هاندەران سەرمایەی گەورەن بۆ یانەکانیان

12/24/2018 3:35:16 PM

716 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

هاندەران سەرمایەی گەورەن بۆ یانەکانیان، بەڵام کاتێک هاندانیان لەسەر بنەمای هێمنی و ئارامی و تەبایی بێت

یانەکان وێنەو نەخشەی شارەکەی خۆیان دەبەنە نێو یاریگای شارەکانی ترو لەکاتی کێبڕکێ و لە ڕێگای نیشاندانی ئاستێکی باش و نیشاندانی هەڵسوکەوتی جوان و بەشێوازێکی وەرشکارانە ، ئەم نەخشە جوان نیشاندەدەن و بەپێچەوانەشەوە وێنەی ناشیرین لەهەر لایەکەوە نیشان بدرێت، ئەوا بەرهەمی ئەوتێگەیشتن و ڕۆشنبیریە وەرزشیەیە، کە لەکوردستان هەیە و دونیای دەرەوەی خۆمان وەرزش و وەرزشی کوردستان بەو شێوازە دەبینن.

جێی داخە!! ڕۆشنبیری وەرزشی هەم لەنێو وەرزشکاران و هەم ڕۆشنبیری گشتی لەنێو هاندەران کەمە، ئەگەر بێت و وەرزش تەنها بۆ خۆشی و بەسەربردنی کات و دڵ خۆشکردنی ئەوانی دی و بەدەست هێنانی ئەنجامی باش بە شیوازو ململانێیەکی وەرزشی بێت، شەڕوئاژاوەش کەمتر دەبێت، ئەگەر بردنەوە لە سەرووی دروشمە جوانەکانی وەرزشەوە دابنرێت و هەموو شتە جوانەکان بکرێنە قوربانی سەرکەوتن لەکێبڕکێکاندا، ئەوا حاڵی یاریگاکانی کوردستان هەر بەم شێوازە دەبێتە جێگای ململانێ سەختە ناتەندروستەکان و بەرەو ئەوە دەچین کە تام و چێژ لە خولەکانی کوردستاندا بەکۆتا بگات بەدەست شەڕو ئاژاوەی جەماوەرەوە و ساڵەکانی چاوەڕوانیمان بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێش چوونی وەرزشی کوردستان درێژتر دەبنەوە.

بەداخەوە بەگشتی کارکردن لەسەر ڕۆشنبیری وەرزشی هەر لەدەزگاکانەوە تاوەکو ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسان بەشێوەیەکی گشتی کەمەو، دەتوانم بڵێم، خودی وەرزشکاران کەمترکار لەسەر ڕۆشنبیری وەرزشی دەکەن، ئەگەر ئەوە بۆ وەرزشکاران وابێ، ئەی دەبێت بۆ هاندەرێک چۆن بێت کە تەنها ئارەزووی بردنەوەی تیپ و یانەکەی دەکات، کە لەکاتێکدا تیپ و یاریزانەکان تەنهاپێویستیان بە هاندانی جەماوەرەکەیانە نەوەک شێواندن و لەبار بردنی هێمنی یاریگاو شڵەژانی کەشە وەرزشیەکە.

هێشتا  لەکوردستان بیرکردنەوەی بەشێک لەهاندەران  نەگەیشتووە بەو هەڵوێستەی، کە میوانداریەکی جوانی تیپی دەرەوە پێویستی سەرەکی و ئەرکی سەرشانیانەو ئەو ڕێزو خۆشەویستی وهەڵوێستە جوانەی، کە بەرامبەر تیپی شارەکەی خۆیان هەیانە، لانی کەم پێویستە تیپی میوان سەرسام بێت بە هەڵسوکەوتی جوانی هاندەران و میوانداریەکی جوان و هاندانێک بەگیانێکی بەرزو ئاشتیانە پێشکەش بە یانەکەی خۆیان بکەن ، نەوەک شەڕو ئاژاوەو هەڵسوکەوتی دوور لە گیانی وەرزشی پێشکەش بەتیپی میوان بکەن .

ڕەنگە زیادکردنی ئاسایش و پۆلیسیش بۆ یاریگاکان  هۆکار بن بۆ کەمکردنەوەی شەڕو ئاژاوەی هاندەران و جەماوەر، بەڵام لەڕاستیدا  بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە کارکردنە لەسەر ڕۆشنبیری وەرزشی و وابکرێت هاندەران خۆیان هەستی ئەوەیان لادرووست بێت ئاسایشی یاریگاکان بپارێزن، چونکە لافاوی هاندەران ئەگەر خواستی تێکدان و شڵەژانیان هەبێت ئەستەم دەبێت ڕێگریان لێ بکرێت، ئەگەر ئارەزووی تێکدان و هێرشکردنەسەر تیپی بەرامبەر بەسەر بەها جوانەکاندا زاڵ بێت.