە بچوکترینیان ئەوەیە تا ئێستا سایتێکی‌ فەرمی‌ چالاکی‌ تایبەت بەخۆی‌ نییە، تا راگەیاندنکاران بۆ گەیشتن بە زانیارییە تایبەتییەکان و هەیکەلی‌ کارگێری‌ و ئەرشیفی‌ و یاساکانی‌ یەکێتییەکە پشتی‌ پێ ببەستن، ئەوە هەر هیچ کە سایتە کۆنەکەی‌ یەکێتییەکە داخراوە.

هیوا ناخوازم بەڵکو دەبێت یەکێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ کوردستان پەرە بەم کارەی‌ بدات، کە دەستی‌ پێکردووە و هیچ شتێک نەبێتە هۆی‌ پاشەکشەپێکردنی‌، خزمەتی‌ زیاتری‌ تۆپی‌ پێ بکات، تا ئەو رادەیەی‌ یەکێتییە وەرزشیەکانی‌ تریش چاوی‌ لێ بکەن.