به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن له‌ زۆرشت تێده‌گه‌ن

12/28/2016 10:26:00 AM

631 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌سعه‌د ئیسماعیل
+ -

 

نهێنی و كۆدی خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو هانده‌ره‌ له‌ خوله‌كانی پله‌یه‌ك و پله‌دووی كوردستان، كه‌ره‌سته‌یه‌كی میدیایی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هێشتا راگه‌یاندكارانی كورد به‌دوادچوونی جدییان بۆ نه‌كردووه‌. میدیاكارانی وه‌رزشی نه‌هاتوون ئه‌م پرسیاره‌ بوروژێنن كه‌ بۆچی تادێت هانده‌رانی یانه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان له‌ خولی نایابی عێراق و كوردستان به‌ره‌و تۆران و یاخیبوون ده‌چن؟ له‌ به‌رامبه‌ردا یارییه‌كانی خولی پله‌یه‌ك و پله‌دووی كوردستانیش جمه‌ی دێت له‌ هانده‌ران. پێش ئه‌وه‌ی وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌ بده‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێت ئاوڕ له‌و یانانه‌ بده‌مه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی زۆر، حكوومه‌ت و حیزب و داهاتی پارێزگا و گومرگه‌كانیش خرابووه‌ خزمه‌تیان، دوای چه‌ندان ساڵ ئیداره‌دان و سه‌رۆكایه‌تی كه‌چی ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ده‌ستی به‌تاڵ لێی ده‌رده‌چن، خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد و بوونه‌ خاوه‌ن ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و ڤیلا و مه‌زره‌عه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا وێرانه‌یه‌كیشیان بۆ یاریزانان و هانده‌رانیان ‌جێهێشت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش هێشتا بۆ پاره‌ ده‌نوزێنه‌وه‌.

ـ با له‌ یانه‌ی سلێمانی ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ ده‌رفه‌تی رسته‌یه‌كی ساده‌شی نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی بناغه‌ی یانه‌كه‌ی پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌ڵته‌كاند، چونكه‌ یانه‌كه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ عه‌قڵی وه‌رزشی به‌ڕێوه‌ بچێت، كه‌چی به‌ عه‌قڵی حیزبی و سه‌ربازی و به‌ هه‌مان سیناریۆی رێكخستنه‌كانی مه‌كۆ، لق و ناوچه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌كان ئیداره‌ ده‌درا، ئه‌مه‌ش نه‌ك سڕینه‌وه‌ی یانه‌كه‌ی له‌ خولی عێراق لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌شێوه‌یه‌ك تێكشكا ته‌نانه‌ت له‌ خوله‌ نێوخۆییه‌كانی كوردستانیش خۆی نه‌گرته‌وه‌.

ـ یانه‌ی دهۆكیش تادێت به‌ره‌و بچووكبوونه‌وه‌ ده‌چێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی هاوشاری نه‌خۆش كه‌وته،‌ خه‌ریكه‌ ململانێی مانه‌وه‌شیان له‌ خولی نایابی كوردستانیش پێ نه‌كرێت.

ـ یانه‌ی زاخۆش له‌ نێو یاریگه‌ رازاوه‌كه‌ی خۆی رازیبوونی هانده‌رانی له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی جارانی لێ ناكرێت، چونكه‌ یانه‌كه‌ له‌ رووی ئیداره‌دان و به‌شداریكردن له‌ خوله‌كان شكستی گه‌وره‌ی هێناوه‌، له‌ كۆتایی هه‌ر وه‌رزێكیش به‌ده‌ستی به‌تاڵ و له‌ده‌ستدانی سامانێكی زۆر لێی ده‌رده‌چێت.

ـ یانه‌ی هه‌ولێریش هه‌رچی بكات، ناتوانێت به‌ گه‌وره‌كردنی كێشه‌ی ئاژاوه‌گێرانی یاریگه‌ی نه‌جه‌ف، خۆی له‌م حه‌قیقه‌ته‌ بدزێته‌وه‌ كه‌ له‌ پاشه‌كشێ و داكشانێكی گه‌وره‌دا گیری خواردووه‌ و ده‌خولێته‌وه‌‌، هانده‌رانیش ده‌ستیان له‌ یانه‌كه‌یان له‌ خولی عێراق و ئاسیا شووشتووه‌ و، چاك ده‌زانن كه‌ یانه‌كه‌ی پایته‌خت له‌ رابردوو شتێكیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستادا بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن، چونكه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ ڕاهاتووه‌ كه‌ به‌ زه‌بری پاره‌ و قووتی ئه‌م میلله‌ته‌ نه‌بێت ناتوانێت جارێكی دیكه‌ ململانێی نازناوه‌كان بكاته‌وه‌. هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ یانه‌ گه‌وره‌كان په‌یڕه‌ویان كرد، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی تۆرانی هانده‌ران و چۆلی یاریگه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه، هانده‌ران چیتر به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرن، كه‌ بێنه‌ یاریگه و‌ خه‌م له‌ ئه‌نجامه‌كان بخۆن و له‌ولاشه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یانه‌كان به‌ جلوبه‌رگی پۆشته‌ و ئۆتۆمبێلی په‌ترۆڵ و پۆرش و فۆرد له‌ ته‌نیشتییانه‌وه‌ تێپه‌ڕن. ئێستا وڵامی پرسیاره‌كه‌مان ده‌ستكه‌وت، تێگه‌یشتین له‌وه‌ی نهێنی خڕبوونه‌وه‌ و گه‌ڕموگۆڕی هانده‌رانی خولی پله‌یه‌ك و پله‌دووی كوردستان ده‌كرێ له‌م رسته‌ ساده‌یه‌ كورت بكه‌ینه‌وه‌: له‌ یانه‌كانی قه‌زا و ناحییه‌كان جۆرێك له‌خۆبه‌خشی و ئینتیما هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یانه‌یه‌كی وه‌ك سه‌یدسادق به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، بارودۆخی گیرفانی هه‌موویان به‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یاریزانه‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ یاریزانان و هانده‌رانیشه‌وه‌ له‌یه‌كتر نزیكه‌، هه‌مان بۆچوونیش بۆ یانه‌كانی كفری، به‌رده‌ڕه‌ش و دووكانیش دروسته‌، له‌م یانانه‌ هه‌ست به‌ نادادپه‌روه‌ری و مافخواردنی یاریزانان ناكرێت و هه‌موویان خۆیان به‌ خاوه‌نی یانه‌كه‌ ده‌زانن، یانه‌كه‌ به ‌ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان به‌رپرسێكی باڵا تاپۆ نه‌كراوه‌، بارودۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی جیاوازه‌ له‌و لاف و گه‌زاڤه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌و یانانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌م ئاماژه‌م پێكردن كه‌ تێیدا حاڵی گیرفانی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یانه‌كانی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان و هانده‌ران ئاسمان و رێسمان جیاوازه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ستی ئینتیمای لای یاریزانان و هانده‌ران په‌كخستووه، دڵنیام هه‌ر رۆژێكیش كه‌ سه‌رۆكی یانه‌یه‌كی وه‌ك سه‌یدسادق به‌ ئۆتۆمبێلێكی گرانبه‌ها به‌ ته‌نیشت هانده‌ران تێپه‌ڕێت و له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری یاریزانه‌كان بكات، بایكۆتكردنی هانده‌ران و رۆژه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌وانیش ده‌ستپێده‌كات.